5 سوودی گرنگی بەڕۆژوبوون بزانن
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

5 سوودی گرنگی بەڕۆژوبوون بزانن

 

 

ڕۆژووگرتنێكی تەندروست جگە لە چێژی ئیمانییەكەیی و پابەندبوون بە یەكێك لە پایەكانی ئیسلام هاوكات چەندین سوودی تەندروستی هەیە.

1. دابەزینی كێشی لەش: دوای (8) سەعات لە هیچ نەخواردن، گەدە بەتاڵ دەبێ، جەستە بۆ بەدەست هێنانی ووزەی پێویست پەنا دەباتە بەر ئەو گلوكۆزەی لەناو ماسولكەو جگەردایە (بۆیە هەست بە شەكەتی ماسولكەكان دەكەین)، دوای تەواوبونی شەكری خەزنكراو ئینجا چەوری زیادە دەتوێتەوە (بۆیە كێش دادەبەزێ)، كەسی ڕۆژوان بڕێكی زۆری كالۆری سەرف دەكات (1200) كالۆری لەڕۆژێكدا، ئەگەر خواردنیان تەندروست بێت نزیكەی (4) كیلۆ لە كێشیان دادەبەزێ.

2. پاك بوونەوە لە پاشەڕۆو ژەهرەكان : دووركەوتنەوە لەخواردن خواردنەوە بۆ ماوەیەكی درێژ لەش پاك دەكاتەوە لە ژەهرو ماددە زیانبەخشەكانی جەستە، ڕیخۆڵەكان خاوێن دەكاتەوەو سوڕی خوێن چاڵاك دەكات.

3. دابەزینی چەوری خوێن: چەندین توێژینەوە ئەوەیان دەرخستووە كە ڕۆژووبوون ڕێژەی چەوریە خراپەكان (چەوری دڵ و چەوری سەر جگەر) دادەبەزێنێ و ڕێژەی چەوری باش بەرز دەكاتەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەكارهێنانی چەوری خەزن كراوی ژێر پێست و سەر جگەر لەلایەن جەستەوە دوای تەواوبونی شەكری خەزن كراو.

4. ڕۆژووگرتن بەرگری لەش بەهێز دەكات : بەڕۆژووبوون ئاستی دژە ئۆكسان و دژە هەوكردنەكانی وەكو (IL-1b، IL-6، tumour necrosis factor) زیاد دەكات ئەمانەش كاریگەری باشیان هەیە بۆ كەم كردنەوەی مەترسی مردنی خانەكان و شێرپەنجەكان و تووشبوون بە نەخۆشی زەهایمەرو پاركینسۆن، ڕۆژوو گرتن ژمارەی خڕۆكە سپیەكان زیاد دەكات و خڕۆكە پیرەكان ڕادەماڵێ بەمەش سیستەمی بەرگری بەهێزتر دەكات.

5. هێوركردنەوەی دەروون : هەرچەندە لە سەرەتای بەڕۆژووبوون بەهۆی ووشكبونەوەو دابەزینی ئاستی شەكری خوێن و تێكچوونی كاتی خەوو خواردن باری دەروونی تێك دەچێت، بەڵام ووردە ووردە كەسی بەڕۆژوو لەگەڵ ئەم بارە تازەیە ڕادێت، لە كۆتاییدا بەهۆی زیاد دەردانی هۆرمۆنەكانی ئیندۆرفین و سیرۆتۆنین و بەهۆی تازەبوونەوەی خانەكانی مێشك؛ بە ڕۆژووبوونی ڕەمەزان كاریگەری باشی دەبێ بۆ كەمكردنەوەی خەمۆكی و سترێس و دڵەڕاوكێ و هەروەها بەرزكرنەوەی ئاستی ئاگایی و تەركیزو ڕێزگرتن لە خوود، لەلایەكی ترەوە بەڕۆژووبون ڕێگایەكی كاریگەرە بۆ چارەسەری حاڵەتەكانی ئیدمانبوون بە جگەرەو كهول و ماددە هۆشبەرەكان.

(داهات حەوێزی – پزیشكی پسپۆری هەناوی و شەكرە)

هه‌واڵی گرنگ