وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند کە ئیدانەی ھێرشی ھێزەکانی ئیسرائیل بۆسەر نوێژخوێنانی فەڵەستین دەکات و داواشی کرد کە ئەو ھێرشانە رابگێردێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەنراوێکی سەبارەت بە پێشھاتەکانی رەوشی قودسی رۆژھەڵات'ی داگیرکراو و مزگەوتی ئەقسا بڵاویکردەوە و تیایدا ھاتووە: "حکوومەتی عێراق ئیدانەی ھەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا و ھێرشکردنە سەر نوێژخوێنانی فەڵەستینی لە لایەن ھێزەکانی ئیسرائیل دەکات".
ئاماژە بەوەشكردووە کە گەل و حکوومەتی عێراق پاڵپشتیی لە رۆڵەکانی قودسی پیرۆز دەکات و ھاتووە:"داوا دەکەین ھێرشی ھێزەکانی ئیسرائیل، بۆسەر فەڵەستینییەکان لە قودس رابگرێت".
لە راگەیەنراوەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر ئەوەی کە عێراق ھەڵوێستی نەگۆڕە بەرامبەر بە پرسی فەڵەستین و بە پرسێکی گرنگی دەزانێت.
شایەنی باسە ئەمە دوای ئەوە دێت شەوی رابردوو پۆلیسی ئیسرائیل ھێرشکردبووە سەر نوێژخوێنان لە مزگەوتی ئەقسا و بەپێی دوایین ئامار لە ئاکامی ھێرشەکەدا، ٢٠٥ کەس برینداربوون.