ژانی گورچیلە یان ژانی پشت چیە؟ زانیاری تەواو بزانە
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ژانی گورچیلە یان ژانی پشت چیە؟ زانیاری تەواو بزانە

گورچیلەكان، دوو ئەندامی شێوە دەنكە فاسۆلیان بە قەبارەی مستێكی دەست، لە هەردوو كەلەكەن (تەنیشتەكانی زگ)، زۆربەی جار كە ژان دەكەن، ژانەكە لە تەنیشتەكانی زگ و پشت و كەمەرە هەستی پێدەكرێت، بەڵام ژان لەو جێگایانە هەموو جارێك هۆكارەكەی گورچیلە نییە. زۆر جار ژانی گورچیلە لەگەڵ ژانی پشت تێكەڵ دەكرێت و نەخۆش نازانێت كامەیە! بەڵام بە دڵنیایی هەندێك جیاوازهەنە لە جۆری ژان و شوێنی ژان و چەندین نیشانەی دیكە كە دەكرێت هەردوو ژان لێكجیابكرێنەوە.

ژانی گورچیلە بەوە جیادەكرێتەوە كە لە تەنیشتەكانەوە سەرهەڵدەدات، ژانێكی زۆر بەهێزە بەڵام بەشێوەیەك ژانەكە لەیەك ئاست هەستی پێناكرێت، بەواتایەكی دیكە ئاستی بەهێزی ژانەكە شەپۆل دەكات لە كەم بۆ زۆر تاكو دەگاتە لوتكەی ژان، كەمێك لە لوتكە دەمێنێتەوە دواتر كەم دەبێت بۆ نزمترین ئاست، هەروەها ژانی گورچیلە لە تەنیشتەكانەوە بۆ بەشی پێشەوە و خوارووی زگ و دامێن هەستی پێدەكرێت. ژانی گورچیلە بەگوێرەی هۆكاری دروست بوونەكە هەندێك نیشانەی دیكەی لەگەڵ دەبێت وەك رشانەوە و تاو ولەرز و هەندێك جار میز زوورانەوە یاخود خوێن میزتن.

هۆكارەكانی ژانی گورچیلە لەوانەیە بەردی گورچیلە، كیسی گورچیلە، گرێی گورچیلە و هەروەها لەوانەیە پێكان و بەركەتنی هێز بێت. زۆربەی جار ژانی گورچیلە لە یەك تەنیشت هەستی پێدەكرێت، چونكە زۆر دەگمەنە هەردوو گورچیلە بەیەكەوە بەیەك جار بارێكی وەك یەكیان لێ سەرهەڵبدات. یەكێك دیكە لە جیاكەرەوەكانی ژانی گوڕچیلە ئەوەیە ژانەكە لەگەڵ هەستان و دانیشتن و جولانەوە هیچ گۆڕانكاریەكی بەسەر نایەت (وەك خۆی دەمێنێت و بەردەوام دەبێت).
هەرچی ژانی پشتە، زیاتر لە بەشی سەرەوەی پشت و ناوەڕاست هەستی پێدەكرێت و بەرەوە خوارەوە بۆ لای كلێنچە و هەندێك جار بۆ بەشی دواوەی ڕانەكان دەڕوات، ژانەكە شەپۆڵی زیاد و كەمی نییە، بەڵام لەگەڵ هەستان و دانیشتن یاخود جولان و گۆڕانكاری لە جەستە، ژانەكە زیاد و كەم دەبێت. بە پێچەوانەی ژانی گورچیلە، ژانی پشت زۆربەی جار لە تەواوی پشت (راست و چەب و ناوەڕاست) هەستی پێدەكرێت. بە گوێرەی هۆكاری سەرهەڵدانی ژانەكە، هەندێك جار مێروولەكردن (سڕی) و بێ هێزی قاچەكانی لەگەڵ دەبێت.

ئەوەی ماوە بگوترێت، بۆ دڵنیابوون و جیاكردنەوە و دەستنیشانكردنی هۆكاری هەموو ژانێك، ئەستەمە تەنها لەڕیگای وەسف و سروشتی ژانەوەبێت، بەڵكو پشكنینی كلینیكی و تاقیگەیی و سۆنار و تیشكی سینیش پێویست دەبێت.

د. رامان صابر نانەكەلی
پسپۆر (دكتۆرا - بۆڕدی عەرەبی) لە نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ و نەزۆكی و لاوازی سێكس

هه‌واڵی گرنگ