Tahsin Hamagharib
سه‌يرى باوه ئاده‌م و دايه حه‌وا بكه ئه‌وان جليان له‌به‌ردا نه‌بوو به‌ڵام نهياندهزانى تا ئه‌وه‌ى به هۆى گوناهێكهوه به ئاگاهاتنه‌وه و رووتى خۆيان بينى، هه‌ر بۆيه ئه‌وان ئه‌وه‌يان بينى كه پێشتر بوونى هه‌بوو و رۆژانه تهماشايان ده‌كرد به‌ڵام نهياندهبينى، به ئاگاهاتنه‌وه‌ى ناوه‌وه‌ى ئه‌وان بوو دهرهوهيانى پيشاندان. ئه‌مه له زمانى فيكردا پێي ده‌ووترێت( دياردهناسى) كه به ماناى ئه‌وه دێت كه بوون و نه‌بوونى ده‌ره‌كى جيهانى راسته‌قينه‌ى من نييه، به‌ڵكو چه‌ند له‌و جيهانه من ئه‌زمونى ده‌كه‌م و ئاگام لێيه ئه‌وه‌نده بوونى هه‌يه. هه‌ر بۆيه جيهانى من جياوازه له جيهانى ده‌ره‌وه.
هه‌روه‌هاش ره‌مه‌زانى منيش جياوازه له ره‌مه‌زانى ده‌ره‌وه كه له مانگێكدا بوونى هه‌يه. ئه‌وه‌نده‌ى ره‌مه‌زان له ناو مندا ره‌مه‌زانه كه ئه‌زمونى ده‌كه‌م.
هه‌روه‌ك به گوێره‌ى فه‌رمووده‌ى پێغه‌مبه‌ريش( قيامه‌تى من جياوازه له قيامه‌تى تۆ) وه‌ك ده‌فه‌رموێت (هه‌ركه‌سێك مرد ئيدى قيامه‌تى هه‌ڵساوه). له ده‌ره‌وه قيامهتێكى گه‌وره هه‌يه كه هه‌موو بوون تێيدا تێكده‌چێت، ئاسمان لوول ده‌بێت و خۆر و مانگ ده‌ده‌ن به‌يه‌كدا و شاخه‌كان ده‌بن به تۆز و دهرياكان گڕ ده‌گرن و ئه‌ستێره‌كان ده‌كوژێنه‌وه. به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه سه‌باره‌ت به‌و كه‌سه‌ى ئه‌زمونى مه‌رگ ده‌كات بۆ ئه‌و (به داخستنى چاوه‌كانى) هه‌موويان رووده‌ده‌ن. بۆ ره‌مه‌زانيش وايه ره‌مه‌زان ئه‌وه‌يه كه من دهيچهژم: چه‌شتنى رۆژوو و نزا و په‌رستنه‌كان و نزيكى له خوا، كه ئه‌مه‌ش جياوازه له ره‌مه‌زانه دهرهكييهكه. لێره‌وه ره‌مه‌زانى من جياوازه له ره‌مه‌زانى تۆ، هه‌روه‌ك جيهانى من جياوازه له جيهانى تۆ و قيامه‌تى من جياوازه له قيامه‌تى تۆ . چونكه ئه‌زمون و چهشتنهكانى ره‌مه‌زانمان جياوازه. به ئومێدى ئه‌وه‌ى هه‌ركاممان له ره‌مه‌زانى تايبه‌تى خۆماندا به‌رده‌وام ره‌مه‌زانى و ره‌مه‌زانى تربين، ئاخر ره‌مه‌زانى ده‌ره‌وه هه‌ر مانگێكه و زياد و كه‌م ناكات، به‌ڵام ره‌مه‌زانى ناوه‌كى گه‌وره ده‌بێت و ده‌كشێ و ده‌گات و دهجولێين له ناويدا تا ده‌مانگه‌يه‌نێت به ئاشتى( سلام هي حتى مطلع الفجر) . ره‌مه‌زانى هه‌موان و ره‌مه‌زانى هه‌ركاممان پيرۆز بێت.