لە وڵاتێکدا دەژین هیچ شتێک لە جێی خۆی نەماوە نەعەقڵ و نە دین نەویژدان ، هەمووی بووە بە قوربانی بەرژەوەندی و پەیداکردنی نان ، هەمووی بووە بە خزمەتکارو تەنفیز کردنی ئەمری گەورە و ئاغاکان !!
سەردەمانێک خوێندن و زانست مووقەدەس و ڕێز لێگیراو بوو ، سومعەی مامۆستاو کتێب و قەڵەم زۆر باش ئەنرخێنرا و لە بەر چاو دەگیرا ، بۆیە کەم کەس هەبوو گەر تۆزێک کۆلکە خوێندەوار یان هەر نەخوێندەواریش بووایە ، لەبەر گەورەیی عیلم و زانست ، قەڵەمێک یان دووان بەسەر شانی یان لە گیرفانیدا نەبووایە.
بەڵام حەیف زۆر بەداخەوە بۆ ئەم ڕۆژگارەی تێی کەوتووین بە بەرنامەو بە مەبەست کار دەکرێت بۆ بێ نرخ کردنی عیلم و سووک کردنی هەڵگرانی مەشخەڵی ڕووناکی و ئومێدی ئایندەی ووڵات و نەوەکانمان کە مامۆستایانن...
ئەوەی مەبەستی منە لێرەدا چارەنووسی خوێندنی ئەم ساڵە دوای چەندەها کۆ بوونەوەو بیرکردنەوەی قووڵ و دوواجار گەشتن بە بڕیارێک کە عەسڵەن نەک هەر لە بەرژەوەندی خوێندکار نییە بگرە تووشی شپرزەیی و مەلەلیشی ئەکات..
ئاخر مەعقول چییە ، ئەو هەموو بەناو ڕابەرو پێشەوا و ڕۆشنبیر و دکتۆراو بڕۆفیسۆرانە ئەم مەهزەلەیە قبووڵ بکەن ، بەبێ کێشانەو پێوانەو بەراورد بە تەنها ( 15 ) وانەو پۆخڵەکردن و کورت کردنەوەی مەنهەجی خوێندن ، ساڵێکی پێ بەڕێ بکەن و دوایش پۆزی پێوە لێبدەن !!.
ئاخر لە کوێی دوونیا هەبووە نوخبەی پەروەردەو بەرپرسانی دەوڵەت هیچ بیرێک لە بەرژەوەندی ووڵات و خوێندکارو چارەنووسیان نەکەنەوەو بە مەزاج و مەصڵەحەتی خۆیان بڕیار بدەن !!
بۆیە دەڵێم گەر کەسانی پاک و دڵسۆزو لێهاتوو جێگەی ئەم بەرپرس و کاربەدەستانە نەگرنەوە ، چارە نووسی ووڵات بەرەو ئایندەیەکی تاریک و جاهیل هەنگاو هەڵدەگرێت!!......