دكتۆر زانا ئەحمەد پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو و دڵ وەڵامی چەندین پرسیاری لەسەر ڤاكسینی ئەسترازێنیكا دایەوەو هاوڵاتیان دەتوانن لەڕێگەی وەڵامەكانەوە زانیاری گرنگ وەربگرن.
دەقی ڕاگەیەندراوەكەی دكتۆر زانا ئەحمەد:
چەند ڕۆژێكە دەمەوێت ئەم نووسینە بڵاو بكەمەوە، بەڵام حەزم نەكرد تا خۆم بە فیعلی وەری دەگرم بڵاوی بكەمەوە، جا دوای ئەوەی دوێنێ ڤاكسینەكەم لە خۆم دا، وا بە وەڵامەكانەوە لە خزمەتتاندام:
- ئایا ڤاكسینێكی باشە؟
زۆریش. ئێستا ناوەندە تەندروستییەكان وا پێناسەی باشترین ڤاكسینی كۆڕۆنا دەكەن كە "ئەو ڤاكسینەیانە كە زووتر دەستت دەكەوێت"، بۆیە كە ئێستا ئەمەیان بەردەستە، باشترینە.
- وایە ئەمریكییەكە باشترە؟
ئەمریكییەكە-Pfizer هەندێك لەمە كاریگەرترە، بەڵام لەبەرئەوەی پێویستی بە بەفرگری تایبەت هەیە كە لە گەرمیی سالب ٨٠-٦٠ بێت، بۆ ئەم وڵاتانەی ئێمە زەحمەتە گەرەنتیی ئەوە بكرێت، بۆیە بۆ ئێمە، ئەمەیان باشترە.
- كێ دروستی كردووە؟
ئەسترازێنیكا كە یەكێكە لە باشترین كۆمپانیاكانی دەرمان، كە كۆمپانیایەكی بەریتانی-سوێدییە، بە هاوبەشی لەگەڵ زانكۆی ئۆكسفۆرد كە لە ڕابردوو و ئێستاشدا یەكێكە لە باشترین و بەناوبانگترین زانكۆكانی جیهان.
- ئایا ڕاستە ئەوەی بۆ ئێرە هاتووە، ئێكسپایەری نزیكە؟
نەخێر، خۆی لە ٤-١-٢٠٢١ەوە بەكار دەهێنرێت كە سێ مانگ دەكات.
- لە چی دروست كراوە؟
DNAی (ئەدینۆڤایرۆس) لەگەڵ RNAی پڕۆتینی دڕكەكانی سەر ڕووی كۆڕۆنا ڤایرۆس.
- ئایا ڕۆنی بەرازی تێدا بەكار هاتووە؟
كۆمپانیاكە وەڵامی پرسیاری دەستەیەكی فەتوای دایەوە "نەخێر هیچ شتێكی تێدا نییە بەپێی ئیسلام ڕێگەپێدراو نەبێت"، بۆیە حەڵاڵە.
- ئەی ئەمە بۆ كۆڕۆناكەی پێشوو نەبوو؟ ئەی چۆن كاریگەریی بۆ جۆرە گۆڕاوەكە هەیە؟
جۆرە گۆڕاوەكە ئەوەندە گۆڕانكاریی بەسەردا نەهاتووە، بۆیە ئەم ڤاكسینە ٩٠٪ی ئەو كاریگەرییەی لەسەر ئەوەی پێشوو هەیبوو، لەسەر ئەم جۆرە گۆڕاوەش هەیەتی.
- ئایا منداڵ دەتوانێت وەری بگرێت؟
ئەوە لەژێر لێكۆڵینەوەدایە، تا ئێستا تەنها ڕێنمایی كەسانی سەروو ١٨ ساڵ دەكرێت وەری بگرن.
- ئەی ژنانی دووگیان؟
نابێت وەری بگرن، تەنها ئەو ژنانەی كارمەندی تەندروستین.
- ئەی ئەو ژنانەی شیر دەدەنە منداڵ؟
دەتوانن وەری بگرن.
- چۆن وەردەگیرێ؟
لە ڕێی ماسوولكەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی لەناوچەی سمت چەوری زۆرە و بۆیە ناتوانرێت گەرەنتیی ئەوە بكرێت بگاتە ناو ماسوولكە، لە ماسوولكەی شان دەدرێت.
- لە كام شان؟
جیاوازیی نییە، بەڵام لەبەرئەوەی ئازار لەو شانە دروست دەبێت، كام دەستەت بەكاردەهێنیت، داوا بكە لە لایەكەی ترت بدەن.
- جورعەی دووەم كەی وەردەگیرێت؟
٨-١٢ هەفتە دواتر.
- ئەی ئەگەر هی دووەم وەرنەگیرێ؟
هیچ ڕوونادا، جگە لەوەی ئەو بەرگرییەی دەخوازرێت، بەو ئاستە بەدەست ناهێنرێت.
- ئایا خوێن مەیین دروست دەكات؟
ئەوەندە كەمە كە هی باس كردن نییە! خوێن مەیین هەبووە لە خوێنهێنەری مێشك بە ڕێژەی ٢ لە ملیۆنی ئەوانەی وەریان گرتووە، بەڵام ئەو حاڵەتە لە باری ئاساییدا بە ڕێژەی ٥ لە ملیۆن ڕوودەدات!
- ئەگەری مردن پێی هەیە؟
لە بەریتانیا ڕێژەی مردن ١ لە سێ ملیۆن كەسی ئەوانە بووە كە وەریان گرتووە، دیاریش نییە ڤاكسینەكە هۆكار بووە یان نا، بەڵام بیرت نەچێ ڕێژەی مردن بە كۆڕۆنا ٣،٥ لە سەدایە. واتە تووشی كۆڕۆنا ببیت، ئەگەری مردنت هەزاران قات زیاتره لەوەی بە ڤاكسینەكە بمریت!
- ئایا پێویست دەكات پێش ئەوە هیچ پشكنینێك بكرێت؟
نەخێر
- ئایا پێویست دەكات پێش و پاش ڤاكسین وەرگرتنەكە حەبی ئەسپرین و دەرزیی كلیكسان وەربگیرێ بۆ ڕێگری لە خوێن مەیین؟
نەخێر، زیانیان دەبێت و سوودیان نابێت.
- پێشتر تووشی كۆڕۆنا بووم و بەرگریم بۆ دروست بووە، بۆیە وەری ناگرم!
هەڵەیت، چونكە بەرگریی دژە كۆڕۆنا درێژخایەن نییە و ڕۆژبەڕۆژ دادەبەزێت.
- ئایا دەكرێت ئێستا وەری نەگرم، كەی تووش بووم ئینجا وەری بگرم؟
نەخێر، چونكە ڤاكسین ڕۆڵی هەیە لە ڕێگری نەك چارەسەری نەخۆشی. ئەسڵەن كە تووش بوویت، هەر نابێ وەری بگریت!
- تا چەند دوای تووش بوون بە كۆڕۆنا نابێت وەری بگریت؟
٣ مانگ
- نیشانە لاوەكییەكانی چین؟
وەك تووش بوونی كۆڕۆنا وایە بە سووكی: لەرز و تا، ژانەسەر، ئێڵنج دان، بێهێزی، ئازاری ماسوولكە، ئەمە جگە لە ئازاری شوێنی دەرزی لێدانەكە. بەڵام بە شێوەیەكی گشتی ١-٢ ڕۆژ تێپەڕ ناكات.
- ئایا كەسێك ڤاكسین وەربگرێت، ئیتر مانای وایە تووش نابێت؟
نەخێر، كاریگەریی ئەم ڤاكسینە لە ڕێگری كردن لە كۆڕۆنا ٦٣٪یە.
ئایا كەسێك خۆی بكوتێت، ئەگەری ئەوە دەمێنێتەوە ڤایرۆسەكە لە كەسێكەوە بۆ كەسێك بگوازێتەوە؟
بەڵێ، بەڵام زۆر كەم.
- ئایا ڕۆژوو دەشكێنێت؟
زانایانی ئاینیی ئیسلام هاوڕان لەسەر ئەوەی هەر چارەسەرێك خۆراك بە جەستە نەدات، ڕۆژوو ناشكێنێت، بەو پێیەش ئەم ڤاكسینە ڕۆژوو ناشكێنێت.
- ڤاكسینەكە لە ماوەی چەنددا بەرگری دروست دەكات؟
١-٤ هەفتە، بۆیە نابێت تا مانگێك دوای، خەمساردی بكرێت لە خۆپارێزی.
- ئایا ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە دەتوانن وەری بگرن؟
ئەی چۆن؟! بەتایبەت ئەوان دەبێت وەری بگرن.
- ئایا پێویستە ڕاوێژ بە پزیشك بكرێت؟
نەخێر، بەڵام وەڵامەكە بەڵێیە بۆ ئەوانەی ئەم حاڵەتانەیان هەبووە یان هەیە: تالاسیمیا و نەخۆشییەكانی دیكەی خوێن، شێرپەنجە، قەڵەویی زۆر، خوێن مەیین لە خوێنهێنەرەكانی قاچەكان.
- با جارێك چاوەڕێ بكەم بزانم چی ڕوودەدات؟
چاوەڕێ بكەیت ڕەنگە بەرت نەكەوێتەوە، چونكە ئەوەی تا ئێستا دابین كراوە بەشی ١٪ی دانیشتووانی هەرێم ناكات، جا با ١٠ ئەوەندەی تر دابین بكرێت، خۆیشت دەزانیت، هەر ئەوەندە خەڵكی ئێمە ڕووی لە شتێك كرد!
- ئایا ئەم ڤاكسینە بەرگریی هەتاهەتایە دەبەخشێت؟
نەخێر، ئامانجی كۆمپانیاكە بەرگرییەكی ٦ مانگەیە.