سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت،ده‌ستووری عێراق رێگه‌ی داوه هه‌ر پارێزگایه‌ك داواكاری به‌هه‌رێمبوون پێشكه‌ش بكات.
محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌ڤزیۆنیدا رایگه‌یاند: "ئه‌و هێزه سیاسییانه‌ی ده‌ستووری عێراقیان له ساڵی 2005ه‌وه نووسی، ئێستا درووستبوونی هه‌رێمێكی سوننی ره‌تده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام له باشووری شیعه‌نشین ره‌تی ناكه‌نه‌وه".
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه: دوورستبوونی هه‌رێمی دیكه له‌گه‌ڵ ده‌ستووری عێراق یه‌كده‌گرێته‌وه، به پێی مادده‌ی 119ی ده‌ستووره‌كه هه‌ر پارێزگایه‌ك یان زیاتر ده‌توانن هه‌رێمێك پێكبهێنن، كه له رێگه‌ی ریفراندۆمێكه‌وه داواكاری پێشكه‌ش بكه‌ن.
حه‌لبوسی باسی له‌وه‌ش كردووه، له‌گه‌ڵ به‌هه‌رێمبوونی هه‌ر پارێزگایهكم، به مه‌رجێك كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌غدا نه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بابه‌تی به‌هه‌رێمبوون له ده‌ستووردا هاتووه.
حه‌لبوسی روونیشكرده‌وه، "له ئه‌نبار ناوه‌ندێك بۆ دروستكردنی بڕیاری سیاسیی سوننی درووست بووه"، دوای ئه‌وه‌ی وڵات پشتی ده‌به‌ست به بڕیاره‌كان به‌پێی "هاوكێشه‌ی كوردی – شیعی".
به‌پێی ده‌ستوور، درووستبوونی هه‌رێمی نوێ له عێراق به دوو شێواز ده‌بێت، كاتێك داواكارییه‌ك له‌لایه‌ن 25%ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، له هه‌ر پارێزگایه‌ك كه ده‌یانه‌وێت هه‌رێمێك پێكبهێنن، یان له رێگه‌ی داواكارییه‌ك له‌لایه‌ن 10%ی ده‌نگده‌رانی هه‌ر پارێزگایه‌ك كه داواكاری پێشكه‌ش بكه‌ن.