لە شارۆچكەی چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر، لە دەڤەری باڵەكایەتی وەك نەریتێكی ئاینی، نوێژی جەژن لە دەرەوەی مزگەوت ئەنجامدرا.
ئەمڕۆ لەگەڵ یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا، لەناو سروشتی باڵەكایەتیدا نوێژخوێنان كۆبوونەوەو ئەركە ئاینییەكانیان بەجێگەیاند.
بەپێی سونەتێكی ئاینی ئیسلام نوێژی جەژن لە دەرەوە ئەنجام بدرێت باشترە، كە لە سەردەمی پێغەمبەری سەردار (صلی الله علیه وسلم) ئەم سونەتە كراوە بەناوی سونەتی، (مصلی) كە نوێژخوێنان دوای ئەوەی نوێژی بەیانی لە مزگەوت دەكەن بۆ نوێژی جەژن دەڕۆن لە دەرەوەی مزگەوت كۆدەبنەوەو نوێژی جەژن ئەنجام دەدەن، بۆیە لە باڵەكایەتی ساڵانە ئەم سونەتە ئەنجام دەدرێت.
نوێژی ئەمساڵ لە چیای گردتاڵان كە بەسەر شارۆچكەی چۆمان دەڕوانێت و لەنێوانی چیا بەرزەكانی هەڵگوردو حەساری سەكران لە ناو سروشتێكی جوان ژنان و پیاوان ئامادەبوون و ئەم سونەتەیان جارێكیتر زیندوو كردەوە.