باشترین جۆر لەجۆرەكانی ڤاكسینی كۆرۆنا بزانە
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

باشترین جۆر لەجۆرەكانی ڤاكسینی كۆرۆنا بزانە



د. داهات حەوێزی پسپۆڕی هەناو و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید هێمن بڵاویكردەوە: لە ڕاستیدا ئەو ڤاكسینانەی ئێستا لە كوردستان بەردەستن هەموویان بە فیلتەری زانستیی بەهێزدا تێپەڕیون و بەپێی پێوەرە زانستییەكان كاریگەر و سوودبەخشن بۆ پاراستنی مرۆڤ لە تووشبوون بە كۆرۆنا یان كەمكردنەوەی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە مرۆڤدا لە باری تووشبووندا.

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

زۆر قسە و باس هەیە و زۆریش لێمان دەپرسن كە كامە ڤاكسین لە هەموویان كاریگەرترە و كامەیان لە هەموویان بێزیانترە؟
لە ڕاستیدا ئەو ڤاكسینانەی ئێستا لە كوردستان بەردەستن هەموویان بە فیلتەری زانستیی بەهێزدا تێپەڕیون و بەپێی پێوەرە زانستییەكان كاریگەر و سوودبەخشن بۆ پاراستنی مرۆڤ لە تووشبوون بە كۆرۆنا یان كەمكردنەوەی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە مرۆڤدا لە باری تووشبووندا.
ئەو دامەزراوە و كۆمپانیایانەش كە ڤاكسینەكانیان دروستكردووە پاشخانی زانستیی بەهێزیان هەیە و متمانەپێكراون، بە تایبەت ئەو سیانەی ئێستا لە كوردستان و عێراق هەن: سینۆفارم، ئەسترازینیكا و فایزەر.
هەریەك لەم سێ ڤاكسینە بە ڕێگەیەكی جیاواز دروستكراوە و بەشێوەیەكی تایبەت هانی كۆئەندامی بەرگری دەدات دژەتەن و شێوازی دیكەی بەرگری لە دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا دروستبكات.
ئاساییە دوای وەرگرتنی هەركام لە ڤاكسینەكان تووشی لەرز و تا و ئازار ببی و لە زۆربەی حاڵەتەكاندا كەمتر لە ٤٨ كاتژمێر دەخایەنێت، لەكاتی دەركەوتنی ئەم نیشانانە ئاساییە دەرمانی ئازارشكێن بەكاربهێنیت.
دەركەوتنی ئەم نیشانانە مانای ئەوە نییە كۆرۆنات گرتووە و دەیگوێزیتەوە، نەخێر ئەمە تەنیا كاردانەوەی كۆئەندامی بەرگرییە و نابێتە مەترسی بۆ كەسانی دەوروبەرت.
لە هەندێك باری زۆر دەگمەندا (ڕێژەی یەك لە ٢٠٠ هەزار) لەوانەیە لێكەوتەی نەخوازراوی قورستر دەربكەوێت وەكوو مەیینی خوێن كە پێویست بە چارەسەر دەكات لە نەخۆشخانە.
ڤاكسینەكان بە دوو ژەم دەدرێن كە نێوانیان چەند هەفتەیەك بۆ چەند مانگێكە و پێویستە هەردوو ژەمەكە وەربگریت تاوەكوو باشترین ئاستی بەرگری پەیدا بكەیت.
ئاگاداربە لەگەڵ وەرگرتنی ڤاكسینەكە دەستبەجێ بەرگری پەیدا ناكەیت، بەڵكو سێ هەفتەی دەوێت تاوەكو هەندێك بەرگری پەیدا دەبێت و پاش تێپەڕبوونی ماوەیەك دوای وەرگرتنی ژەمی دووەم ئینجا بەرزترین ئاستی بەرگری دەستپێدەكات، بۆیە ناكرێت لەگەڵ وەرگرتنی ژەمی یەكەم خەمساردی بنوێنیت لە ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی.
بە سەرنجدان لەم راستییانە پێتاندەڵێم: باشترین ڤاكسین ئەو ڤاكسینەیە كە ئاسانتر و زووتر دەستت دەكەوێ.

هه‌واڵی گرنگ