ئەوەی بە زیانی مرۆڤ خۆی دەشکێتەوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەوەی بە زیانی مرۆڤ خۆی دەشکێتەوە

ژیانی ئادەمیزاد لەسەر گۆی زەوی دوور مەودایەو ئەوەی بە خەمڵاندن پەیپێبراوە، زیاتر لە ھەشتاو پێنج ملیار (مرۆڤ) ژیاون و مردوون . جا ئەمەش دەرخەری ھەققانیەتی (ڕێساو یاساکانی) خاوەنی ئادەمیزاد و گەردونن (اللە)، کە بەدیھێنراوان ڕێک بەو ڕێڕەوەدا گوزەر دەکەن کەوا ئەو بۆی دیاری کردوون.

کەچی زۆرێک لە (ئادەمی) پەند لەم ڕاستەقینەیە وەرناگرن و بە ئاشکرا ئەو سنوورەی خواوەند بە (دانایی و دادگەری ڕەھای)، بۆی دیاریکردوون، دەیبەزێنن و، ستەم لە حەدی ئەوانی دیکە دەکەن. ئەمە لەحاڵێکدايە كە کەس ھەق و مافی ئەوەی پێنەدراوە ڕێ بەخۆی بدات و ئەو سەرکێشی و ستەمکاریە ئەنجام بدات.  

بۆ تێگەیشتن لە کرۆکی ئەم چەمکە گرنگ و ھەقیقەتە چارەنووسسازە، قورئانی پڕخێر، ڕێسای چەسپاوی بۆ داناوەو بانگھێشتی سەرجەم گرۆی ئادەمی کردووە و پێی ڕاگەیاندوون، وە ھۆکاری سەرکێشی بۆ سنووربەزاند، ئاکام و ئەنجامی ئەو ستەمکردنەی بۆ ڕۆشن کردوونەتۆ، بەجۆرێك ھیچ خاوەن (فام و ئاوەزێ)، بە بیستن و لێتێگەیشتنی، وە بە بەراوردکردنێکی زانستی، لەگەڵ ئەو زەمەنەی وا تێپەڕیوەو، ئەو ماوەی تیایدا دەژی و بەواقعی دەیبینێ و دەیبیستێ؛ ھەرگیز ڕێگە بەخۆی نادات توخنی سەرەڕۆیی وا بکەوێت، ھەروەک بە (ھیچی) ستەمکار دڵخۆش نابێت و ئیرەیی پێ نابات، چونکە ئاکامی سامناکی ڕۆشنەو لەبەرچاوانە.

ئالەم وتووێژە ڕاشکاوو ڕوونەدا، خاوەنی ئادەمیزاد (اللە)، ئەگەرچی مرۆڤایەتی ئەدوێنێ و بەئاگایان دێنێت، بەڵام ڕووی مەبەستی، ئاڕاستەی ئەوانەیە سەرکێشی دەکەن و سنووری دیاریکراوی خۆیان دەبەزێنن، جا گرنگە بەچاوو گوێی دڵ، سەرنجی ئاخاوتنی قورئان بدەین: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ)، ئەی خەڵکینە، (إِنَّمَا بَغْيُكُمْ)، بەڕاستی ئەو تەجاوەزکردنە لە سنووری بەندەیی، ئەو سەرکەشی و ناھەقی و ستەمکردنەتان: (عَلَى أَنفُسِكُم)، تەنھا بە زەرەری خۆتانە. ئێمە ھیچ زەرەر ناکەین، چ وەختێ دەکەونە تەنگی و تەنگانەوەو بەگێردێن و ھاناو ھاوار بۆ ئێمەی خاوەنتان دێنن (اللە)، قازانجێ بە ئێمە ناگەیەنن. وەچ پاش دەربازبوون دەستدەکەنەوە بە سنوورشکێنی و لەھەق دەردەچن و خراپەو گەندەڵ (فساد)ی ئەنجامدەدەن، زیانێک لە ئێمە نادەن.

جا لە ڕاستیدا تەواوی ئەو بەدبەختی و نەھامەتی و قەیران و گرفتاریەی وا مرۆڤایەتی پێوەی گیرۆدە بووەو دەبێت، تەفسیری ئەم حاڵەتەیە، چوون زۆرینەی خەڵکی، گوێڕایەڵی بۆ ئەھلی (بەغی) دەکەن، ئەوانەی بە ناڕەواو ساختە (ماڵ و زەڕو زۆر) پێکەوە دەنێن، ئەمان دەیانکەنە سالاری خۆیان و ملکەچ و پارێزەری (فەرمان و حەزو خواست)یان دەبن!!

جا ئەوەی وا لە خەڵکە دەکات، بەو ئاشکرایە سەرکێشی دەکەن و سنووری بەندەیی خۆیان دەبەزێنن، بە ئامانجگرتنی ڕابواردنە لەم ژیانی دوونیایە، بەبێ گوێدانە (ڕەوا)و (ناڕەوا)، بۆیە دەفەرموێت: (مَّتَاعَ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا)، چێژو لەزەت ببەن لەم شتە دونیاییانە کە شتانێکی گرنگ و بایەخدارنین. وشەی (مَّتَاعَ)، سوود وەرگرتنە لەشتێ کە بڕێک ماوەی ببێت و کۆتایی پێبێت. دیارە ھەموو شتێکی ئەم ژیانە کورتخایەنە: (قُلْ مَتَاعُ الدُّنْيَا قَلِيلٌ)، وە دواڕۆژ چاکترین و نەبڕاوەیە بۆ کەسێ لەم دەردی سەرکەشی و سنوور شکێنیە خۆی دەپارێزێت: (وَالْآخِرَةُ خَيْرٌ لِّمَنِ اتَّقَىٰ/ النساء: ٧٧). 

ژیانی دونیا، ھەروا زوو پێدەگات، ھەرواش خێرا تێدەپەڕێت، لەبەرئەوە، مرۆڤ ئازادی پێ بەخشراوەو مۆڵەتی ھەڵبژاردن و چۆنیەتی ژیانکردنی پێ بەخشراوە، کەوایە ئەوەی ئێوەی بەو ئاقارا بردووە، کەمێ ڕابواردن و کەیف نواندنە، بەینێکەو تێدەپەڕێت و تەوادەبێت، بەڵام بەسەرتان ناچێت: (ثُمَّ إِلَينَا مَرْجِعُكُمْ)، لەدوای ئەوە گەڕانەوەتان بۆلای ئێمەو بەردەستی ئێمەو دادگای ئێمەیە.

جا ئەو وەختە: (فَنُنَبِّئُكُم)، ھەواڵتان پێ دەدەین، ھەواڵێکی گرنگ؛ کە ڕۆشنکەرەوەی ھەموو شتێک بێت، ئەوە تەنھا ھەواڵدان نییە، بەڵکو ئەنجامێکی گرنگ و چارەنووسسازی لەگەڵدایە: (بِمَا كُنتُمْ تَعْمَلُونَ / يونس: ٢٣)، پاداشت و سزای گووفتارو ڕەفتارو ھەڵوێستەکانی خۆتان (بەڕێکوپێکی) وەردەگرنەوە. لەحاڵێکدا تا (بنخاڵ) پەشیمانن، کە ھیچ سوودێکی نییە!!

لێرەوە، لە ڕۆشنایی ئەم ھەقيقەتەوە، دەوری (فام و ئاوەز) دەردەکەوێت، بەوەی کەوا بتوانێت جڵەوی حەزو خواستی بگرێت و، بەھیچ شێوەیەک بەردەوام نەبێت لەسەر سنوورشکێنی، وە لەو ھەق و مافەی، وا خاوەنی (اللە)، بۆی دیاری کردووە، تێنەپەڕێت، ئەگەریش تێیکەوت، زوو لێی بێتەدەرێ و بگەڕێتەوە، وە ھەرگیز نەبێتە یارو یاریدەری ستەمکارو پشتگیری سەرەڕۆکانی نەکات. ئا ئەمە پێی دەوترێت (پەرێزی)، کە تاقیکاری ئێمەی مرۆڤ لەسەرئەوەیە، وە ئەو پەرستشانەش کەوا لەسەرمان بە ئەرک گیراون، لە بانیانەوە (ڕۆژو)، بۆ ئەوەیە ئەم گەوھەری (پارێزبەندی)ـە بەدەستبھێنین، بە بەڵگەی: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ/ البقرة:183). دەسا ئیتر ئەی (ژیرمەند)، ڕامێنە لەم ئەنجامە: (وَالْآخِرَةُ خَيْرٌ لِّمَنِ اتَّقَىٰ/ النساء: ٧٧)و لەسەر ھەڵوێستی درووستی خۆت پشوو درێژو خۆڕاگربە.

 

هه‌واڵی گرنگ