جەبار یاوەر: وردە وردە داعش خۆی ڕێكدەخاتەوە
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

جەبار یاوەر: وردە وردە داعش خۆی ڕێكدەخاتەوە

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت: داعش وەكو ڕێكخراوێكی تیرۆریستی تەواو نەبووە و كۆتایی نەهاتووە وردە وردە خۆی ڕێكدەخاتەوە ڕێگاكانی هاتوچۆوكردنەكانی بەتایبەتی لەنێوان عێراق و سوریا دەروازەی تایبەتی خۆی هەیە دەتوانێت جوڵە بكات شانە نوستووەكانی زیندوو كردۆتەوە.

فەریق ڕوكن جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند: یەكێك لە بڕیارەكانی كۆبوونەوەكانی پێشتری نێوان هەردوو لیژنەی باڵای هەماهەنگی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق بوو كە دەبێت لەهەموو ناوچەكانی ناكۆكی بەتایبەتی سەڵاحەدین و دیالە كەركوك و هەولێر و موسڵ هێڵی هاوبەشی بەرگری هەبێت لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، هێزی هاوبەشیش هەبێت بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە بەڵام هەنگاو نەنراوە بۆ جێبەجێكردنی ئەم بابەتە لەبەرئەوەیە لێپرسراوانی باڵای هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە داوای چالاككردنی ئەو ڕێككەوتنانەی تر دەكەن كە پێشتر كراوە لە كۆبوونەوەكانی ئەو لیژنانە بۆئەوەی جێبەجێ بكرێت لەڕووی مەیدانییەوە، ئێمە دوێنێ وەكو لیژنەی باڵا بەشداریمان لە كۆبوونەوەیەكی باڵای حكومەتی عێراق كرد بەسەرپەرشتی بەڕێز كازمی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران كە هەموو لێپرسراوانی دامودەزگا ئەمنی و لێپرسراوانی سەربازیەكانی بانگهێشت كردبوو لەگەڵ ئێمەش وەكو وەزارەتی پێشمەرگە دیسان جەختكرایەوە هەنگاوی پەلە بنرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە و چاوەڕێی هەنگاوی عەمەلین لەلایەن حكومەتی عێراقەوە.

فەریق ڕوكن جەبار یاوەر ئەوەشی وت" باسكردن لەپێكهێنانی هێزی هاوبەش هیچ پەیوەندی بەو هێرشەوە نییە بەتەنها كە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كرایە سەر پێشمەرگە ئێمە لە 2019 وە كە دكتۆر عادل عەبدولمەهدی ئەو كاتە فەرمانێكی دەركرد لەفەرمانەكەیدا وادیاریدەكات ناوەندی هەماهەنگی هێزی سەربازی و ئەمنی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دابمەزرێنرێت، ناوەندی هێزی هاوبەش دابمەزرێنیین و بەیەكەوە پرۆسەی هاوبەش ئەنجام بدەین، داوایكردووە لەماوەی مانگێك ئەو پرۆسەیە جێبەجێ بێت لەكانونی یەكەمی ساڵی 2018 بوو ئەو فرمانی دەركردووە ئێستا ئێمە لەمانگی پێنجی ساڵی 2021 داین واتە سێ ساڵە ئەو فرمانە دەركراوە دوای ئەوەش دیسان "بەڕێز كازمیش" ئەو فرمانەی دوبارەی كردۆتەوە بەڵام كارا نەبووە لایەنی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ نەهاتۆتە پێشەوە ئێمە ئامادەین چاوەڕێی ئەوەین كە هەنگاوی جدیترین پاش ئەو كۆبونەوەیەی پێرێ كرا."

"لایەنی عێراقی جددی نەبوون "
فەریق ڕوكن جەبار یاوەر ئەوەشی وت" لایەنی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق لیژنەی باڵای هەماهەنگی سەربازی و ئەمنی پێشتر جدی نەبوون بەهۆی بوونی كێشە لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی عێراقی بەهۆی ئەوەی كێشەی سیاسی لەناو خودی عێراقدا هەیە، بابەتە سەربازییەكان بەلارێدا دەبرا فشاری سیاسی هەبوو لەعێراق كە ئەمە جێبەجێ نەكرێت دەبێت ئەو فشارە سیاسیە لاببرێت لەبەرئەوەی هەڕەشەی داعش هەیە، كاروباری ئەمنی و سەربازی جیابكرێتەوە لەكاروباری سیاسی."

" داعش وەكو ڕێكخراوێكی تیرۆریستی تەواو نەبووە و كۆتایی نەهاتووە "
فەریق ڕوكن جەبار یاوەر جەختیكردەوە "هەڕەشەی داعش هەر هەبووە و هەر بەردەوامبووە و جدی بووە تەنانەت دوای كۆتایی هێنان بە ئیمارەی ئیسلامی داعش لەناوچەكانی موسڵ و لەشامیش واتە لەسوریاش هەرماوە چونكە داعش وەكو ڕێكخراوێكی تیرۆریستی تەواو نەبووە و كۆتایی نەهاتووە بەڵام شێوازی كاری تیرۆریستی گۆڕیووە دەوڵەتی هەبووە ئێستا بەشێوازی گروپی بچوك بچوك و پەلاماردان بەهەردوو شێوازەكە هەم بەشێوازی فیكری تیرۆریستی لە سۆشیال میدیاوە هەم لەڕێگەی چەكەوە بەردەوام بووە و هەڕەشەی داعش كۆتایی نەهاتووە لەسەر عێراقە لەسەر هەرێمی كوردستانە لەسەر سوریایە لەسەر لیبیایە لەسەر یەمەنە لەسەر میسرە لەسەر ئەوروپایە لەسەر هەموو وڵاتانی دنیا خۆ كۆتایی نەهاتووە گروپی تیرۆریستی داعش."

" وردە وردە داعش خۆی ڕێكدەخاتەوە "
دەربارەی هۆكاری خۆ ڕێكخستنەوەی داعش وەك لەوەڵامەكانیدا ئاماژەی پێكرد؟ ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە وتی" بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە وردە وردە داعش خۆی ڕێكدەخاتەوە ڕێگاكانی هاتوچۆوكردنەكانی بەتایبەتی لەنێوان عێراق و سوریا دەروازەی تایبەتی خۆی هەیە دەتوانێت جوڵە بكات شانە نوستووەكانی زیندووكردۆتەوە و دەیەوێت فشارێكی زیاتر بكات لەبەرئەوەی بیسەلمێنێت كە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش هەرماوە و دەتوانێت زیان بدات لەبەرئەوە جارجار كارە تیرۆریستیەكانی زیاد دەكات. "

ئاماژەت بەوەكرد داعش وردە وردە خۆی ڕێكدەخاتەوە ئایا دەگاتەوە ئەوەی وەك ساڵی 2014 یان لێبێت؟ لەوەڵامدا فەریق ڕوكن جەبار یاوەر وتی"نەخێر ناگاتە ئەوە، ناتوانن بگەنە حاڵەتی دروستبوونی ئیمارەتێك وەكو جاران بەڵام هەڕەشەیەكی جدیین لەسەر ئاسایشی هەموو ناوچەكان."

" وەزارەتی پێشمەرگە هەوڵدەدات زیاتر سەنگەرەكان و ئەو هێڵە بەرگرییەی توندتر و باشتر بكات "
فەریق ڕوكن جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بەهاوكاری كردنی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ڕوبەڕووبونەوەی داعش وتی" لەسەر ئاستی كوردستان ئێمە هێڵی بەرگریمان هەیە لەخانەقینەوە دەستپێدەكات هەتا دەگاتە ناوچەكانی جەحێرا و فیشخابور لەسەر سنوری سوریا كە نزیكەی هەزار كیلۆمەترە هەمان ئەو میحورانەی كە هەمانە لەو ناوچانە هەمان هێڵی بەرگریمان هەیە وەزارەتی پێشمەرگە هەوڵدەدات زیاتر سەنگەرەكان و ئەو هێڵە بەرگرییەی توندتر و باشتر بكات، لەگەڵ هاوپەیمانان هەماهەنگی بەردەواممان هەیە كە پشتیوانی هێزەكانی پێشمەرگە بكەن لەڕووی مەشق و لەڕووی ئاسمانی و لەڕووی هەواڵگری و لەڕووی ڕاوێژكاری، لەئاستی عێراقیشدا هەوڵدەدەین ئەو ڕێككەوتنانەی كە لەبواری هەماهەنگی سەربازی و ئەمنی لەو ناوچانەی كە ناكۆكی هەیە وەكو دروستكردنی هێزی تایبەت و هێڵی بەرگری تایبەت ئەوانە هەوڵەكانی هەرێمی كوردستانن."

"مامەڵە لەگەڵ لایەنە فەرمییەكانی عێراق دەكەین و هەماهەنگی لەگەڵ هەموو هێزە چەكدارەكانی عێراق دەكەین."
دوای ڕاگەیاندنەكانی بەرپرسانی هەرێم و خودی ئێوە وەك وەزارەتی پێشمەرگە گللەیی ئەوەتان لەلایەنی حكومەتی عێراقی دەكرد كە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە هێزێكی هاوبەش پێكناهێنێت بەڵام تائێستاش وەك خۆتان پێشتر باستان كردووە هێزێكی یەكگرتووی پێشمەرگە نیە ئایا ئەمە نەبۆتە گرفتێك كە عێراق دڵنیا نەبێت لەگەڵ كام هێزەدا هێزی هاوبەش پێكبهێنێت؟

لەوەڵامدا فەریق ڕوكن جەبار یاوەر وتی" هەماهەنگیەكە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراقە زیاتر لەگەڵ فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراقە لەنێوان پێشمەرگە و سوپایە، ئێمە وەكو لایەنی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە مامەڵە لەگەڵ لایەنە فەرمییەكانی عێراق دەكەین و هەماهەنگی لەگەڵ هەموو هێزە چەكدارەكانی عێراق دەكەین."

هه‌واڵی گرنگ