ئەمریکا كاتی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ ئه‌فغانستان ئاشكرا ده‌كات
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەمریکا كاتی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ ئه‌فغانستان ئاشكرا ده‌كات

دوای 20 ساڵ لە شەڕی ئەفغانستان، ئیدارەی کۆشکی سپی بڕیاری داوە لە 11ی سێپتێمبەری ئەمساڵ، ته‌واوی سەربازەکانی لەو وڵاتە بە یەکجاری بکشێنێتەوە و بەمەش زیاتر لە 4 مانگ لەو وادەیە دەمێنێتەوە کە پێشووتر ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دیاریکردبوو.


له‌ لێدوانێكدا جێن ساکی، وتەبێژی کۆشكی سپی رایگه‌یاند: بڕیارە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پلانی ئەمریکا بۆ کشانەوەی سەربازە ئەمریکییەکان ئاشکرا بکات و خشتە و شێوازی کشانەوەی سەربازەکان بۆ میدیاکان ئاشکرا بکات.

جین ساکی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمریکا بە راوێژ لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکاندا گەیشتۆتە ئەوەی چارەسەرکردنی دۆخی ئەفغاستان چارەسەری سەربازیی نییە و، سەربازە ئەمریکییەکانیش لە ئەفغانستان ئەرکی خۆیان لەو وڵاتە جێبەجێکردووە، بۆیە کاتی ئەوەیە بەپێی خشتەیەک سەربازەکان بکشێننەوە.

هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا، هاوپەیمانێتی ناتۆ لەو بارەیەوە پلانی خۆی بۆ کشانەوەی سەربازەکانی دیکەی سەربە هاوپەیمانێتییەکە ئاشکرا دەکات، كه‌ تاوەکو ئیستا نۆ هەزار و 600 سەربازی هاوپەیمانان لە ئەفغانستان هەن کە دوو هەزار و 500 لەوانە سەربازی ئەمریکین.

بڕیاری کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە بڕیارە 24ی ئەم مانگە کۆنفرانسی تایبەت بە ئاشتیی ئەفغانستان لە تورکیا بە بەشداریی حکومەتی ئەفغانستان و سەرکردەکانی تالیبان بە سەرپەرشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، قەتەر و تورکیا لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەبچێت و کۆنفرانسەکەش تاوەکو 5ـی مانگی ئایار دەخایەنێت.

 

هه‌واڵی گرنگ