سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق هۆشداری دەداتە وەزارەتی دارایی بەهۆی سەپاندنی باج لەسەر مووچەی فەرمانبەران.
لەمبارەیەوە هومام حەمودی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردوەتەوە: هۆشداری لەهەر ئاڕاستەیەكی وەزارەتی دارایی دەدەین بۆ سەپاندنی باج لەسەر مووچەی فەرمانبەران، ئەوە لەكاتێكدایە كە نرخی نەوت بەرز بوەتەوە و هاوڵاتیانیش توشی نەهامەتی بون بەهۆی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار و لەدەست دەرچونی بازاڕ و نەبونی هیچ چاودێریەك و پاراستنی بەكاربەر.
ئاماژەی بەوەشكردووە: ئەو جۆرە زیادەڕەوییە بۆ سەر بژێوی هاوڵاتیان توڕەیی شەقام دەتەقێنێتەوە، ئەوەش بەهۆی نەمانی خۆڕاگریی و لەوانەشە كۆنترۆڵ نەكرێت.
ئەوەشی خستۆتەروو: سیاسەتی دارایی بابەتێكی نیشتمانی گشتیە و تاكە كەسی و بەپێی خواستی كەسێكی دیاری كراو نییە، پێویستە بە رێكەوتنی هێزە نیشتمانیەكان بڕیاری لێ بدرێت، ئەوەش بەپێی دنیابینیەكی ئابوریی دروست بەشێوەیەك لە بەرژەوەندی باڵای گەلەكەماندا بێت.