بڕیاردەری لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكی كردن لە مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی هەرێمی كوردستان زانیاری لەسەر سزادراوانی بادینان ئاشكرا دەكات و ڕاشیدەگەیەنێت: چوار كەس تووشی كۆرۆنا ببوون لە شوێنی زیندانی چالاكوان و ڕۆژنامەوانەكانی بادینان.
بەدریە ئیسماعیل بریاردەری لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكی كردن لە مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەربارەی سەردانی كردنی لیژنەكەیان بۆ لای پێنج چالاكووان و ڕۆژنامەنووسەكانی بادینان وتی:" بەداخەوە نەدەبوو بەهیچ شێوەیەك ئەندامی پەرلەمان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ڕێگری لێبكرێت بۆ هیچ دامودەزگایەكی حكومی وە بۆ هیچ دەستگیركراوێك لەهەرشوێنێكدا دەستگیركرابێت نەدەبوو ڕێ بگرێت بەداخەوە ڕێمان لێگیرا دوای چەند نوسراوێك پاشان دوای 27 ڕۆژ وەڵامدراینەوە و كارئاسانیمان بۆكراو ڕەزامەندیمان بۆ كرا تەنها پێنج لەو سزادراوانە ببینین، كاتێك ئێمە بینیمان بەیەك پاكێج كۆمەڵێك پرسیارمان ئاراستە كردن لەنزیكەوە یەك بەیەكیانمان هەمووی دوواندووە، پرسیارەكانی ئێمە لەسەر بارودۆخی ناو زیندان؟ لەسەر تەندروستیان؟ لەسەر بەرتەسكی شوێنەكەیان؟ لەسەرئەوەی ئایا ڕۆژانە پزیشك دەیانبینێت؟ وە پرسیارمانكرد لەسەرئەوەی ئایا پارێزەریان هەبووە؟ یان پارێزەریان بینیووە؟ وە ئایا لە ژووری تاكەكەسیدا بوون؟ ئایا مانیانگرتووە لەخواردن؟ ئایا ئەو لێكۆڵینەوانەی كەلەگەڵیاندا كراوە پارێزەر ئامادە بووە؟ ئایا ڕازین بەو حوكمەی كەدراون یان بەو تاوانانەی خراونەتە پاڵیان؟ ئایا تەلەفون هەیە لەنێوان كەسوكاریاندا؟ هەروەها ئایا كەسوكارییان دەبینن؟ ئەم كۆمەڵە پرسیارانەمان ئاراستە كردن بەیەك پاكێج هەر پێنجیانمان بینین بەجیا بەجیا.
باسی دۆخی ئەو زیندانیانەی لەزاری خۆیانەوە كرد و وتی:" سەبارەت بەتەندروستیان بەداخەوە تەندروستیان ئەوانەی لەهۆڵەكەدا بۆنموونە هەر هۆڵی 135 كەسی تێدایە، من وتەی خۆیان دەگوازمەوە، وتەی خۆیان لەسزادراوان دەڵێت لەژوورەكەمان زۆربەمان توشی هەستیاری پێست و سوربوونەوە و دروستبوونی زیپكە بووین هەتا یەكێك لەوانە دەستەواژەی گەڕیی بەكارهێنا (لەگەڵ ڕێزی تەواوم ) بەڵام خۆی ئەو دەستەواژەیەی بەكارهێنا لەبەرئەوەی لەژوورەكەدا پاڵەپەستۆ و لۆدێكی زۆر هەیە دەڵێت لەكاتی خەوتندا بەیەكەوە كەپس دەبیین تەنها چوار بست مەسافەی ئیسراحەت و حەوانەوەمان هەیە، لەژوورەكەدا پاڵەپەستۆ و گازی پیس بوون و دووەم ئۆكسیدی كاربۆن زۆرە لەكاتێكدا ئێمە دەبیینن ڕێگری لە كەسوكارمان دەكرێت لەبەر مەترسی ڤایڕەسی كۆرۆنا بەڵام ئێمە موعەرەزترین بەوەی ئەو پاڵەپەستۆ و لۆدە زۆرە لەسەر هۆڵەكاندا هەیە كەبەپێی ستانداردی جیهانی نابێت لە 30-35 كەس زیاتری تێدا بێت بەداخەوە ئەوان 135 كەسن.
بەدرییە ئیسماعیل لەسەر دۆخی زیندانییەكان زیاتر دواو بۆ دەنگی ئەمریكا وتی:" یەكێك لەزیندانییەكان لەسەر بینینی پزیشك پێی وتین هەفتەی جارێك دەمانبینن و هەندێك پێداویستی سەرەتایی هەیە بۆماندەكەن بەڵام من ئێستا بۆ ئەم هەستیاری و سووربوونەوەیەم پێویستم بەمەلحەمێكە دەستم نەكەوتووە، هەروەها چارەسەری درێژخایەنمان هەیە هەندێكمان نەخۆشی درێژخایەنی هەیە بۆیان نەهێناوین و ڕەتیانكردۆتەوە و ڕێگەیان نەداوە بۆمان بهێنن، یەكێك لەنەخۆشەكان نەشتەرگەری پێویست بووە و نەشتەرگەری جوزئی كەدەبووایە لەنەخۆشخانەی دەرەوە بكرێت بەڵام ڕێگە پێنەدراوە، لەسەر بینینی پارێزەر ،پارێزەرییان تائێستا نەبینیووە، وە كەسوكاریان نەبینیووە و تەلەفون بۆنموونە دەڕۆژ بیست ڕۆژ یا مانگی جارێك بەریاندەكەوێت بۆ چەند خولەكێك."
بڕیاردەری لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكی كردن لەمافی مرۆڤ لەپەرلەمانی هەرێمی كوردستان باسی لەداواكاری زیندانییەكان كرد و وتی:" بێگومان ئێمە بەوردەكاریی گوێبیستی ئەوان بووین ئەوانە بێزارن بۆنموونە كەسی ڕۆژنامەنوس و بەتوانان و عادەتەن كەسی ڕۆژنامەنووس چالاكە لەبواری خوێندنە و لەبواری نوسیین، داوای ئەوان بۆ دەرەوە یەكەم شت ئەوەیە كەداوای ئەوان بگەیەنین بەنەتەوە یەكگرتووەكان و بیگەیەنیین بەلایەنی پەیوەندیدار وەكو لیژنەی مافی مرۆڤ ، وەكو دەستەی مافی مرۆڤ وەكو پەرلەمان هەڵوێستمان هەبێت داواكاری ئەوان بگەیەنیین بەدەرەوە كەپێداچوونەوە بەحوكمەكەیاندا بكەن بەگشتی داوای تەمییزی حوكمەكەیان دەكرد هەروەها داوای بینینی كەسوكاریان دەكەن، وە داوای بینینی پارێزەر دەكەن، وە داوای ئەوە دەكەن بۆنموونە پەڕتووك و پێنووس هەبێت."
ئاماژەی بەوەشكرد:" ئێمە هەموو شتەكانمان كۆنوسكردووە كردوومانە یاداشتێك، هەموو داواكاری و پێداویستیەكان و گرفتەكانیان لە یاداشتێكدا بەرزمانكردۆتەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، لەسەرۆكایەتی پەرلەمانەوە ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار بێت، ئێمە لەسەر خەتدەبین، هەنگاوەكانی تریشمان هەرچی ڕێكاری مەدەنی و یاسایی هەبێت وەكو لیژنەكەمان دەیگرینەبەر نەك هەر بۆئەوان بۆ هەموو تاكێك بۆ هەموو مرۆڤێك وەكو ئەركێكی مرۆیی كە مافی پێشێل كرابێت كەداوایەكی ڕەوای خۆی هەبێت ئێمە لەسەرخەت دەبین، ئێمە هەمیشە هەم وەك لیژنە وەكو فراكسیۆنەكەم ئەوەمان وتووە لای ئێمە مەبدەئە كەسێك بكەری تاوانێك بێت بەسزای خۆی بگات بەڵام كەسێك لەقەبارەكەی خۆی زیاتر تۆمەتی خرابێتە پاڵ وستەمی لێكرابێت هەر بەو یاسایەی كەناوی لێدەنرێت یاسا سزای دراوە سێ بەرامبەر سزابدرێت كەئەمانە پێچەوانەی بنەماكانە."
بڕیاردەری لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكی كردن لەمافی مرۆڤ لەپەرلەمانی هەرێمی كوردستان لەسەر تۆمەتی ئەو چالاكوان و ڕۆژنامەنوسانە وتی" ئەوان سەرتاپا تۆمەتەكانیان ڕەتدەكەنەوە، یەكێك لەوانە تۆمەتبار كراوە بەهەڵگرتنی چەك دەڵێت هەرگیزا و هەرگیز من نەمهێشتووە مناڵەكەشم تەنانەت دەمانچەی پلاستیكی بەكاربهێنێت لەبەرئەوەی جۆرێك لەتوندوتیژی لەمێشكیدا تۆمار نەبێت، یەكێكی تر دەڵێت من تۆمەتبار كراوم بەوەی گوایە ئاسایشی هەرێمی كوردستانم تێكدابێت، من 14 ساڵە هۆشیاری خەڵك دەكەم بەئەندازەی باڵەمێشولەیەك زیانم بەهیچ كەسێك و تاكێكی كۆمەڵگە نەگەیاندووە كەی ئەوە ڕەوای حەقە! كاتێك دادوەر حوكمەكەمی خوێندەوە یەكسەر توشی بورانەوە بووە و لەهۆش خۆی چووە لەبەرئەوەی زوڵمێكە، یەكێكی تر لەهاوڵاتیەكان ڕۆژنامەنووسە دەڵێت من پێنج ساڵە هەموو ئەولیاتێكم لێ زەوتكراوە و مافی دەنگدانیشم نەبووە وەكو هاوڵاتی ئەم وڵاتە حسابم بۆ ناكرێت، سەرتاپا تۆمەتەكانیان ڕەتدەكەنەوە تەنها وەكو كەسێك بەیاسا ڕێگەمان پێدراوە ئازادی ڕادەربڕینمان هەبێت ڕای خۆمان دەرببڕین تەنها ئەوە بووە و هیچ شتێكی تر."
"شەش مانگە ڕوخساری خۆمان نەبینیووە"
ئەو چالاكوان و ڕۆژنامەنووسانە لەڕووی دەرونییەوە زۆر تێكشكاون بۆنموونە دەڵێن ئێمە شەش مانگە تەنها ڕووخساری خۆمان نەبینیووە و ئاوێنەیەكمان لەلا نییە، هەندێك ئەوەلیات و پێداویستیمان لەلا نییە، هەواڵی كەسوكارمان نازانین و وەكو پێویست نییە تەنها سەلام و كەلامێكی كورت و موختەسەر بەهەرحاڵ ئەوان لەڕووی دەرونیەوە زۆر ڕووخاون."
"یەكێك لەزیندانییەكان وتی من ئەگەر هەڕەشەم بەخێزانەكەم لێبكرێت ئامادەم سەری خۆم دابنێم نەك واژۆی دانپێدانانی بەزۆر بكەم "
بەدریە ئیسماعیل بەردەوام بوو لەسەر گێڕانەوەی قسەی زیندانی كراوەكان لەو ڕوەوە وتی" دانپیادانەكانمان لەژێر زۆری و فشاردا لێوەرگیراوە تەنانەت یەكێكیان وتی پێدەچێت ئەم بابەتەی كەبۆ ئەم حوكمانە دانراوە ئامادەكراوبێت (جا ئەمە ئەوەیە من قسەی ئەوان دەگوازمەوە، وە هەموو هاوڕێكانیشم شایەتحاڵن من بەفاریزە قسەكانیانم نەپەڕاندووە.)
بەداخەوە یەكێك لەسزادراوان ناوی ناهێنم ئەوەی وت وتی من ئەگەر هەڕەشەم بەخێزانەكەم لێبكرێت ئامادەم سەری خۆم دابنێم كێ لەئێوە ئامادەیە هەڕەشەی بەخێزانی لێبكرێت و ئەو شتەی بەرامبەری ڕووبەڕووی دەبێتەوە قبوڵی نەكات! "من ئەو قسەیەی ئەو دەگوازمەوە و هەموو هاوڕێكانیشم شایەتن كە ئەمەی وت."بەدریە ئیسماعیل بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ وایوت"
"بەرپرسانی ئاسایش ئاگادارن دۆخی ئەو زیندانی كراوانە خراپە "
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا پێشتر چیتان كردووە وەك لیژنەكەتان لەسەر كەیسی ئەو چالاكوان و ڕۆژنامەوانانە؟ لەوەڵامدا بەدریە ئیسماعیل وتی" ئێمە وەكو لیژنە لەسەرەتای سەرهەڵدانی گرفتەكە و دەستگیركردنیانەوە لەسەرخەت بووین بەداخەوە پێش ئەوەی بگوازرێنەوە بۆ هەولێر، لەبادینان دووجار لیژنەكەمان چوو سەردانیان كردن ڕێگریمان لێكرا، وە پاشان ڕۆژی دادگایی كردنەكە كەڕەزامەندیمان لەدادوەر وەرگرت هەمان ڕۆژ هەر ڕێگریمان لێكرا لەنزیكەوە لەبارودۆخیان بزانیین، وەكو وتم بەچەند فلتەرێكدا تێپەڕی ئەم بابەتە ئینجا ڕەزامەندیمان بۆ وەرگیرا تۆزێك بەزەحمەت."
بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە ئایا بەبەرپرسانی ئاسایشتان وت لەسەر ئەو دۆخە خراپەی زیندانییەكان كەباست كرد؟ لەوەڵامدا بەدریە ئیسماعیل وتی" ئەوانیش دەزانن و ئەوە ڕەتناكەنەوە پاڵەپەستۆیەكی زۆریان لەسەرە لەڕووی دەرونییەوە ڕوخاون و لەڕووی جەستەییەوە ئەو گرفتە دیارەیان پێوە دەركەوتووە ئەوانیش ئاگادارن بەڵام بەحكومی ئەوەی كەچاكسازی هەولێر نۆژەن دەكرێتەوە سزادراوانی ئەوێش هاتونەتە ئاسایش بۆیە ئەو لۆدە زۆرە لەسەر ئەوێ هەیە."
" چوار كەس لەشوێنی زیندانی چالاكوان و ڕۆژنامەوانەكانی بادینان تووشی كۆرۆنا بوون "
بەدریە ئیسماعیل ڕاشیگەیاند" ئێمە كەبەدواداچوونمان بۆ كردن نزیكەی چوار كەس لەشوێنی زیندانی كردنی ئەو چالاكوان و ڕۆژنامەنوسانە توشی كۆرۆنا ببوون لە هۆڵەكاندا بۆنموونە هەر دوو سزادراوێك چۆتە هۆڵەكەوە و دابەشبوون بەسەر هۆڵەكاندا باسی چوار كەسیان كرد كەكۆرۆنای گرتووە لەناو هۆڵەكاندا لەگەڵ ئەو 135 كەسە بوون و ژیانیان بەیەكەوە بردۆتەسەر كەنیشانەكانیان لێدەركەوتوون لەوانیان جیاكردونەتەوە."
"داوای بینینی م.بەدەل بەرواری و چەند زیندانییەكی ترمان كردبوو بەڵام ڕێگەیان پێنەداین"
لەكۆتایی وتووێژەكەدا بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ دەربارەی ئەوەی بۆچی بەتەنها ئەو پێج زیندانیەتان بینی؟ لەوەڵامدا بەدریە ئیسماعیل وتی" ئێمە پێنج سزادراوەكانمان بینی بەڵام داوای مامۆستا بەدەل بەرواری و ئیسماعیل ناوێك و دووانی تر لەگیراوەكانی ناوچەی دهۆك كرد وەكو پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ، نوێنەری ناوچەكە ئەویش لۆدێكی زۆری لەسەرە، هەریەكەمان لۆدێكمان لەسەرە لەبەرئەوەی ئەندامێكین لەلیژنەی مافی مرۆڤ و بەرپرسیارێتی لە ئەستۆمان هەیە و پەیوەندیدارین بە بابەتەكە، زۆر هەوڵی ئەوەماندا ئەو سیانەی تریش بیان بینیین بەداخەوە ڕێگریمان بۆ ئەوانە لێكراو وتیان لەبەرئەوەی فەرمانمان پێكراوە ڕەزامەندی تەنها بۆ ئەم پێنجە هەیە، بۆجارێكی تر نوسراوێك ئاراستە بكەن و ئەوكاتە ڕەزامەندی وەردەگرم بۆ بینی ئەوانە بەڵام ئێمە واڕێكەوتووین سەردانەكان دوبارە بكەینەوە و لەبارودۆخیان ئاگادار بین و هەنگاوەكانی خۆشمان چڕتر و پڕتر دەكەینەوە بۆئەوەی بەزووترین كات تەمیزی حوكمەكەیان بكرێتەوە."