چەند ڤایرۆس لە هەناوماندا دەژین ؟؟
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

چەند ڤایرۆس لە هەناوماندا دەژین ؟؟

 

 

ڤایرۆسەكان بەشێكن لە شفرەی بۆماوەیی ئازادو هەموو كات هەڕەشە نین بۆ شارستانییەتەكان، بەڵكو چەند سوودێكیشیان هەیە.

زانایانی بەشی بایۆلۆژیای مایكرۆسكۆبی لە زانكۆی پزیشكی سیبیریا باس لە پێكەوە ژیانی مرۆڤ و ڤایرۆسەكان دەكەن بە درێژایی تەمەنی شارستانییەتەكان و ئاماژە بەوە دەدەن لەگەڵ تەمەنی مرۆڤایەتی و گەشەكردنیدا ئەو زیندەوەرە زۆر وردانەی كە بەچاوی ئاسایی نابیندرێن بەردەوام بوون لە چاڵاكییەكانیان لە هەناوی مرۆڤدا.

یەكێك لەو زانایانە دەڵێت : ڤایرۆسەكان تەنها زیندەوەر نین، بەڵكو بەشێكن لە شفرەی بۆماوەیی ئازادو بۆ ئەوەی زیاد بكەن پێویستە بچنە ناو خانەوەو تایبەتمەندی هەمەجۆرییان هەیە، ئەمەش وایكردووە زاناكان نەتوانن ژمارەی ئەو ڤایرۆسانەی لەناو لەشی مرۆڤێكی تەندروستدا دەژی دیاریبكەن، بەڵام بەپێی هەڵسەنگاندنە نزیكەییەكان ژمارەی ئەو زیندەوەرە مایكرۆسكۆبییانە بە (400) تریلیۆن مەزەندە كراوە كە نزیكەی (10) هێندەی ئەو بەكترییایانەیە كە لەناو لەشدا دەژین، كێشی هەموو ئەو بەكتریایانەی لەلەشی مرۆڤێكدا دەژین نزیكەی كیلۆگرامێك بۆ دوو كیلۆگرامە، بەڵام كێشی هەموو ڤایرۆسەكانی ناو هەناوی مرۆڤێك ناگاتە چەند بەشێكی میلیگرامێك.

ئەو وتیشی: زاناكان توانیویانە بەشێكی زۆری بەكتریاكانی ناو لەشی مرۆڤ بناسن، بەڵام ئەستەمە بۆیان هەموو ڤایرۆسەكان بناسن، لەبەر ئەوەی بەردەوام لەگۆڕانكاریدان و جۆری نوێیان لێدروست دەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا كە هەرچەندە ژمارەی ڤایرۆسەكان زۆر زۆرن، بەڵام بەشێكی زۆر كەمیان دەبنە هۆی مەترسی بۆ مرۆڤ، چونكە ئەو زیندەوەرە زۆر وردانە وەك ئاژەڵی دڕندە وان لە جیهانەكەی خۆیانداو ئەگەر ئەوان نەبوونایە مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی كێشەی زۆر دەبووەوە، لەبەر ئەوەی ڤایرۆسە بەكتریاخۆرەكان لەو زیندەوەرانەن كە ژمارەی بەكتریاكان لە سیستەمی ژینگەییدا رێكدەخەن لەوانەش لە ناو لەشی مرۆڤدا.

ئەو زانایە دەشڵێت، ئەگەر ڤایرۆس لە هەسارەكەماندا نەمێنێت ئەوا جۆرە میكرۆبێك زۆر دەبێت كە جۆرەكانی دیكەی ژیانی دەخوات و دەبێتە هەڕەشەیەكی گەورە بۆ ئۆقیانوس و دەریاكان كە بەكتریا (90%) ی بارستاییەكەیان پێكدەهێنێت و نیوەی ئۆكسجینی سەر هەسارەكەمان بەرهەم دێنێت.

بە گوێرەی قسەكانی ئەو زانا روسییە، لەو كاتەی بەكتریاكان بەرگری لە بەرامبەر دژە زیندەییەكان وەردەگرن دەكرێت ئەو ڤایرۆسە بەكتریاخۆرانە یارمەتی مرۆڤ بدەن، بۆ نموونە ڤایرۆسی (GB) ی بێ زیان پەیوەندی بە خاوكردنەوەی گەشەی نەخۆشی ئایدزەوە هەیەو دەركەوتووە ئەو كەسانەی كە ئەو جۆرە ڤایرۆسەیان هەیە دەتوانن بەرگری پەیدا بكەن لە بەرامبەر ڤایرۆسی ئیبۆلاش.

هەروەها وتی: مێژووی مرۆڤایەتی پەیوەستە بە چاڵاكی ڤایرۆسەكانەوە كە جینۆمی مرۆڤەكان دەگۆرێت، وتیشی: بۆ زانیاری هەموو لایەك ڤایرۆسەكان بە بەشێكی جینۆمی مرۆڤ دادەنرێن و هەر ئەوانیش بە بەردەوامی گەشەدەدەن بە سیستەمی بەرگری مرۆڤ.

بەپێی زانیارییە باوەرپێكراوە دەستكەوتووەكانیش گەشەكردنی ژمارەی دانیشتووانی گۆی زەوی كە ساڵی (1927) تەنها (2) ملیار كەس بووە لە ساڵی (2021) یشدا گەیشتۆتە (7) ملیار كەس، زەمینەیەكی لەباری رەخساندووە بۆ گەشەكردنی ئەو ڤایرۆسانەی لە لەشی مرۆڤدا دەژین، لەبەر ئەوە پێشبینی دەكرێت ژمارەی ئەو ڤایرۆسانە زیاد بكات.

زانا رووسییەكە بۆ ئەمەش دەڵێت: زۆربوونی ڤایرۆسەكان وا دەكات زانیاری زیاتریان لەسەر كۆبكەینەوەو بزانین چۆن سوودیان لێوەردەگرین بۆ بەرژەوەندی مرۆڤایەتی.

هەروەها سەبارەت بە پێشبینیكردنی ئەو پەتایانەی كە بە هۆی ڤایرۆسەكانەوە لە ئایندەدا سەرهەڵدەدەن، زانا رووسییەكە ئاماژەی بەوە داوە كە هەرچەندە ئەوە وەك كێشەیەكی ئایندە دەبینرێت، بەڵام پێشكەوتنەكانی زانستی پزیشكی و ڤایرۆلۆژی دەتوانێت مەترسی و هەڕەشەكان كەمبكاتەوەو دیدێكی نوێ بۆ مرۆڤ دروست بكات و وای لێبكات ژیرانەتر لەگەڵ زۆربەی جۆری ئەو ڤایرۆسانەدا مامەڵە بكات.

(ئامادەكردنی: تارا شێخ عوسمان)

هه‌واڵی گرنگ