كەمی ڤیتامین D: حاڵەتێكی مەترسیدارو بەهەند وەرنەگیراو
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

كەمی ڤیتامین D: حاڵەتێكی مەترسیدارو بەهەند وەرنەگیراو

 

 

یەكێك لەو بابەتە تەندروستییانەی بەم دواییانە زۆر كەوتۆتە بەر باس ڤیتامین D یە، بەڵام هێشتاش ئەوەی لەسەری دەوترێت لە ئاست گرینگییەكەیدا بایی پێویست نییە، چونكە كەمی ڤیتامین D كێشەیەكی زۆر باوی تەندروستییە لەسەر ئاستی تەواوی جیهاندا، بە جۆرێك بە باوترین كێشەی تەندروستی جیهانی دادەنرێت.

بەپێی سەرژمێری و لێكۆڵینەوەكان، تا (60%) ی خەڵكی ئاستی ئەو ڤیتامینە لە خوێنیاندا كەمەو (20%) یش لە خوێنیاندا وەك پێویست نییە، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها (20%) ی خەڵكی بڕی پێویست لە خوێنیاندا هەیە، بەو جۆرە ئەو حاڵەتە فرە باوەو هەر بۆیەش ئەگەری ئەوەی هەر یەك لە ئێمە ڤیتامینەكەی كەم بێت زیاترە لەوەی وەك پێویست بێت.

ئەگەرچی دەشێت وێڕای نزمی ئاستەكەی لە خوێندا، هیچ نیشانەیەكی نەبێت، بەڵام جاری وا هەیە نەخۆش هەست بە چەند نیشانەیەك دەكات، بەتایبەت ئازاری ئێسك و ماسوولكەكان، ئینجا شەكەتی و قژ ڕووتانەوەو ... هتد.

بەڵام وەك ئاماژەمان پێدا، دەشێت هیچ نیشانەیەكی ئەوتۆی نەبێت، بۆیە وا باشە هەموو كەسێك بەتایبەت ئەوانەی كە بەركەوتنیان بە هەتاو كەمە، پشكنین بكەن، خۆ ئەگەر دەركەوت ئاستی ڤیتامینەكەیان نزمە، ئەوە دەبێت چارەسەری بۆ وەربگرن، بەڵام تێبینی دەكرێت، زۆر كەس بە سانایی بەسەریدا تێدەپەڕن و چارەی پێویستی ناكەن، چونكە وای بۆ دەچن كە مەترسی ئەوتۆ دروست ناكات بۆ سەر تەندروستییان، بەڵام ئەوە ڕاست نییە، چونكە درێژە كێشانی، كێشەی زۆر جددیی تەندروستی لێدەكەوێتەوە، وەك ئەوەی دەبێتە هۆی:

1. درێژە كێشان و توند بوونی ئەو حاڵەتانەی كە لەنیشانەكاندا ئاماژەیان پێدرا، وەك ئازاری لاشەو شەكەتی و قژ ڕووتانەوەو ... هتد.

2. بەهۆی ئەوەی ڤیتامین D ڕۆڵی كاریگەری هەیە لە بەرگری لەشدا، كەمی دەبێتە هۆی زۆر نەخۆش كەوتن، وەك ئەوەی كەسەكان زوو زوو تووشی هەڵامەت و هەوكردنەكانی تر دەبن.

3. زوو چاك نەبوونەوەی برین و هەو كردنەكان.

4. زیاد بوونی ئەگەری تووش بوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەك شەكرە، پەستان بەرزی خوێن، نەخۆشیەكانی دڵ و ... هتد. لە كاتی بوونی ئەو نەخۆشییانەشدا، دەبێتە هۆی باش كۆنتڕۆڵ نەبوونیان و توند بوونی نیشانەكانیان.

5. زیاد بوونی ئەگەری تووش بوون بە خەمۆكی.

6. لە هەمووشی ناخۆشترو جددیتر، ئەوەیە كە دەبێتە هۆی شێرپەنجە! بە بەڵگەی زانستی دەركەتووە دەبێتە هۆی چەند جۆرێكی شێرپەنجە، لەوانە: مەمك، ڕیخۆڵە گەورە، پڕۆستات، هێلكەدان، ئەمە جگە لەوەی پەیوەندییەكی زۆری هەیە بە تەشەنە سەندن و توند بوونی ئەو شێرپەنجانە.

بۆیە دەبێت كەمی ڤیتامین D بە هەند وەربگیرێت، پشكنینی بۆ بكرێت، لە حاڵەتی كەمییدا بە شێوەیەكی زانستییانە چارە بكرێت، كە بەداخەوە هەندێك جار بە شێوەی هەڵە چارە دەكرێت، كە ئەوەش هەندێك مەترسی دەخاتەوە.

(د. زانا ئەحمەد – پزیشكی پسپۆڕی هەناو)

 

هه‌واڵی گرنگ