نەخۆشی دەوالی گەورەبوونی دەمارە خوێنهێنەرەكانی قاچ و تێكچوونی زمانەی ناو دەمارەكانە، ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی ئەوەی خوێنێكی زۆر لەناو دەمارەكان كۆبێتەوەو نەگەڕێتەوە بۆ سەرەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئازارو ئەستووربوونی قاچ.
هۆكارەكانی نەخۆشی دەوالی :
1. بۆماوەیی
2. بەكارهێنانی هەندێك دەرمان
3. رەگەز (مێ زۆرترە لە نێر)
4. زۆر لەسەر پێ ڕاوەستان و كاركردن
5. جەڵتەی دەمارەكان و خوێن مەیین
6. قەڵەوی كە دەبێتە هۆی فشارێكی زیاتر لەسەر دەمارەكان
7. تەمەن: لەگەڵ تەمەن مەترسی تووشبوون بە دەوالی زیاتر دەبێت
8. دووگیانی: دەبێتە هۆی ئەوەی دەمارەكان زیاتر گەورە بن
نیشانەكانی نەخۆشی دەوالی:
1. ئازارو قورسبوونی قاچەكان
2. ئەستووربوون و گەورەبوونی قاچەكان
3. زیادبوونی ئازارو قورسبوون لەگەڵ زۆر ڕاوەستان و زۆر ڕێ كردن
4. خوران و مروژانی قاچەكان
5. ڕەنگی پێستەكە دەگۆڕێت بۆ قاوەیی یان مۆرێكی ناڕێك
جۆرەكانی نەخۆشی دەوالی:
1. تۆڕی جاڵجاڵۆكە: لەسەر شێوەی وردە دەماری سور یان شین دەردەكەوێت، بەزۆری لە ڕان و دەورووبەری چۆك و زیاتر لە ڕەگەزی مێ و ئەو كەسانەی كە بۆماوەیی هەیانە.
2. جۆری پەتك: ئەم جۆرە بە زۆری لە رەگەزی نێر هەیە وە دەبێتە هۆی ئەوەی بە تەواوی دەمارەكان دەركەون و پڕ خوێن ببن بە تایبەت لە كاتی ڕاوەستان تەنانەت نەخۆش خۆی دەتوانێت دەستنیشانی بكات.
مەترسی دەوالی:
1. برین و قورحەی پێست لە بەشی خوارەوەی قاچەكان.
2. خوێن مەیین و جەڵتەی دەمارەكانی قاچ.
3. نزیف و خوێن بەربوون لە كاتی كونبوون و تەقینی دەمارە گەورەبووەكان
بەرگری بۆ ئەوەی تووشی نەبین:
1. وەرزشكردن پێش تووشبوون دەبێتە هۆی بەرگری، بەڵام پاش تووشبوون دەبێتە هۆی ئازار
2. دابەزینی كێش دەبێتە هۆی ئەوەی فشاری زۆرو قورس لەسەر دەمارەكان نەمێنێت
3. خۆراكێك كە ڕیشاڵی زۆر بێت و خوێی كەم بێت دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی دەوالی
4. لەبەرنەكردنی پێڵاوی بەرزو گۆرەوی تەسك بە تایبەت لە ئافرەتان كە دەبێتە هۆی دوالی
5. زۆر لەسەر پێ رانەوەستان و هەوڵدان كە ئیسراحەت بدرێتە دەمارەكان و بەرزكردنەوەی قاچەكان
چارەسەر:
1. رەچاوی هەموو ئەو ڕێنماییانەی كە دەبنە هۆی ئەوەی تووشی دەوالی نەبیت
2. چارەسەر بە نەشتەرگەری
3. چارەسەری لەیزەر: كە تازەترین ڕێگەیە بۆ دەوالی و بەبێ نەشتەرگەری و ڕێگایەكی زۆر باشە
4. رێگەی بەكارهێنانی (صمغی علاج) كە دەبێتە هۆی ئەوەی دەمارەكان دابخات ڕێگە نەدات خوێن كۆبێتەوەو ئەستوور بێت
5. رێگەی بەكارهێنانی دەرزی و دەرمانی گرژكردنەوەی دەمارەكان بە تایبەت ڕیشاڵە دەمارەكان و تۆڕی جاڵجاڵۆكەیی
(د. ئەكرەم كەریم مەحمود – پسپۆڕی نەشتەرگەری دڵ و لوولەكانی خوێن)