به‌هۆی دۆخی ناجێگیری کۆرۆنا و رێکارەکانی خۆپارێزی هاتنی گەشتیار نزیک بووەتەوە لە سفر
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

به‌هۆی دۆخی ناجێگیری کۆرۆنا و رێکارەکانی خۆپارێزی هاتنی گەشتیار نزیک بووەتەوە لە سفر

دوای ئه‌وه‌ی هۆتێل و میوانخانەکانی پایتەختی هەرێم ئامادەکاری تەواویان کردبوو بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران له‌ جەژنی رەمەزان کە ساڵانە روو لە هەولێر دەکەن بۆ بەڕیکردنی رۆژانی جەژن، بەڵام قەدەغەی هاتوچۆ لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق و داخستنی بازگەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شارەکانی عێراق وایکرد ئامادەکاری خاوەن میوانخانەکان بەفیڕۆ بچێت و گەشتیار نەتوانن بێنە هەولێر بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزان.

ئه‌مرۆ  سێ شه‌ممه‌ 11 ی ئایاری 2021 زیرەک بیا ئیلیا سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەولێر، رایگەیاند "ئەم جەژنە وەک جەژنەکانی دیکە نییە، لەبەر ئەوەی هەم نەخۆشی کۆرۆنا هەیە هەم رێگاکان داخراون و گەشتیار ناتوانێت بێتە هەولێر، قەدەغەی هاتوچۆ لەلای حکوومەتی بەغدا هەیە و بازگەکان داخراون و لەلایەن هەرێمی کوردستانیشەوە بەهەمان شێوە بازگەکان داخراون لەبەرئەوە گەشتیار نایەت کە گەشتیاریش نەیەت هۆتێلەکان و میوانخانەکان کاریان کزدەبێت لە رووی گەشتیارییەوە".

سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: "ئەم دۆخە زیاتر بۆ هۆتێل و مۆتێلەکان قورسە، چونکە خەڵکی ناوخۆ ناچنە هۆتێل بمێننەوە، بەڵام کافتریا و چێشتخانەکان خەڵکی ناوخۆ دەچن کێشەکەیان بەو جۆرە گەورە نییە، لای ئێمەوە هەموو کاتێک شوێنە گەشتیارییەکان لە هۆتێل و چێشتخانە و کافتریاکان کراوە و ئامادەن، بەڵام بڕیارەکانی لیژنەی ئۆپەراسیۆنەکان (تایبەت بە کۆرۆنا) بەو جۆرەیە کە گەشتیار ناتوانێت بێنە ژوورەوە جگە لەوەش لەلایەن حکوومەتی بەغداشەوە قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاندووە بۆیە کێشەمان هەیە".

زیرەک بیا ئیلیا باسی له‌وه‌ش كرد "دەتوانم بڵێم لەم ماوەیەدا هۆتێلەکان لەسەدا ٩٠ زیانیان پێگەیشتووە، بەڵام چێشتخانە و کافتریاکان باشترن، چونکە خەڵکی خۆمان دەچن و سەردانیان دەکەن، بەڵام خەڵکی خۆمان ناچێتە هۆتێل".

هه‌روه‌ها ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌روو: "باشترین دۆخمان تاوەکو ساڵی ٢٠١٤ بوو پێش شەڕی داعش، ئەو کات جێگامان نەدەما لە هەموو میوانخانەکانماندا وای لێهاتبوو لە پارکەکاندا خێمەمان دادەنا بۆئەوەی گەشتیار تیایدا بمێنێتەوە، بەڵام لەدوای شەڕی داعش دۆخەکە گۆڕا و لەسەدا ٣٠ بۆ سەدا ٥٠ هاتنی گەشتیار کەمی کرد، بەڵام هیچ کاتێک وەک ئێستا نەبووە لە رووی کەمی گەشتیارەوە، بەهۆی کۆرۆناوە زیانێکی زۆر گەورەمان کرد. لە ساڵی ٢٠١٩ دۆخەکە باشتر بوو هۆتێلەکان نزیکبوونەوە لە پڕبوون و لەسەدا ٨٠ دۆخەکە بەرەو باشی رۆشت، بەڵام بە هاتنی کۆرۆنا بە یەکجاری دۆخەکەی وەستاند".

سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەولێر رایگەیاند "هەموو هۆتێلەکان ئامادەکارییان کردبوو بۆ پێشوازی لە گەشتیاران، بەڵام دۆخەکە زیانی لێدان، هێشتا مۆتێلەکان باشترە ئەوانەی لە سەیرانگاکان و ناوچە گەشتیارییەکانن، چونکە ئەوانە خەڵکی خۆمان روویان تێدەکەن، بەڵام هۆتێلەکانی ناو شار ئەگەر گەشتیار لە ناوەڕاست و باشووری عێراق نەیەن دۆخەکە لەسەریان زۆر قورس دەبێت".

هه‌روه‌ها دەربارەی کێشەکانی خاوەن هۆتێلەکان زیرەک بیا ئیلیا بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆلۆ ڕاشیگه‌یاند: "لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا دووجار لەگەڵ خاوەنی هۆتێل و مۆتێلەکان کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەربکرێت و هەوڵبدرێت رێگا بە هاتنی گەشتار بدرێت، هەفتەی پێشوو لەگەڵ پارێزگاری هەولێر کۆبووینەوە و دوێنێش لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر کۆبووینەوە، دوو داواکارییان هەیە یەکەم ئەوەیە رێگا بکرێتەوە بۆ هاتنی گەشتیار و دووەم کێشەی گرانی نرخی کارەبایان هەیە کە هەموو هۆتێلەکان حسابی شوێنی بازرگانیان بۆ کراوە و هەر هۆتێلێکی هەولێر نزیکی ٤٠ بۆ ٥٠ ملیۆن دینار پارەی کارەبا قەرزارن و بەهۆی نەبوونی کار و گەشتیار ناتوانن ئەو پارەیە بدەن، داواکارییەکەیانمان گەیاندووە و داواکارین بۆیان چارەسەر بکرێت، هەم رێگایەک بدۆزرێتەوە بۆ هاتنی گەشتیاران هەم نرخی کارەبایان لەسەر کەم بکرێتەوە، ئێستا چاوەڕێی وەڵام و چارەسەرین".

بەگوێره‌ی ئاماری کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان،  لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ٢٨٠ هۆتێلی یەک ئەستێرە تاوەکو پێنج ئەستێرە هەیە، ٩٣ مۆتێل و سێ گوندی گەشتیاری و ١٤ کۆمەڵگای گەشتیاری و حەوت هەوارگە هەیە، بە هەموویان ٣٩ هەزار و ٥٠٠ گەشتیاریان سەرینی خەویان بۆ گەشتیاران هەیە و لەکاتی پێویستدا دەتوانن ژمارەکەش زیادبکەن.

جگە لە شوێنەکانی مانەوە ٢٠٣ رێستۆرانت و ٥٢ باڕ و یانەی شەوانە و ١٦٤ خواردنی خێرای گەشتیاری و ١٦٤ کافتریاش هەن بۆ پێشوازی لە گەشتیاران.

 

 

هه‌واڵی گرنگ