له بهیاننامهكهدا، شانەی راگەیاندنەکانی ئەمنی عێراق رایگەیاند: بەرەبەیانی ئەمڕۆ یهكشهممه، چالاکوانێکی مەدەنی لە هێرشێکی چەکداریدا کوژرا، پۆلیسی پارێزگای کەربەلا، هەوڵەکانی دەستپێکردووە بۆ گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی دەستڕێژی گوللـەیان لەو چالاکوانه کردووە.
لە بەیاننامەیەکدا، ئهمڕۆ یهكشهممه، شانەی راگەیاندنەکانی ئەمنی عێراق بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەک چەکدار کە ماتۆڕسکیلیان پێ بووە، هێرشیان کردە سەر "ئیهاب جەواد وەزنی"، چالاکوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی تشرینی یەکەم لە کەربەلا و بەهۆیەوە کوژرا.
شانەی راگەیاندنەکانی ئەمنی عێراق ئاشكرایكردووه، روداوەکە لە شەقامی کەربەلا، لە پارێزگای کەربەلا رویداوە و پۆلیسی پارێزگاکە هەموو هەوڵەکانی بۆ دەستگیرکردنی ئەو تیرۆریستانەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە، دەستپێکردوە.
جێگهی باسه، دوای خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019، کە زیاتر لە 600 خۆپیشاندەر کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، کوشتنی چالاکوانان و هەوڵەکانی کوشتنیان لە پارێزگاکانی عێراق لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە شێوەیەکی رێکخراوی وەرگرتووە، ئاماری رێکخراو و چالاکاوانانی مەدەنی ئاماژە بۆ کوژرانی 29 چالاکوان دەکەن، لە چوار مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو، جگە لە 30 هەوڵی دیکەی کوشتن.