به هۆی ناكۆكی له نێوانیاندا، دەرهێنەرێکی بەناوبانگی سینەمای ئێران، لەلایەن باوکییەوە دهكوژرێت و، لاشهكهی به پارچهكراوی دهدۆزرێتهوه، لهمبارهیهوه پۆلیس زانیاری زیاتر ئاشكرا دهكات.
دوێنێ هەواڵی دۆزینەوەی تەرمی شێوێندراوی پیاوێک لەناو زبڵدانەکانی گەڕەکێکی تارانی پایتەختی ئێران بڵاوبووەوە، پۆلیسی تاوانەکانی تاران ئاشکرایکرد، کە تەرمەکە هی دەرهێنەرێکی ئێرانی بووە بەناوی "بابەک خوڕەمدین".
ئەمڕۆ محەمەد شەهریاری سەرۆکی دادگای تاوانەکانی تاران، هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند: تەرمی ئەم کەسە لە گەڕەکی ئکباتان دۆزراوەتەوە و، دوای پشکنین و لێکۆڵینەوە ئاشکرا بووە، کە لەلایەن باوک و دایکییەوە کوژراوە.
سەرۆکی دادگای تاوانەکانی تاران وتیشی: دوای دەستگیرکردنی باوک و دایکی ئەم دەرهێنەرە ئێرانییە، دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و، لە ئێستادا دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لێدەکرێت.
لە سەر چۆنییەتی ئەو تاوانەش ڕایگەیاند: دایک و باوکی بابەک، دوای ئەوەی بە دەرمان کوڕەکەیان بێهۆش دەکەن، دەیبەنە ناو حەمامی ماڵەکەیان، بە چەقۆ دەیکوژن و تەرمەکەی پارچە دەکەن و دەیکەنە جانتایەکەوە و فڕێدەدەنە ناو زبڵدانەکانی ناو گەڕەکی ئکباتانەوە.
ئاژانسێکی ئێرانیش، لەسەر هۆکاری ئەو کوشتنە نووسیویەتی: باوکی بابەک لە دانپێدانانەکانی وتوویەتی کە لەسەر زگوردی بوون (ژن نەهێنان)ی بابەک کیشەیان هەبووە، بەڵام هێشتا دیار نییە کە ئایا ئەمە تەنیا هۆکاری ڕوودانی ئەو تاوانە بێت یان نا.