«بۆ بیرهێنانەوە»
ئیسرائیل هەرگیز دۆستی کورد نەبووەو ئەگەر لەشەستەکان و حەفتاکانیشدا پاڵپشتی شۆڕشی کوردی کردوە لەباشوری کوردستان ، لەبەرچاوی کاڵی کوردنەبووە و پەیوەندی بەو ململانێیەی نێوان ئیسرائیل و عەرەبەوە هەبووە و ئامانج لاوازکردنی دەوڵەتی ئێراق بووە نەک سەرخستنی شۆڕشی کورد ..
هەمولا هەڵوێستی ( هنری کیسنجڕی جولەکە) ی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکامان لەبیرە کە چۆن پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ سادات لە ١٩٧٣ ، لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی ( ئاشتی عەرەب - ئیسرائیل) لە ئازاری ١٩٧٥ دەسبەرداری کوردو شۆڕشەکەی بوون و پشتیان دالە ئەرز .
لەسەردەمی نوێشدا لە ساڵی ١٩٩٩ مۆسادی ئیسرائیلی بوو کەهاوکاری دەزگای هەواڵگری تورکیا ( میت) ی کردو (نەتن یاهۆ) ی سەرەکوەزیرانی ئەوساو ئێستای ئیسرائیل بوو کە بەهاوئاهەنگی (پۆڵند ئەجەوید) ی سەرەکوەزیرانی تورکیا، ( عەبدوڵا ئۆجەلان) ی سەرۆکی پەکەکەیان دەسگیرکردو خستیانە زیندانەوە.
سەبارەت بە پاڵپشتی ئیسرائیلیش بۆ ڕیفراندۆمی کوردستان لە ٢٠١٧ لەڕاستیا ئەوەندەی قسەو دەس لەپشتدان بوو ، پشتگیرییەکی ڕاستەقینە نەبوو کە ئەنجام و ڕەنگدانەوەیەکی ئیجابی و جددی هەبێ، ئەوەبوو لە پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە ، پشتیان لە کوردکردو بەتەنها بەجێیان هێشت بۆ میلیشیا شیعەکان ، کەپەلاماری کوردستانیان داو تێکڕای ناوچە دابڕێنراوەکانیان داگیرکردەوە.