ئەو دەمەی کە دەزانن جا تێدەگەن!!
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەو دەمەی کە دەزانن جا تێدەگەن!!

وشەی (العنکبوت)، یەکێک لە ناوى سورەتەکانی قورئانی پڕخێر، تەوەرەی ئەم سورەتە دەچەرخێت بە دەوری پرسی (باوەڕو ئیمان) و، (سوونەتی تاقیکاری خوایی ـ بۆ ساغکردنەوەی کرۆکی باوەڕداری) لە (مرۆڤ)دا: (أَحَسِبَ النَّاسُ أَنْ يُتْرَكُوا أَنْ يَقُولُوا آمَنَّا وَهُمْ لا يُفْتَنُونَ/ العنكبوت:٢). ئایا خەڵکی وایانزانیوە وازیان لێدەھێنرێت و پشتگوێ دەخرێن کە بڵێن ئیمان و باوەڕمان ھێناوە، لە کاتێکدا ئەوان تاقی نەکرێنەوەو تووشی ئەزموونکاری نەکرێن. 

تاقیکاری، کردەیەکی مەیدانی حەتمییەو، ئامانج لێی بۆ دەرخستن و خستنەڕووی ڕادەی ڕاستگۆیی ئەو کەسانەیە کەوا بانگەشەی باوەڕداری و موسڵمانێتی خۆیان دەکەن: (وَلَقَدْ فَتَنَّا الَّذِينَ مِن قَبْلِهِمْ فَلَيَعْلَمَنَّ اللَّهُ الَّذِينَ صَدَقُوا وَلَيَعْلَمَنَّ الْكَاذِبِينَ/٣).

جا وەنەبێت کارو کۆششی ئادەمیزاد، سوودو قازانجێ بە خوا بگەیەنەێت، نەخێر، بەڵکو ھەموو ھەوڵ و ھیمەت و کۆششێکی مرۆڤ بۆ خۆیەتی: (وَمَن جَاهَدَ فَإِنَّمَا يُجَاهِدُ لِنَفْسِهِ)، چوون (خواوەند) بێنیازە لە ھەموو بەدیھێنراوانی: (إِنَّ اللَّهَ لَغَنِيٌّ عَنِ الْعَالَمِينَ/ ٥).

بێگومان خەڵکی لەم پرسە چارەنووسسازەدا وەک یەک نین، ھەیانە ڕاستدەکات لەگەڵی و یەکڕووە، وە دەروناخی چوونیەکە. ھەروەک ھەیانە ڕاستناکات و دووڕووە، بە ڕواڵەت ئەوەی دەیڵێ و دەریدەخات جیاوازە لەگەڵ ئەوەی لە (ناخ و نيازی)دا حەشاریداوە، دەی (سوونەتی خوا) وایە، ئەو ھەقیقەتە ئاسان ئاشکرا دەکات: (وَلَيَعْلَمَنَّ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا وَلَيَعْلَمَنَّ الْمُنَافِقِينَ).

جا ئەوانەی لەم پرسی (خواناسین و باوەڕداریە)دا، ناپاکی و درۆزنی و دووڕوویی، دەکەنە خەسڵەت و پیشەی خۆیان، وە بێجگە لە (اللە)، ھەروا دوای ھەر دەسەڵاتدارو سەرەڕۆیێ، بکەون و، بە یارو دۆستی بزانن و دڵی پێخۆشکەن و پشتی پێببەستن، ئەوە بەدڵنیاییەوە، بەھەڵەداچوون و باجەکەی قورس دەکەوێت لەسەریان.

 بۆ چاکتر تێگەیشتن لە کرۆکی ئەم پرسە گرنگە، خاوەنی جیھانیان (اللە)، وێناو چواندنێکی نایابی ئاماژە پێداوەو فەرموویەتی: (مَثَلُ الَّذِينَ)، نموونە بۆ ئەو کەسانەی کەوا بێجگە لە (خوا)، دێن: (اتَّخَذُوا مِنْ دُونِ اللَّهِ أَوْلِيَاءَ)، کەسانێکی تر، وەک (گەورە، سەرۆک، بەرپرس، دۆست، پشتگر، دۆست .. تاد)، بۆ خۆیان دیاریدەکەن و لەوەودوا دڵیان پێخۆشدەکەن و پشتیان پێدەبەستن و گوێڕایەڵیان دەبن . ئەوە نموونەیان وەکو: (كَمَثَلِ الْعَنْكَبُوتِ اتَّخَذَتْ بَيْتًا). جاڵجاڵۆکە وایە کە ماڵێکی (بۆخۆی) ڕەخساندووە، کە بەڕاستی: (وَإِنَّ أَوْهَنَ الْبُيُوتِ لَبَيْتُ الْعَنكَبُوتِ لَوْ كَانُوا يَعْلَمُونَ/ العنكبوت: ٤١)، لاوازترین ماڵ ماڵی جاڵجاڵۆکەیە ئەگەر بزانن.

قورئانی پڕخێر، لە ئایەتەکەدا بە دەستەواژەی مێ (أنثی)، ئاماژەی بە (ماڵدرووستکەر)ەکە کردووە: (اتَّخَذَتْ)،  لە حاڵێکدا وشەی (العنکبوت) نێرە (مذکر). بەڵام لە کۆتایی ئایەتەکەدا فەرموویەتی (لَوْ كَانُوا يَعْلَمُونَ) ئەگەر بزانن و تێبگەن.

ئەوجا زانست پشتڕاستی ئەم ڕاستەقینەیەی کردۆتەوە کەوا نێرەی جاڵجاڵۆکە نازانێ ئەو ماڵیەیان درووستبکات، وە ئا بەو نەخشە وردو ئامانجدارە سەرەداوەکان بچنێت. بەڵکو ئەوە تەنھا مێیەکەیە پێی ھەڵدەستێت . لەگەڵ ئەوەشدا لەڕووی ڕواڵەتییەوە لاوازترین ماڵەو بەرگەی کەمترین ھێزی نەیار، ناگرێ و تێکدەچێت و وێران دەبێت.

دەسا ھەروا لە (ڕواڵەت)دا ئاوا لەرزۆک و لاوازە، ھەرواش لە (دیوی ناوەوە)و لە بواری پەیوەندی خێزانییەوە، لاوازترین خێزانن و خراپترین پەیوەدیان پێکەوە ھەیە لەناوخۆیاندا، چونکە مێکە دوای جووت بوون، نێرەکە لەناودەبات، پاشان بێچووەکان ھاتنە دونیا دایکەکەیان لەناو دەبەن!!

جا گرنگە بزانین، گوزەرو ڕێی ھاتنە ناوەوەی خراپەو ئاشوپ و پشێوی و ئاژاوەو تێکچوون (فتنة)، وەک تاڵەکانی ماڵی جاڵجاڵۆکە وان، ئاسان نییە سەرلێدەرکردن و جیاکردنەوە و دەربازبوون تیایاندا، چونکە زۆرو ئاڵۆزن، وە بە وردی و چڕی و بەربڵاوی گوزەرو ڕێ و ڕێچکەکان دەتەنرێن، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، ناسک و فشۆڵ و لاوازن، ئەگەر بێتو بچینە ژێرپەنای خاوەنی جیھانیانەوە (اللە)، وە بە درووستی بە دۆست و پشتیوانی خۆمانی بناسین و بزانین و، داوای یارمەتی و بەھاناوە ھاتنی لێ بخوازین.

 کەوایە (فَاعْتَبِرُوا يَا أُولِي الْأَبْصَارِ)، وانەو پەند وەربگرن ئەی خاوەن بیرو ھۆش و دوور بینیەکان.

 

 

هه‌واڵی گرنگ