(د. سەیف سەمیر) پسپۆڕی پزیشكی منداڵان ئاماژە بەوەدەدات كە منداڵ بە گوێرەی تەمەنی دەتوانیت وای لێبكەیت كاردانەوەی هەبێت بۆ گفتۆگۆو ئەمەش دەتواندرێت بە گوێرەی شێوازەكان و هەڵسوكەوت لەگەڵی زمانی منداڵەكەت بەهێز بكەیت.
(د. سەیف سەمیر) ئاماژە بەوەدەدات كە بەپێی تەمەن دەتواندرێت ڕێك بخرێت بەم شێوەیە:
لە لەدایك بوونی تا 6 مانگی:
1. سەری منداڵەكەت لەخۆت نزیك بكەو قسەی لەگەڵ بكە، زۆر حەزدەكەن ڕووخسارەكان ببینن و كاردانەوەیان لەگەڵ هەبێت.
2. قسەی لەگەڵ بكە سەبارەت بەو كارەی دەكەیت بۆ نموونە : بڵێ ئێستا دەتگۆڕم و دەتبەم بۆ گەرماو.
3. گۆرانی بۆ منداڵەكەت بڵی، منداڵ حەزی لە گۆرانی و ئاوازە، كاتێك گۆرانی دەڵێی پێدەكەنن و دڵخۆش دەبن.
4. دەنگی منداڵەكەت دوو سێ جار دووبارەی بكەوە واتە بەهەمان شێوازی ئەو دەنگەكە دووبارە بكە.
5. بەردەوام قسەی لەگەڵ بكە بەشێوازی گۆرانی.
لە تەمەنی 6 مانگی بۆ 12 مانگی:
1. ناوی ئەو شتانە بڵێ كە لە دەورووبەر دەبینن بۆ نموونە سەیركە باوكت ئەوە ئۆتۆمبێلە یان ئەوە تۆپە.
2. بەردەوام سەیری كتێب بكە لەگەڵی و چیرۆكی بۆ بگێڕەوە.
3. ئەگەر تا ئێستا مەمە ووشكە بەكاردەهێنی چاوەڕێی ئەوە مەكە قسە بكات بەو شێوەیە قسە ناكات.
4. یاری لەگەڵ بكە بەتایبەت چاوشاركێن زۆر شت لێوەی فێردەبێت.
تەمەنی ساڵێك بۆ ساڵێك و نیو :
1. ئەگەر هەندێك وشە بڵێت تۆش لەگەڵی دووبارە بكەوە هەرگیز پێی پێمەكەنە كاتێك قسە دەكات بۆ نموونە كە دەڵێت ئۆتۆمبێل بڵێ ڕاستە ئۆتۆمبێل و دووبارەی بكەوە.
2. ووشەكان زیاتر بكە لەكاتی قسەكردندا بەشێوەی هەڵبژاردن بۆ نموونە سێوت دەوێ یان مۆز، كراسی شینت دەوێ یان زەرد.
3. ئەو یاری و بووكە شووشانەی دەنگیان هەیەو قسە دەكەن دەكرێت یارمەتی دەربێت، هەروەها دەكرێت مۆبایل بەكاربهێنیت سوودی لێ وەرگرێت.
4. گۆرانی بڵی و ئاوازی جۆراوجۆرو جوان.
18 بۆ 24 مانگی:
وشەكان دووبارە بكەوە بەشێوازی جیاواز بۆ نموونە :
1. كراسەكەت لەكوێیە ؟ كراسە شینەكە وایە ؟ باشە كراسەكەت لەبەركە.
2. فەرمانی سادەو ئاسان بەكاربهێنە وەكو دەرگاكە دابخە یان ئاو بێنە یان چاكەتەكە بینە.
3. فێری بكە پێی بڵی لووتت كامەیە، دەوت كامەیە، زمانت لەكوێیە.
4. بۆ هەموو ئەو تەمەنانەی باسمان كرد تەلەفزیۆن و شاشە قەدەغەیە.
تەمەنی 2 بۆ 3 ساڵی :
1. فێری بكە ڕستەیەك دروست بكات، لە تەمەنی دوو ساڵیدا لەو تەمەنە فێری بكە ڕستە دروست بكات و هانی بدە بۆ نموونە دەڵێت : پێمی بدە ؟؟ تۆ بڵێ چیت پێ بدەم هەرچەندە تۆ ناوی ئەو شتە دەزانی، بەڵام وابكە خۆی ناوی بهێنێت، هانی مەدە فێری زمانی نیشانە بێت.
2. بەردەوام ناوی لەسەرەتاوە بهێنە لەهەر ڕستەیەكدا بۆ ئەوەی سەرنجی لای تۆ بێت.
3. قسە بكە كاتێك كارەكانی ماڵەوە دەكەیت، بۆ نموونە با ماڵەوە خاوێن بكەین و وەسفی ئەو بەشە بكە كە دەتەوێ خاوێنی بكەیت وە داوای لێ بكە یارمەتیت بدات لە كارەكەدا.
(ئەژین عەبدولڵا – هەولێر)