ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی ئاشكرایدەكات، (ئەبو ئیبراهیم قوڕەیشی) سەركردەی ئێستای گروپە چەكدارەكانی داعش كە لە دوای (ئەبوبەكر بەغدادی) دەسەڵاتی ڕێكخراوەكەی گرتە دەست، لەو كاتەی زیندانی بووە لە عێراق، سیخوڕی ئەمریكییەكان بووە.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی لە ڕاپۆرتێكیدا بڵاویكردۆتەوە، دەستگیركراوی عێراقی (M060108-01) كە (ئەبو ئیبراهیم قوڕەیشی) بووە، بەندكراوێكی نموونەیی بووەو هاوكار بووە لەگەڵ كاربەدەستانی بەندیخانەكەی كە ئەمریكییەكان بوون، تەنانەت هەموو هەوڵێكی داوە بۆ ئەوەی سودبەخش بێت، بەتایبەتی كاتێك كە داوای لێدەكەن زانیاری لەسەر هاورێ زیندانییەكانی لە ڕێكخراوەكەی بدات، كە ئەو كاتە بە (دەوڵەتی ئیسلامی عێراق) ناسرابوو.
ڕۆژنامەكە باسی لەوەشكردووە، قوڕەیشی لەساڵی (2008) دوای چەندین ڕۆژ لێپرسینەوە لێی ڕێنمایی وردی دەربارەی چۆنێتی دۆزینەوەی بارەگا نهێنیەكانی ڕاگەیاندنی ڕێكخراوەكەی داوە بە ئەمریكییەكان، تەنانەت وردەكاری زۆری داوە وەك ڕەنگی دەرگای بارەگاكانیش.
ڕونیشكراوەتەوە، تەنانەت كاتێك پرسیاری سەركردەی دووەمی ڕێكخراوەكەی لێكراوە كە كەسێكی سویدی بە ڕەچەڵەك مەغریبی بووە بەناوی (ئەبو قسورە)، قوڕەیسی نەخشەی شوێنی كۆبوونەوەكانی و شوێنی نیشتەجێبوونی داوە، كە بووە هۆی ئەوەی سوپای ئەمریكا دوای چەند هەفتەیەك لەو زانیاریانە لە بۆردومانێكدا لە شار موسڵ بیكوژن.
واشنتۆن پۆست لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكەیدا ئەوەی ئاشكرا كردووە، بەپێی بەڵگەنامە نهێنیەكانی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، قوڕەیشی سیخوڕێكی بە بەرهەم بووەو دەیان وردەكاری پێشكەش كردووە كە زۆر بەنرخ بوون و هاوكاربوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گروپانەی كە ئێستا خۆی سەركردەیانە.
لای خۆشیەوە (كریستۆڤەر مایەر) یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ پرۆسە تایبەتەكان وتویەتی، ناوی ڕاستەقینەی قوڕەیشی (موحەمەد سەعید عەبدولڕەحمان مولا) یە، كاری زۆری كردووە بۆ ڕزگاركردنی خۆی، هەروەها لیستێكی درێژی هەیە لە دژایەتیكردنی بیانیەكانی ناو داعش.
قوڕەیشی بە ڕەگەز عێراقییەو ئەو كاتەی بەندكراوە لەساڵی (2007) بۆ سەرەتای (2008) تەمەنی (31) ساڵ بووە، دەیان جار لێپرسینەوەی لەگەڵدا كراوە لەلایەن بەرپرسانی سەربازی ئەمریكی، تۆماری وەستانی لێكۆڵینەوە لێی مانگی (7) ی (2008) ە، بەڵام كاتی ئازادكردنی دیار نییە.