زانیاری لەبارەی كەشتییە چینییەكە بزانن
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

زانیاری لەبارەی كەشتییە چینییەكە بزانن

 

 

دەزگاكانی ڕاگەیاندنی حكومەتی چین ڕایانگەیاند، كە كەشتییە ئاسمانییەكەی چین بە سەركەوتوویی لەسەر ڕووی مەریخ نیشتۆتەوەو ڕۆبۆتی (زورونگ) ی شەش تەگەری لە ناوچەی (یۆتۆپیا بلانتینیا) ی بەشی باكووری هەسارەی مەریخ داگرتووە.

پرۆسەكەش (17) خولەكی ویستووە تاوەكو كەشتییەكە تابلۆ هەتاوییەكانی بكاتەوەو ئاماژە بۆ زەوی بنێرێتەوە، ئەمەیش هەمان ئەو ناوچەیە كە لە ساڵی (1976) دا كەشتی فایكینگ 2 ی ئاژانسی ناسای لێ نیشتۆتەوە.

دوای ئەمریكا چین دووەم وڵاتە كە بەسەركەوتوویی لەسەر ڕووی ئەو هەسارەیە بنیشێتەوەو سەرجەم هەوڵەكانی دیكەی وڵاتیان بە تەواوی لەم ئەركە زانستییە سەركەوتوو نەبوون، بەم هۆیەوە (جین بێنگ) ی سەرۆكی چین دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە ستافی گەشتەكە كردو بە دەستكەوتێكی نایاب لەقەڵەمیدا كە چین دەخاتە ڕیزی پێشەوەی دۆزەرەوانی بۆشایی ئاسمان.

هەر بەزووییش سەرۆكی بەشی زانستەكان لە ئاژانسی ئاسمانی ئەمریكی (ناسا)، (تۆماس زوربوشن) پیرۆزبایی خۆی پێشكەشی چین كردو وتی، پێكەوە بە پاڵ كۆمەڵگەی جیهانی زانستەوە، ئاگادار دەبین لەم بەشدارییە گرنگانەی كە پێشكەش دەكرێن و بەشێكن لە هەوڵی مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لە هەسارە سوورەكە.

(ڕۆبۆتی زورونگ) كە بە واتای خودای ئاگرە، بە كەشتی خولگەیی (تیانۆین 1) لە مانگی دووی ئەم ساڵدا هەڵدراو گەیەنرایە مەریخ، ئەمەیش دوای چەندین نیشتنەوەی دیكەی چین هات لەسەر ڕووی مانگ و لە ئێستایشدا چین خەریكی دروستكردنی وێستگەیەكی ئاسمانیەو لەم مانگەدا بەشی یەكەمی ناردە دەرەوەی زەمین.

زاناكانی چین پلانی ئەوەیان هەیە ڕۆبۆتی زورونیگ لایەنیكەم ماوەی (90) ڕۆژی مەریخی لەوێ بهێلنەوە تاوەكو لێكۆڵینەوە لە جیۆلۆژیای ئەو ناوچەیەی هەسارەكە بكات، هەر ڕۆژێكی مەریخیش نزیكەی (24) كاتژمێرو (39) خولەكە.

ڕۆبۆتەكە ستوونێكی درێژی هەیە كە چەند كامێرایەكی لێ بەستراوە بۆ وێنەگرتن و هاتنوچوون، پێنج دەزگایشی هەڵگرتووە كە لێكۆڵینەوە لە سروشتی كانزاكان و سروشتی گشتی و كەشوهەوای ئەو ناوچەیە دەكەن، هەروەها دەزگایەكی لێزەری هەیە كە دەتوانێت پێكهاتەی كیمیایی تاوێرو بەردەكان بخوێنێتەوەو ڕادارێكیش بۆ دەرخستن و لێكۆێنەوە لە سەهۆڵی ژێر ڕووكاری سەرەوەی مەریخ، بەپێی ئەو بەڵگەو دیكۆمێنتانەی تاكو ئێستا كۆكراونەتەوە ژینگەی ئاوی لەسەر مەریخ هەیەو بەشی هەرە گەورەیشی لە چینەكانی ژێرەوەی هەسارەكەدا بەستوویەتی.

(هاوار موحە‌مە‌د – هەولێر)

 

هه‌واڵی گرنگ