ڕێكخراوی یونسێف ڕایدەگەیەنێت: دوای ساڵێك لە سەرهەڵدانی كۆرۆنا هێشتا 800 ملیۆن منداڵ لە سەرانسەری جیهان لە خوێندن بێبەشن و نەچوونەتەوە هۆڵەكانی خوێندن.
ڕۆبەرت جینكینز، سەرۆكی پەروەردە لە ئاژانسی "یونسێف" ڕایگەیاندوە: بەهۆی سەرهەڵدانی پەتای كۆڕۆناوە ڕایگەیاندوە لە 90 وڵاتی جیهان خوێندنگەكان داخراون یاخود بە شێوەی ئۆنلاین و دوور لە هۆڵەكان وانە پێشكەش دەكەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە: لە لوتكەی بڵاوبوونەوەی پەتاكەدا 1 ملیار و 600 ملیۆن كەس لە چوونە خوێندنگەكان بێبەش بوون، ئێستاش كە زیاتر لە ساڵێك تێپەڕیوە بەسەر بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، 800 ملیۆن منداڵ لە هەمان كێشەدان و نەیانتوانیوە بچنەوە سەر خوێندن بەو شێوەیەی كە پێویستە.
بەپێی دواین ئامارەكان ژمارەی تووشبون بە كۆڕۆنا لە جیهان 132 ملیۆن و 608 هەزارو 848 كەس بووە، لەئێستاشدا شەپۆلی نویی كۆڕۆنا لە جیهان هۆكارێكی تری دریژەدان بووە بە داخستنی ناوەندەكانی خوێندن.