قوباد تاڵەبانی زەوی دابەش دەكات و شارەوانی ناڕازییە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

قوباد تاڵەبانی زەوی دابەش دەكات و شارەوانی ناڕازییە

 

 

دوای بڕیاردان بە دابەشكردنی زیاتر لە پێنج هەزار پارچە زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراواندا لەلایەن (قوباد تاڵەبانی) یەوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند، بەكارهێنانی زەوی گشتی لە پێناوی مەرامی سیاسی و دابەشكردنی بەسەر دۆست و لایەنگران و دروستكردنی ئەمری واقیعێك بە دوور لە بنەمای یاسایی یاساشكێنییەو هەركەسێك بیكات لێكەوتەی سیاسی بەدوادا دێت.

لە ڕوونكردنەوەیەكدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ڕایگەیاند، چەند ڕۆژێكە هەواڵێك لە دامودەزگاكانی ڕاگەیاندن، سەبارەت بە دابەشكردنی زەوی لە چەند ناوچەیەكی كوردستان بڵاو دەكرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، توێژەكانی كوردستان ئەوانەی بەپێی یاساو ڕێنماییەكان مافی وەرگرتنی زەویان هەیە لە هەموو پارێزگاكانی كوردستان، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو مافەیان لەبەرچاو دەگرێت و لەكاتی هەبوونی ژمارەی زەوی پێویست كە بەپێی پلان بۆ نیشتەجێكردن ئامادە دەكرێت، بەسەر سەرجەم توێژەكان دابەش دەكرێت، نەوەك بە جیاوازی و لە چەند شوێنێكی دیاریكراوو بەكارهێنانی زەوی گشتی لە پێناوی مەرامی سیاسی و دابەشكردنی بەسەر دۆست و لایەنگران و دروستكردنی ئەمری واقیعێك بە دوور لە بنەمای یاسایی.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، ڕەفتاركردن و دابەشكردنی زەوی دەبێت بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بێت، بۆ هەموو خەڵكە موستەحەق و شیاوەكان بێت، بەپێی بڕیارو ڕێكارو بنچینە یاساییەكان بێت.

باسی لەوەشكردووە، ڕەفتاركردن و دابەشكردن و مامەڵەكردن لەگەڵ زەوی و زاری حكومەت و موڵكی گشتی، لەناو سنووری شارەوانییەكان، بەبێ ڕەزامەندی فەرمی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، هەر لایەن و فەرمانگەو كەسێك بیكات، ئەوا یاساشكێنیەو لێكەوتەی یاسایی بەدوادادێت.

جەختیشیكردۆتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە هەموو شێوەیەك كاری نایاسایی ڕەفتاركردن لەگەڵ دابەشكردنی زەوی بە شێوەی هەوایی و كارت ڕاگرتووەو كاری پێ ناكرێت، پێچەوانەی ئەوە هیچ بەهایەكی یاسایی نابێت.

ڕوونیشیكردۆتەوە، موڵكی گشتی و زەوی و زار، موڵكی هەموو خەڵكی كوردستان و نەوەكانی داهاتوومانەو ڕێگەنادرێت كە بە نایاسایی بەكاربهێندرێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە، میدیای فەرمی یەكێتی بڵاویكردەوە، بەپێی فەرمانی ژمارە (869) كە رۆژی (12/2/2018) بە واژۆی (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرچووە بڕیاردراوە بە تەرخانكردنی پارچەی زەوی نیشتەجێبوون لەسنووری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان كەخۆی لە (5069) دەبینێتەوەو بڕیاریشە (958) پارچەی لە كەلار دابەشبكرێت.

 

هه‌واڵی گرنگ