سكچوون و ڕشانەوە چۆن چارەسەر بكرێت ؟؟
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

سكچوون و ڕشانەوە چۆن چارەسەر بكرێت ؟؟

 

 

لە ئێستادا لە كوردستان و بە تایبەتی شاری سلێمانی شەپۆڵێكی سك چوون و ڕشانەوەی بەهێز هاتووە هەر وەك هەموو ساڵێك و ڕۆژانە سەد سەد نەخۆش سەردانی نەخۆشخانە و عیادەكان دەكەن بۆ چارەسەر، لێرەدا هەندێك زانیاری گرنگ و پراكتیكی باس دەكەین.

سك چوون و ڕشانەوە چۆن درووست دەبن ؟؟

دروست بوونی سكچوونەكەو هاتنە دەرەوەی ئەو هەموو پیساییە لە لاشەی مرۆڤ لە ئەنجامی بەرگری لەشی ئەو كەسەیە كە وا دەكات ئەو مشەخۆرە یان ژەهرەكەی بكاتەوە دەرەوە، كەواتە بەرگرییەكی لەشی مرۆڤەو لە سەرەتادا سوود بەخشە، بەڵام كاتێك زیاد لە پێویست بوو مل دەنێت بۆ ووشك بوونەوە، بێ هێزی و تەنانەت لەوانەیە مردن هەرچەندە لە جیهانی ئێستاداو لە كوردستانیش خۆش بەختانە مردن بە سك چوون دەگمەنە.

سك چوون و ڕشانەوە دوو هۆكاری سەرەكی هەیە: یان بە هۆی مشەخۆرەوەیە واتە میكرۆب یان بە هۆكاری دیكەیەو پەیوەندی بە میكرۆبەوە نییە، ئەو جۆرەیان كە میكرۆب دەی كات زۆربەی هەرە زۆری مشەخۆرەكانی ناو خواردن دەی كات كە لە ناو خەڵكی خۆمان پێی دەڵێن (ژەهراوی بوون بە خۆراك) و بە عامییەكەی پێی دەڵێن (تەسەموم).

تەسەموم گەر ووردی بكەینەوە لەوانەیە دڵتان بگرێت، بەڵام گرنگە بیزانن، تەسەموم واتە كەسێك لە پاش پیسایی كردن هاتووە دەستە پیسەكەی بە باشی پاك نەكردۆتەوەو كردوویەتییە ناو خۆراكەكەوە، جا خۆراكەكە چێشتێكی لێنراو بوو بێت یان سەوزەو زەڵاتەو ئەوانە بووبێت، ئەم نەخۆشییانە بە تایبەتی لە هاوین و وەرزە گەرمەكاندا ڕوو دەدەن لەبەر ئەوەی میكرۆبەكان لە گەرمادا باشتر گەشە دەكەن، هەروەها زۆربەی كات لەو خۆراكانەدا ڕوو دەدەن كە باش ناشۆرێنەوە یان خراپ هەڵ دەگیرێن لە ساردكەرەوەكان یان گەرم دەكرێنەوە وەكو چێشت و گۆشت.

چی بكەین ؟؟

گەر سك چوونەكەت یەك دوو جارێك بوو وە هیچ كام لەم خاڵانەی خوارەوەی تیا نەبوو ئەوا سەردانی پزیشكی ناوێت، خاڵەكان:

1. ڕشانەوە

2. لەرزو تا

3. نەخۆشەكە پیری پەك كەوتە بێت

4. نەخۆشەكە دەست بە جێ بێ هێزبوونی لێ پەیدا ببێت

گەر ئەوانەت نەبوو، پشوو بدە، مەهێڵە گەرمات بێت وەكو چوونە بەر خۆر، دەست بكە بە خواردنەوەی شلەمەنی و بە تایبەت بچۆ گیراوەی (دێكسترۆلایت) بكڕە كە باشترین چارەسەری سك چوونە، گیراوەی دێكسترۆلایت ئەو كیسەیە كە دەكرێتە ئاوەوەو تامێكی سوێری هەیە، ئەمە هەم ناهێڵێت پەكت بكەوێت، ناهێێڵێت ووشك بیتەوە، هەروەها سك چوونەكەش دەوەستێنێت!

ووریای ئەم هەڵانە ببن، چونكە هەندێك جار كوشندەیە

1. كە سك چوونت هەبوو هەرگیز بێ پرسی پزیشك حەبی وەستێنەری سكچوون مەخۆ وەكو (ئینترۆ ستۆپ)، ئەم حەبانە سكچوونەكەت كەم دەكاتەوە، بەڵام میكرۆبەكە لەناو لەشتدا دەهێڵێتەوە كە زۆر خراپە.

2. خۆت برسی مەكە، بەردەوام بوون لە خواردن وا دەكات زووتر باش بیتەوە نەك بە پێچەوانەوە.

3. هەرگیز لە خۆتەوە حەبی (فلاجیل) مەخۆ بۆ سك چوون تەنانەت گەر سكجوونەكەشت باش بكات، هەندێك خەڵك لێرە بە هەڵە پێی دەڵێن (فلاجین)، ئەمە چارەسەرێكی زۆر كۆنی عێراقی بووە هی ساڵی حەفتاو هەشتاكان و لە ئێستادا ئەو میكرۆبانە نەماون بەو شێوەیە كە فلاجیلی بۆ بخورێت.

4. پەنا مەبە بۆ ئازار شكێن بۆ ئازارەكانی ناو سكت، بە چاك بوونی ڕشانەوەو سكچوونەكە ئازاری ناو سكەكەت خۆی چاك دەبێتەوە زۆربەی كات.

5. كە وویستت سەردان بكەیت تەنها سەردانی پزیشكی هەناوی بكە بۆ چارەسەر.

(د.زانیار ئاغال – پزیشكی پسپۆڕی هەناوی)

 

هه‌واڵی گرنگ