كاردانەوەكان لەسەر دابەشكردنی زەوی لەهەرێم بەشێوەی نایاسایی بەردەوامە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

كاردانەوەكان لەسەر دابەشكردنی زەوی لەهەرێم بەشێوەی نایاسایی بەردەوامە


سێ ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنن: سەرەڕای ئەوەی پشتیوانی دەكەن لەتەرخانكردنی زەوی بۆ كەسوكاری شەھید و ئەنفال، بەڵام ئەو "تاڵانیە"ی لەم سێ ساڵەدا بەزەوییەوە كراوە، بێ وێنەبوە لە مێژودا و ھیچی بۆ خەڵكی ھەژارو كەسوكاری شەھیدان و ئەنفال و فەرمانبەری شایستە نەبوە.


عەلی حەمە ساڵح و دابان محەمەد و شیرین ئەمین ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لەراگەیاندنێكی هاوبەشدا بڵاویانكردەوە: وەزارەتی شارەوانی ئێستا بۆ دابەشكردنی ئەم زەویانە بەدەنگ ھاتوە، بەڵام ھەڵوێست و ڕێگری نیە لە داگیركردنی ھەزاران دۆنم زەوی، سەرۆكایەتی حكومەتیش بێدەنگ بون لەم داگیركاریە، بۆیە ئێستا كە دەڵێن: زەوی تەرخاندەكرێت بۆ كەسوكاری شەھیدان و ئەنفالكراوان بەپێی یاسا و شایستەیی، كارێكی باشە و پشتیوانین، بەڵام بەداخەوە لە پشت ئەمەوە تەماحێكی گەورە ھەیە.

ئەوەشیان خستەڕوو: ئەو شوێنانەی دابەش دەكرێن "بەشێكی بەناو شوێنی بازرگانی كە بەھاكەی زیاتر لە 100000000 (سەد) ملیۆن دۆلار داگیربكرێت! وەك چۆن بەرپرسان ھەزاران دۆنم زەویان تاڵانكرد و مەتر مەتر دەیفرۆشن یان دەیكەنە مەخزەن و ھەریەكەی دەدەن بە 500000 (پێنج سەد) ھەزار دۆلار و بەرەوژور و بەناوی ئێوەوە (قوباد تاڵەبانی)، بەرپرسانی یەكێتی پلان و نیەتی دیكەیان ھەیە بۆ ئەم زەویانەی بڕیارە بدرێتە كەس و كاری شەھیدان و ئەنفالكراوان، بۆ نمونە 958 (نۆسەد و پەنجاو هەشت) پارچە زەوی بەناوی كەسوكاری شەھیدان و ئەنفال و زیندانی سیاسی دابەشدەكرێت، بەڵام داوای تەرخانكردنی 613 دۆنم زەویدەكرێت، بەشی پێشەوەی ئەم زەوییە بازرگانیە و بەھاكەی زیاتر لە 100000000 (سەد) ملیۆن دۆلارە، لە ئێستاوە سەرقاڵی ئەوەن چی بۆ كێ بێت، داواكارین ئەم زەویە بازرگانیە، بە كێبركێی ئاشكرا بفرۆشرێت و ئەو پارەیەش بكرێتە خزمەتگوزاری بۆ گەرمیان، بە زەوی گەرمیان چەند كەسێك كرا بە ملیۆنێر، ھیوادارین كەس و كاری ئەنفال و شەھیدان جارێكی تر نەكرێنەوە قوربانی و سوتەمەنی ململانێ، یان موزایەدە بۆ پەردەپۆشكردنی چەندین گەندەڵی گەورە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: لەماوەی دو ساڵی ڕابردودا بەبێ تاپۆ و ھیچ ڕێوشوێنێكی فەرمی و یاسایی، نزیكەی 8000 (هەشت) ھەزار دۆنم زەویی سلێمانی "بە گەندەڵی مەتر مەتر كراو فرۆشرا، تەنانەت شوێنی پارك و باخچەی منداڵانیش فرۆشرا، لە كاتی ھاتنی بەڕێزت (قوباد تاڵەبانی) بۆ پەرلەمان باسكرا و وترا لێكۆڵینەوە دەكەین، بەڵام ئەنجامی نەبو، بۆیە ئێمە جگە لە ئەنجومەنی وەزیران، وردەكاری ئەم دۆسێیە ڕەوانەی دادگا دەكەین و ئایا ڕەوایە بەرپرسێك بەنایاسایی و بەبێ ھیچ ڕەزامەندیەك 22000 (بیست و دو هەزار) پارچە زەوی دابەشبكات و بە زیاتر لە 320000000 (سێ سەد و بیست) ملیۆن دۆلار بیفرۆشێت؟ ئافرەت ھەبێ 100 پارچەی بەناو بكرێ؟ 32000 (سی و دو) ھەزار مەتر زەویی بدرێت بە دو كەس كە بەھاكەی 25000000 (بیست و پێنج) ملیۆن دۆلارە، بێ ئەوەی ھیچ سەرمایەیەكیان ھەبێت؟ بەڵام فەرمانبەرێك 10 ساڵە فەرمانی پێدانی زەویی ھەبێت، پارچەیەك زەوی پێنەدرێت؟.

جێگەی باسە، دوێنێ پێنجشەممە لەسەر بڕیاری جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە قەزای كەلار زەوی نیشتەجێبون بەسەر 956 (نۆ سەد و پەنجاو شەش) كەس لە راگیراوانی ئەنفال و زیندانیانی سیاسی دابەشكرا و 427 (چوار سەد و بیست و حەوت) پارچە زەویش لەسنوری ئیدارەی گەرمیان تاپۆكران، كە پێشوتر وەك زەوی كارت مامەڵەیان بۆ كراوە.

 

 

هه‌واڵی گرنگ