بەداخەوە ئەمڕۆ زۆرکەس جیاوازی ناکات لەنێوان ئەو دوو چەمکەدا.. تەنها بەخێوکردن بۆ ئاژەڵانە ،بەڵام مرۆڤەکان لەپاڵ بەخێوکردندا پێویستیان بە پەروەردەیە ، مرۆڤ وەک هەرگیاندارێک بە خواردن و خواردنەوە ( بەخێوکردن) لەشی پێدەگاو گەورە دەبێ ، بەڵام لەڕێگەی بەپەروەردەوە عەقڵ و هۆشی گەورە دەبێ و هەڵسوکەوت و ڕەفتاری جوان دەبێ .
زۆرێک لەئێمە ئەوەندە خەمی بەخێوکردنمانە ،نیوەی ئەوە بیرو بایەخمان لای پەروەردە نیە. خۆراک و جل و بەرگ بۆ منداڵەکانمان دابین دەکەین،بەڵام کەمتر خۆمان بە پەروەردەکردنیانەوە ماندو دەکەین.
تەماشاکەن بەتایبەتی لەم ماوەیەدا کە دەرگای قوتابخانەو خوێندنگە کان داخراون، چەندەها مێرد منداڵ و هەرزەکار لاو، بەرەڵای سەرجادەو کۆڵانەکا بوون و بە شێوازی جۆراو جۆر ،هەرلە جگەرەکێشانەوە بگرە ، تاکو فڕکای فڕک بە ماتۆڕی (دەبابە) و هەروەهافیتەو چەقەنە لێدان وشتی تریش، خەڵکی هەراسان دەکەن .
خۆزگە دایک وباوکان و مامۆستاو پەروەرشیارانی بەڕێزی وڵاتەکەم، ئاوڕێکی جددییان بەلای بواری پەروەردەدا دەدایەوەو گوێیان لە ئامۆژگاری و پێشنیازو قسەکانی پیاوانی وەک دکتۆر (کەریم شەریف قەرەچەتانی) دەگرت و جێبە جێیان دەکرد،بۆئەوەی نەوەیەکی ساخلەم و تەن و هۆش دروست پێ بگەیەنین ،کە لە داهاتودا بەکەڵکی وڵاتەکەبێن .