لە ناوچەیەکی هەرێم وشکەساڵی رادەگەیەندرێت
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

لە ناوچەیەکی هەرێم وشکەساڵی رادەگەیەندرێت

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی وشكەساڵی و نەبارینی رێژەی پێویستی باران، لە سنوری گەرمیان ١٦٨ هەزار دۆنم زەویی چێنراو بە دانەوێڵە مەترسیی فەوتانی لەسەرە، دەشڵێت، لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ ڕاگەیاندنی وشكەساڵی و هەفتەی داهاتووش بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ‌ وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆدەبنەوە.

له‌مباره‌یه‌وه‌  شادیە حسێن بەڕێوەبەری كشتوكاڵی گەرمیان رایگەیاندووە: بەهۆی كەمی و نەبارینی رێژەی بارانی پێوست لەمساڵدا، بەروبوومی دانەویڵەی گەرمیان مەترسی فەوتانی لەسەرە و ئەو دۆخەی كە ئێستا دروست بووە "١٣" ساڵیش دەبێت بێبارانی بەم شێوەیە رووی لە ناوچەكەمان نەكردووە، بە شێوەیەك %٩٠ی بەرهەمی جوتیاران زیانی بەركەوتووە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌: ئەوەی ئێستا مەترسیی لەسەرە، تەنها بەرهەمی دانەوێڵە نییە لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، بەڵكو "كەمبارانی" كێشەی گەورەی بۆ خاوەن ئاژەڵەكان دروستكردووە لەبەر نەبوونی لەوەڕی پێوست بۆ ئاژەڵەكان، دەشڵێت، مەترسیی گەورە لەسەر كەمبوونەوەی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی دروست بووە، بۆیە ئەو دۆخەی پێیدا تێدەپەڕن، هەم زیان بە كشتوكاڵ‌ و داری سروشتی و باخەكان دەگەیەنێت و هەم بە ئاژەڵداری، هەروەها واش دەكات رێژەی ئاوی ژێرزەوی و كانیاو و كارێزی گوندەكانیش دابەزێت ‌و تەنانەت لە هاویندا وشكیش بكات.

ئه‌وه‌شی خستۆته‌روو: بۆ كەمكردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو زیانەی كە بە هۆی كەمبارانی رووی داوە، راپۆرتێكیان پێشكەش بە ئیدارەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی گەرمیان و وەزارەتی كشتوكاڵ كردووە و داوایان كردووە بەپەلە بودجەیەك تەرخان بكرێت لە ئەگەری وشكەساڵی و اگەیاندنیدا بۆ دابینكردنی ئالیك و بنەتۆو بۆ وەرزی چاندن.

ناوبراو بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی وتوه‌: "دەبێت پلانی درێژخایەن بۆ سنوری گەرمیان دابنرێت، چونكە بەداخەوە بەپێی پێشبینییەكان، بە هۆی ئەو گوڕانكارییانەی بەسەر كەشوهەوادا هاتووە، گەرمیان ساڵانی داهاتووشی زۆر باش نابێت، بۆ ئەمەش دەبێت ئیدارەیەكی باشی ئاوی سیروان بدرێت، كە بەداخەوە ئێستا كارگەیەكی زۆری چەو و لمی سنوورەكەی لەسەرە و بەدەر لەوەش، لە دیوی ئێرانەوە بەنداوی زۆری لەسەر كراوە، جگە لەمانەش ئەگەر پڕۆژەی بەنداوی بەردەسوور و باوەنوور لە كاتی خۆیدا تەواو بكرانایە و رانەگیرابان، ئێستا گرفتی ئەم كەمبارانییە بێگومان كەمتر دەبوو لە ناوچەكە".

پێشتریش حسێن حەمەکەریم وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە هۆى کەمى رێژەى باران بارینەوە ئەمساڵ پێشبینى وشکەساڵى دەکرێت، بۆ بەرەنگاربوونەوەى وشکەساڵیش وەزارەت چەند پێشنیازێک دەداتە ئەنجومەنى وەزیران.

هه‌واڵی گرنگ