ئەم خواردنانە لە لەبیرچوونەوە دەمانپارێزن
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەم خواردنانە لە لەبیرچوونەوە دەمانپارێزن

 

 

هەندێك كەس هەستدەكەن ناوبەناو شتیان بیردەچێتەوەو بەئاسانی ناوی كەسەكان و شوێن و كاتێكی دیاریكراویان بیر ناكەوێتەوەو بەهۆیەوە تووشی هەڵوێستی ناخۆش دەبن، كە زۆرجار هەست بە بێزاری و هەندێك جاریش ترسی تووشبوون بە زهایمەریان لەلا دروست دەبێت، پسپۆرانیش هۆكاری ئەو لەبیر چوونانە دەگەرێننەوە بۆ نیگەرانی و ماندوێتی زۆرو كەمخەوی، لە هەمان كاتدا رێنمایی ئەو كەسانە دەكەن بۆ خواردنی هەندێك بابەتی خۆراكی كە رۆڵیان هەیە لە باشتركردنی ئەركەكانی مێشك و چاڵاككردنەوەی یادگە.

پێگەی (Medical Express) میدیكەڵ ئێكسپرێسیش لە زمانی پسپۆڕانی خۆراكییەوەو بە مەبەستی بەهێزكردنی یادگەو روبەڕوبوونەوەی لەبیرچوونەوە، پێنج خۆراكیان دیاریكردووە بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی هەستدەكەن شتیان بیر دەچێتەوە، كە ئەمانەن:

یەكەم: هێلكە ...

هێلكە سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی چەندین توخمی خۆراكی گرنگە بۆ راگرتنی بەهێزی مێشك، لەوانەش ڤیتامینەكانی (B6،B12) و فولات و كۆلین، كۆلین یارمەتی لەش دەدات لە بەرهەمهێنانی ئسیتیل كە جۆرێكە لە گوێزەرەوە دەمارییەكان و مەگێز رێكدەخەن و یادگە چاڵاك دەكەنەوە، زەردێنەی هێلكە دەوڵەمەندە بە كۆلین.

دووەم: سەوزە ...

پسپۆڕان هەمیشە رێنماییمان دەكەن بۆ خواردنی سەوزە بە تایبەت ئەوانەی رەنگیان سەوزەو یارمەتیدەرن لە كەمكردنەوەی ئەو زیانانەی رەنگە بەر مێشك بكەون و بە هۆیەوە یادگە لاواز بێت، باشترین سەوزەكانیش (بروكلی و كەلەرم و بیبەرو سپێناخ) ەو هەموویان سوودی زۆریان هەیە بۆ یادگە.

سێیەم : ماسی ...

ماسی بە تایبەت سەلەمون و ساردین زۆر گرنگن بۆ چاڵاككردنەوەی یادگە، چونكە دەوڵەمەندن بە (ئۆمێگا – 3) ئەم مادەیە پەرە دەدات بە ئەركەكانی مێشك و یارمەتی چاڵاكبوونەوەی یادگەو لە بیرنەچوونەوە دەدات، پسپۆڕان ئامۆژگاریمان دەكەن هەفتەی دوو جار ماسی بخۆین.

چوارەم: چەرەزەكان ...

چەرەزەكان بەسەرچاوەی گرنگی ڤیتامین (H) دادەنرێن كە دژە ئۆكسانەو یارمەتیدەرە بۆ كەمكردنەوەی كەمی تێگەیشتن، ئەم حاڵەتەش لە زۆربەی ئەو كەسانەدا دەبینرێت كە چوونەتە تەمەنەوە، بەپێی چەندین توێژینەوەش دەركەوتووە (بادەم) یەكێكە لەو چەرەزانەی بە شێوەیەكی بەرچاو یادگە چاڵاك دەكاتەوە.

پێنجەم: توو ...

توێژینەوە جیاوازەكان دەریانخستووە خواردنی توو پەرە بە یادگە دەدات و رێگە لە لەبیرچوونەوە دەگرێت، چونكە دژە ئۆكسانەو یارمەتیدەرە بۆ زیادكردنی هوروژمی خوێن و ئۆكسجین بۆ مێشك.

ئا: تارا شێخ عوسمان

 

 

هه‌واڵی گرنگ