لەوڵاتی هۆنگ كۆنگ ئەو كەسانەی تا ئێستا ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرنەگرتووە دەتوانن ڤاكسین وەربگرن و هەلی بردنەوەی شوقەیەكی یەك ملیۆن دۆلاری بەدەست بهێنن.
وڵاتی هۆنگ كۆنگ كە ژمارەی دانیشتوانەكەی (7.5) ملیۆن كەسەو یەكێكە لەو ژمارە كەمەی وڵاتان كە زیاتر لە ڕێژەی پێویستی دانیشتوانەكەی ڤاكسینی كۆرۆنای دەستەبەركردووە، بەڵام زۆرینەی دانیشتوانەكەی بەهۆی كەمی ژمارەی توشبوان بە ڤایرۆسەكە لە وڵاتەكەداو نەبوونی متمانەیان بە كەرتی تەندروستی، بەدەم داواكاری حكومەتی وڵاتەكەوە نایەن و ئامادەنین ڤاكسینەكە وەربگرن.
حكومەتی وڵاتەكە ئاماژەی بەوە كرد كە تا ئێستا (20%) ی دانیشتوانەكەی ژەمی یەكەمی پێكوتەی كۆرۆنایان وەگرتووەو (14%) شیان هەردوو ژەمەكەیان وەرگرتووە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوكێی لای بەرپرسانی وڵاتەكە دروستكردووە بەجۆرێك كە ترسی ئەوەیان هەیە كە ڤایرۆسەكە لە ناو دانیشتوانی وڵاتەكەدا تەشەنە بكات و نەتوانن ڕێگە لە بڵاو بوونەوەی بگرن.
بۆ ئەم مەبەستەش لەسەرەتای هەفتەی ڕابردوودا بۆ زیاتر هاندانی دانیشتوانەكەی بۆ وەرگرتنی پێكوتەی كۆرۆنا، بەرپرسانی فرۆكەخانەی هۆنگ كۆنگ زیاتر كە (600) هەزار گەشتی خۆڕاییان بەشێوەی تیروپشك كردە دیاری بۆ كۆتایی مانگی ئەیلول.
هەروەها ڕۆژی هەینی سەرمایەدارانی وڵاتەكە چەند ئۆفەرێكی گرانبەهایان پێشكەشی حكومەتی وڵاتەكە كرد بۆ ئەوەی بەسەر دانیشتواندا دابەشی بكات بۆ زیاتر هاندانیان بۆ وەگرتنی پێكوتەكە لەوانە، شوقەیەكی (1.4) ملیۆن دۆلاری و چەند خەڵاتێكی گرانبەهای تری (100) هەزار دۆلاری.
(موحەمەد لادێ – هەولێر)