ناوەندی كۆنتڕۆڵكردن و ڕێگرییكردن لە نەخۆشییەكان لە ئەمریكا (CDC)، بڵاویكردەوە لە نزیكەی (66) ملیۆن كەس كە پرۆسەی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنای نوێیان تەواوكردووە، پێنج هەزارو 800 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون.
لە ڕاگەیەندراوێكدا كە لەلایەن ناوەندەكەوە بڵاوكراوەتەوە ئاماژە بەوەكراوە، لە سەرانسەری ئەمریكادا تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لەلای ئەو كەسانەی كە ڤاكسینیان بە تەواوەتی وەرگرتووەو لانیكەم دوو هەفتە بەسەر كوتانیاندا دەربازبووە، لە (100) هەزاردا هەشت كەسەو ئەوەشیان بە حاڵەتە بازداوەكان ناوبردووە.
دەشڵێت، لەو حاڵەتانەی كە دوای وەرگرتنی ڤاكسین تووشی ڤایرۆسەكە بوون، (40%) یان سەروو (60) ساڵانن و لەڕووی ڕەگەزیشەوە (65%) یان مێن.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا باس لەوەكراوە، بەهۆی ئەوەی جەستەی بەساڵاچووان سەرەڕای وەرگرتنی ڤاكسینەكە، نەیتوانیوە تا ئاستی پێویست بەرگری دروست بكات، رەنگە مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لای بەساڵاچووان بەرزتر بێت و جەخت لەوەشكراوە كە ئەو كەسانەی بڕێكی زۆر لە ڤایرۆسەكە وەردەگرن، ئەوا ئەو پارێزگارییەی كە پێویستە ڤاكسینەكە درووستیبكات، دەستەبەر نابێت.
بەپێی ئامارەكانی ناوەندی كۆنتڕۆڵكردن و ڕێگرییكردن لە نەخۆشییەكان لە ئەمریكا، لە (29%) ی ئەو كەسانەی كە دوای وەرگرتنی ڤاكسین تووشی ڤایرۆسەكە بوون، نیشانەی نەخۆشییەكەیان پێوە دیار نییە، هەر لەو كەسانە (7%) یان دەبرێنە نەخۆشخانەو ژمارەی ئەو كەسانەیشی كە دوای وەرگرتنی ڤاكسین تووشی ڤایرۆسەكە بوون و بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە تا ئێستا (74) كەسن.
كاربەدەستانی ناوەندەكە جەخت لەوەدەكەنەوە كە هیچ ڤاكسینێك ناتوانێت لەرووی ڕێگرییكردن لە هەوكردن (100%) كاریگەر بێت، و پێویستە ئەم جۆرە حاڵەتە بازداوانە نەبنە مایەی سەرسووڕمان و ئەو كەسانەشی كە ڤاكسینیان وەرگرتووە بەردەوام بن لە رێكارە خۆپارێزییەكان.