حەماس و پێشمەرگە و ئاکرێ
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

حەماس و پێشمەرگە و ئاکرێ

- ڕووبەری قەزای "ئاکرێ "6418 کم2 یە، ڕووبەری کەرتی غەزە 665 کم2 یە، واتە قەزای ئاکرێ 10هێندەی کەرتی غەزەیە.
- ژمارەی چەکدارانی "کتائیب قەسام " نزیکەی 5000 چەکدارە، وە ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە نزیکەی 220 ھەزار چەکدارە، ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە 44 هێندەی چەکدارانی کتائیب قەسام ـە.
- کەرتی غەزە دەکەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست، بەدرێژاییەکەی 41 کیلۆمەترە پانیەکەی 15 کیلومەترە، ڕووبەرەکەی 665 کم2 یە، 1.33% خاکی ئیسرائیل (فەڵەستین) پێکدێنێت. لەساڵی 1948 نەکەوتە ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل.
ئەوە دەیان ساڵە لە ژێر گەمارۆی ئیسرائیل و ئەمریکا دایە، وە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی حەماس دایە، "حەماس" گروپێکی جیهادی ئیخوانیە، وە ئێران هاوکاری سەربازیان دەکات.
- لە ساڵانی ڕابردوو چەندین رووبەروونەوە رویداوە لە نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، توانای ئیسرائیل لە رووی سەربازیەوە سەرسورهێنەرە، بەڵام نەیانتوانیوە، بچنە ناو کەرتی غەزە و داگیری بکەن.
کەتائب عزالدین قەسام، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسە لایەنی سەرەکیە کە بەرگری لەکەرتی غەززە دەکات، لەگەڵ گروپی جیهادی ئیسلام و چەندین گرۆپی تری بچوک.
لە رابردوو و ئێستادا، رووبەرووبونەوەکان، شەری موشەک و بۆردوومان کردن بوو، لە بەر ئەوە کتائیب عزالدین قەسام چەندین جۆر لە موشەکی نوێ و سەردەمیانەی بەکارهێناوە دژی ئیسرائیل، گرنگترینیان موشەکی "عەیاش" ـە کە مەوداکەی دەگاتە 250کم کە دوێنێ فرۆکەخانەی رامون لە باشوری ئیسرائیل پێکاوە.
- ئێستا لای هەمووان ڕوونە، موشەکەکانی قەسام ئەفسانەی سیستەمی بەرگری ئیسرائیل خراوەتە ژێر پرسیارەوە، لە ماوەیەکی کەمدا سەدان موشەک ئاراستەی ئیسرائیل کراوەو زیانی گەورەی گیانی و ماددی و ئابووری و سیاسی و سەربازی بە ئیسرائیل گەیاندووە، چونکە دەیان موشەکەی قەسام، سیستەمی بەرگری ئیسرائیلیان بڕیوە. بۆ یەکەم جارە لە مێژووی ململانێی نێوان کەرتی غەزە و ئیسرائیل ئەو رێژە زۆرە موشەک ئاراستەی ئیسرائیل بکرێت و مەودای دوور و هەستیار بکاتە ئامانج، خەڵکی ئیسرائیل ترسی گەورە لە دڵیان نیشتووەو لە ژێر زەمینەکان خۆیان دەشارنەوە، چونکە موشەکەکانی قەسام لە پێشکەوتنی گەورەدان بەو جۆرەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل دەشکێنن.
بەپێی زانیاریەکان، بزوتنەوەی حەماس خاوەنی هەزاران موشەکی جۆراوجۆری مامناوەند و دوورهاوێژە، توانای شەرێکی درێژخایەنی هەیە، بەپێی ڕۆژنامەی یدیعوت ئەحرونوتی ئیسرائیلی بزوتنەوەی حەماس خاوەن چواردە ھەزار موشەکی جۆراوجۆرە.
- ئێستا کە جێی باس و تێرامانە، سەرەرای گەمارۆی چری نێودەوڵەتی و ئیقلیمی لەسەر کەرتی غەزە، کتائیب قەسام توانیویانە، لەو ناوچە بچووکە خۆیان رابگرن، بەرامبەر بەهێزترین هێزی سەربازی جیهان و پێشکەوتووترین تەکنولۆجیای سەربازی جیهان.
- بەڵام کوردستان سەرەرای هاوکاری نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان، جێی داخە تا ئێستا نەیتوانیوە فیشەکێکی کلاشینۆف دروست بکات، وە بچوکترین پێویستی سەربازی بەرهەم بهێنێت، لە کاتێکدا کەسانی شارەزامان هەیە لە بوارە جیاجیاکانی سەربازیدا، کەسانێک هەن، توانای دروستکردنی فرۆکەی بێفرۆکەوان و گولە هاوەن موشەکیان هەیە، بەڵام پشتگوێخراون و سود لە بەهرەکانیان وەرناگرن، وەک ئەوەی بەرپرسانی کوردستان باکیان بەم هەرێمە نەبێت، چونکە فەرماندە سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگە عەقڵیان عەقلی ساڵی شەستەکانە، بوونە نەخۆشیەکی درێژخایەن بەسەر هێزەکانی پێشمەرگەوە، چونکە نە دەبینن، نە دەبیستن، نە تێدەگەن لەوەی هێزی پێشمەرگە چی پێویستەو ئایندەی خاکەکەمان بەرەو چ مەترسیەک دەچێت، هەموو لایەکی کوردستان دووژمنە، چەندین گروپی هاوشێوەی حەماس دروست بوونە، لە حەشدی شەعبی و سوپای سوریای ئازاد و ھێزە چەکدارە کوردەکانی ھەر سێ پارچەی تر کوردستان کە ھاوسنورن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، لە پاشەرۆژێکی نزیکدا دەبنە مەترسی جددی بەسەر ھەرێمی کوردستان.
ئەمانە نابێت هەروا سادە و سانا سەیر بکرێن، بەڵکو دەبێت کۆمانبکاتەوە و بیر لەیەکەیەکی دامەزراوەیی بکەینەوە بەسەرپەرشتی کەسانی پسپۆر و شارەزا لە نیشتمانپەروەران و ئەفسەر و پێشمەرگەی‌ دڵسۆز، تا بتوانین پیسەسازی سەربازی خۆمانمان هەبێت و ببینە خاوەنی ئەو چەکانەی‌ دژمنەکانمان بەکاری دەهێنن، چونکە هاوکاریە نێودەوڵەتیەکان بۆ هەمیشە بەردەوام نابێت.
بۆ ئەوەی ئەو کاتانە دووبارە نەبنەوە کە رووبەری شەری‌ داعش بووینەوە، بەرپرسان لەبازاری رەش چەکیان دەکڕی، بە تایبەتی گولە هاوەن، تا ئێستاش پارەی هەندێک لەو چەک فروشانە نەدراوە.
- گرنگترین موشەکەکانی کتائیب قەسام:
١. موشەکی قەسام ١، لە ساڵی ٢٠٠١ بەکاری ھێناوە، ئاراستەی شارۆچکەی سدیرۆت کراوە لە ئیسرائیل، درێژیەکەی نزیکەی ٧٠سم مەودایەکەی ٣ کێلومەترە.
٢. موشەکی قەسام ٢، لە سالی ٢٠٠٢ بەکاریھێناوە، مەوداکەی لە ٩ - ١٢ کێلۆمەترە.
٣. موشەکی قەسام ٣، لە ساڵی ٢٠٠٥ بەکاریھێناوە، مەوداکەی ١٥ - ١٧ کێلۆمەترە.
٤. موشەکی M75، لە ساڵی ٢٠١٢ بەکاریھێناوە مەوداکەی ٧٥ کێلۆمەترە.
٥. موشەکی سجیل S55 لە ساڵی بەکاریھێناوە مەوداکەی ٥٥ کیلۆمەترە.
٦. موشەکی J80 لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ یەکەم جار ئاراستەی تەل ئەبیب کرا، مەوداکەی ٨٠ کێلومەترە.
٧. موشەکی R160 بۆ یەکەم جار ئاراستەی شاری حەیفا کرا لە ساڵی ٢٠١٥، مەوداکەی ١٦٠ کێلۆمەترە.
٨. موشەکی A120 مەوداکەی ١٢٠ کێلۆمەترە.
٩. موشەکی SH85 مەوداکەی ٨٥ کێلۆمەترە.
١٠. موشەکی عەیاش دوێنێ بەکاریانھێنا دژی فروکەخانەی ڕامون کە دەکەوێتە باشوری ئیسرائیل، مەوداکەی ٢٥٠ کێلۆمەترە .. واتە وەک ئەوەی لە دهۆکەوە ئاراستەی سلێمانی بکرێت.

 

هه‌واڵی گرنگ