ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا پشتگیری لە جێبەجێکردنی بڕیاری کەرەنتینەی تەواو لە سەرجەم ناوچەکانی ئەو وڵاتەدا دەکات.
بەپێی میدیاکانی ئەڵمانیا، لەگەڵ بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەنگێلا مێرکڵ پشتگیری لە پێشنیازێک دەکات بەمەبەستی راگەیاندنی کەرەنتینەی تەواو بەشێوەیەکی کاتیی لەسەرجەم ناوچەکانی ئەڵمانیادا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی تەندروستیش، توندکردنەوەی رێکارەکانی تەندروستی، باشترین رێگەیە بۆ کەمبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەڵمانیا.
میدیاکانی ئەڵمانیا باسیان لەوەشکردووە، پارتی دەسەڵاتدار لە ئەڵمانیا داوای کۆبوونەوەی نێوان ئەنگێلا مێرکڵ و سەرۆکی ھەرێمەکانی ئەڵمانیای کردووە، بەمەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی نوێ بۆ رێگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا.