گەردوون، سەرسوڕهێنەرە، تۆقێنەریشە ...
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

گەردوون، سەرسوڕهێنەرە، تۆقێنەریشە ...

 

 

بۆچی گەردوون لەوانەیە زۆر سەرسوڕهێنەرەتر بێت لەوەی ئێمە تا ئێستا دەیزانین ..؟

سێ ڕاستی زانستی هەن كە لەڕێگەی بیردۆزەكانی كوانتەم پێیان ئاشنا بووین، بەڵام نەوەكو تەنیا ئەو ڕاستیانە سەرسوڕهێنەرن و لەگەڵ لۆژیكی ئێمەی مرۆڤ ناگونجێن، بەڵكو هیچ لێكدانەوەیەكی زانستیشمان بۆیان نیە تەنیا ئەوە نەبێت نازانین بۆچی ئاوان..؟ نازانین بۆچی جیهانی كوانتەم واتە هەموو ئەتۆمەكان و تەنۆچكەكان بە ئەلیكترۆن و فۆتۆن و نیۆترینۆ كە هەموو بارستە چاودێریكراوەكان و تیشكەكان پێك دەهێنن لەنێو گەردوون ئاوا ڕەفتار دەكەن ..؟

ئەو سێ ڕاستیە زانستیانە چین ..؟

یەكەم: بارستە لەسەر ئاستی كوانتەم بۆ نمونە ئەلیكترۆنێك كە بارستەیە یان تەنۆچكەیە دەشێت لەهەمان دۆخ و شوێن جارێك وەكو بارستە ڕەفتار بكات و جارێكی تر وەكو تیشك یان شەپۆڵ ڕەفتار بكات، بەهەمان شێوە چەند فۆتۆنێك دەشێت لەهەمان دۆخ و شوێن هەمان ڕەفتاری جیاوازیان هەبێت، ئەم تاقیكردنەوەو سەلـماندنە بەئاسانی لەتاقیگەدا ئەنجام دەدرێت و پێی دەووترێت تاقیكردنەوەی دوو قڵیشەكە double.slit.experiment.

كەواتە بارستەو تیشك دەشێت وەكو یەكتر ڕەفتار بكەن لەهەمان كات و دۆخ و شوێندا، بێ گومان بەپێی هەموو یاسا فیزیاییەكان بارستەو تیشك دوو شتی تەواو لەیەكتر جیاوازن و نازانین بۆچی هەمان ڕەفتاریان هەیەو وەكو یەكتر خۆیان دەنوێنن لەو تاقیكردنەوەیەدا.

ڕاستی دووەم: ئەمەیان زۆر سەرسوڕهێنەرترەو پەیوەستە بەو ڕاستیەی سەرەوە، چاودێری كردنی مرۆڤ بۆ ئەلیكترۆن لەو تاقیكردنەوەی سەرەوە ڕەفتاری ئەلیكترۆن دیاری دەكات، ئەگەر ئەلیكترۆن لەو تاقیكردنەوەی سەرەوە بە وردی لەلایەن مرۆڤەوە ڕاستەوخۆ چاودێری بكرێت ئەوا هەموو جارێك وەكو تەنۆچكە ڕەفتار دەكات، بەڵام ئەگەر ڕاستەوخۆ چاودێری نەكرێت بۆ نموونە كاتێك پشكنەرێكی ئەلیكترۆنی دادەنرێت بۆ چاودێریكردنی ئەلیكترۆنەكە ئەوا لەوكاتانەدا ئەلیكترۆنەكە ڕەفتاری دەگۆڕێت و لەوانەیە وەكو تیشك یان شەپۆڵ ڕەفتار بكات، كەواتە چاودێرەكە كە مرۆڤەو بەئاگاییە ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر ڕەفتاری ئەلیكترۆنەكە دەبێت، زۆر سەرسوڕهێنەرە، بۆچی وایە..؟ لە كۆتاییدا ئەم نوسینەدا ئەگەرێك و بۆچوونێكی تۆقێنەری خۆم بۆ ئەم دیاردەیە دەخەمەڕوو...

ڕاستی سێیەم: ئەمەیان لەوەی یەكەم و دووەمیش زۆر سەرسوڕهێنەرترە، ئەویش دیاردەی ئاڵودەبوونی دوو تەنۆچكەیە هەرچەندە لەیەكتر دوور بن، هەتا ئەگەر دووریان لەیەكتر ملیارەها ساڵی تیشكیش بێت، ئەمە بە دیاردەی quantum.entanglement ناسراوە، هەموومان دەزانین كە بۆشایی ئاسمان space هەیەو ئەو بۆشاییە تەنۆچكەكان لەنێو گەردوون لەیەكتر جیادەكاتەوە، بەڵام ئەگەر دوو تەنۆچكە ئاڵودە بكرێن بەیەكتر ئەوا دواتر هەرچەندە لەیەكتر دووربكەونەوە ئەوا دروستبوونی كاریگەری لەسەر یەكێكیان یەكسەر لەهەمان كاتدا بەڵی لەهەمان كاتدا هەمان كاریگەری لەسەر تەنۆچكەكەی تر دروست دەكات هەرچەندە لەیەكتر دوور بن تا ڕادەی ملیارەها ساڵی تیشكیش، لێرە لەم نوسیەندا بۆچوون و لێكدانەوەیەكی تۆقێنەرەی تریش بۆ ئەم دیاردەیە دەخەمەڕوو.

ڕاستی دووەم پێمان دەڵێت چاودێرێك كە مرۆڤەو بەئاگایە كاریگەری هەیە لەسەر ڕەفتاری ئەلیكترۆنەكە، كەواتە بەئاگایی ئێمە كاریگەری لەسەر ڕووداوێك یان ڕووداوەكانی نێو گەردوون هەیە، یانی بەئاگایی نەبووایە دۆخ و ڕەفتارو هەتا بوون و نەبوونی ئەلیكترۆنەكە نادیار بوو..!

ئەمەش بۆ من هەستێكی تۆقێنەرە، باشە كێ دەڵێت ژیان و بەئاگایی ئێمە هۆكاری هەموو بوونە فیزیكیەكان نیە كە هەستیان پێدەكەین و چاودێریان دەكەین ..؟ ئەمەش واتە هەموو گەردوون و بوون تەنیا ئیڵوژنە یان خەیاڵێكە لەڕێگەی ژیان و بەئاگایی هەریەكە لە ئێمەوە دروست دەبێت، ئەو گەردوون و بوونەش بۆ هەریەكەمان تەنیا ئەو ماوە كورتە هەیە كە ئێمە هەین و بەئاگاین، بێ گومان لەگەڵ ئەوەی جارێ لەوە دڵنیا نین، بەڵام ئەمە هەست و بۆچوونێكی تۆقێنەرە بۆ من ..!!!

لە ڕاستی سێیەمدا دەردەكەوێت كە دەشێت دوو تەن و تەنۆچكە پەیوەست بن بەیەكتر هەرچەندە لەیەكتر دوور بن، نازانم چۆن وەسفی ئەم ئاڵودەبوونە بكەم و لێكدانەوەی بۆ بكەم..؟ بۆ من وەكو ئەوە وایە ئەو دوو تەنۆچكەیە كۆپی یەكتر بن یان هەر هەمان شت بن، بەڵام لە دوو شوێنی نێو گەردوون و بووندا هەبن، بێ گومان ئێمە لێرەدا باس لە دیاردەیەك دەكەین لەسەر ئاستی كوانتەم و تەنۆچكە، هەندێك جار هەستێكی تۆقێنەری ترم بۆ دێت سەبارەت بەمەو پێم دەڵێت: ئایا ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت كە دەشێت كۆپی هەریەكە لە ئێمەش لە شوێنەكانی تری گەردوون هەبێت ..؟ هەست و بەئاگایی ئێمەش لەم دۆخەدا لەنێوان كۆپیەكاندا هەمان شتە بەهۆی ئەوەی كات و شوێن بەربەست نیە لەنێوان ئەو كۆپیانەدا ..!!!

بۆ زانیاریتان تا ئێستا توانراوە نەوەك تەنیا یەك تەنۆچكە بەڵكو لە تاقیكردنەوەیەكدا بەم دواییە توانرا 3000 تەنۆچكە لەیەك كاتدا بەیەكەوە ئاڵودە بكرێن بە یەكتر لە دوو شوێنی جیاوازدا ..!

(لوقمان حەوێز - تێكساس) 

 

 

هه‌واڵی گرنگ