سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، هەیسەم ئەلجبوری ئاشکرا دەکات " دابەزاندنی نرخی دینار بەرانبەر دۆلار بەرەزامەندی سەرجەم کوتلە و سەرکردە سیاسییەکان و سێ سەرۆکایەتییەکە بووە".
لەمبارەیەوە هەیسەم ئەلجبوری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی عێراقییە رایگەیاند: " لەکۆبوونەوەیەکدا بەبەشداری سەرجەم کوتلە سیاسییەکان و سەرکردەکان و سێ سەرۆکایەتییەکە بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار پەسەندکراوە و سەرجەم بەشداربووان رەزامەند بوون".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردووە:"سەرجەم سەرکردە سیاسییەکان بە کازمیان وتووە بڕیارەکە بدە و ئێمە لەپشتت دەبین" ،جبوری پێیوایە، ئەو موزایەدانەی ئێستا دەکرێت بۆ ئیحراجکردنی حکومەتەکەی کازمییە.
شایەنی باسە لە رۆژی 20-12-2020 بانکی ناوەندی بە پاڵپشتی حکومەتی کازمی بڕیاری دابەزاندنی نرخی دیناری بەرامبەر دۆلار دەرکرد کە هەر ١٠٠ دۆلار نرخەکەی ببێتە ١٤٥ هەزار دینار.