زانایانی ئەمریكا جۆرە بۆیەیەكیان دروستكردووە ئەگەری هەیە ببێتە جێگرەوەی ئامێرەكانی فێنككردنەوەو چارەسەرێكی باشیش بێت بۆ دیاردەی گەرمبوونی گۆی زەوی.
تیمێك لە توێژەرانی بازنەی ئەندازیاری میكانیكی لە زانكۆی (بیردیۆ) ی ئەمریكا گەشەیان بە جۆرە بۆیەیەك داوە كە بۆ رەنگكردنی سەربانی خانوو و تەلارەكان بەكاردێت و ئەنجامی توێژینەوەكەشیان لە گۆڤاری بە ناوبانگی (pplied Materials & Interfaces) بڵاوكردۆتەوە.
(زیولین رووان) مامۆستای ئەندازەی میكانیكی و سەرپەرشتیاری توێژینەوەكە لەوبارەیەوە دەڵێت: ئەم بۆیەیە رەنگێكی ئێجگار سپی هەیە كە (98.1%) تیشكی خۆر دەداتەوەو تەنها (1.9%) ی تیشكی خۆر هەڵدەمژێت و دەتوانێت بە تێكرای (19) پلەی فەهرەنهایت پارێزگاری لە ساردی سەربانەكان بكات، لە كاتێكدا بۆیە بازرگانییەكانی دیكە (٪10 بۆ ٪20) ی تیشكی خۆر هەڵدەمژن.
رووان دەشڵێت: بۆیەكە لە رێگەی دەردراوە تایبەتەكەیەوە گەرمی لەدەستدەدات و دەینرێت بۆ فەزای دوور، بەو شێوەیە گەرمییەكی زۆرتر لەوەی وەری دەگرێت لەدەست دەدات.
هەروەها وتی: ئەم بۆیە نوێیە زۆر ساردترەو هەموو تیشكی خۆر دەداتەوەو تیشكی ژێرسووریش دوور دەخاتەوە لە رووبەرەكان و هێزێكی ساردكردنەوە دەبەخشێت كە بە (113) وات دادەنرێت بۆ هەر مەتر چوارگۆشەیەك.
بەگوێرەی پێگەی (سمیتسۆنیان ماگ)، ئەم جۆرە بۆیەیە دەتوانێت یارمەتیدەری كەمكردنەوەی قەتیسبوونی گەرمای گۆی زەوی بێت و وا بكات پشبەستن بە فێنككەرەوەكان كەمتر بكاتەوەو چاوەڕوانیش دەكرێت لە دوو ساڵی داهاتوودا ئەو بۆیە زۆر سپییە بكەوێتە بازاڕەوە.
كەشتی نووح