دیدگای 2030 هەرێم و چەند سەرنجێك
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

دیدگای 2030 هەرێم و چەند سەرنجێك

حكومەتی هەرێم، لەڕێگای وەزارەتی پلاندانانەوە هەنگاوەكانی دەست پێكردوە، بەئاراستەی نوسینی یەكەمین دیدگای هەرێم تاساڵی 2030.
بوونی دیدگا، بۆ هەر حكومەت و دەوڵەتێك، گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، ئاراستەی بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگا دیاری دەكات، لەداهاتوودا بەمەبەستی بەدەستهێنانی ئامانجی ئابوری و كۆمەڵایەتی.
بەڵـــام بەشێوەیەكی گشتی دیدگا، زیاتر ئەو وڵات و حكومەتانە پەیڕەوی دەكەن، كەتاڕادەی جێگیربوون لەڕووی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و بابەتەكانی ترەوە، سەقامگیرو بێ كێشەو گرفتن..

ئەم هەوڵە جێگەی ئومێدە، بەڵام واقیعی ژیارو بارودۆخی ئابوری و سیاسی وكۆمەڵایەتی هەرێم، هەمیشەو هەردەم پڕ ئاریشەو گرفتو قەیرانە، هەروەها پێگەی جوگرافیای هەرێم لەناوچەكەدا و تەماح و مەترسی داگیركاری وڵاتانی ئیقلیمی هەڕەشەیەكە كەنابێت لەبەرچاو نەگیرێت.

لەلایەكی ترەوە، پەیوەندی هەولێرو بەغداو بەردەوامی كێشە سیاسی و ئابوری و نەتەوایەتییەكان و ئیدارەدانی ناوچەكێشەلەسەرەكان، هەمیشە ئەو گرفتانەن، كەبەردەوامن بەبێ چارەسەركردن ماوونەتەوە...

دیدگای هەرێم 2030، هەوڵێكە لەواقیعی ناهەمواری هەرێمدا، كەپێمان وایە ئەستەمە بەبەرهەم بێت و تەنها نوسینی سەر كاغەزەكان دەبێت، چونكە هەرێم، ئەگەر بەڕوخسار یەك ئیدارە و یەك حكومەت بێت، ئەوا لەواقیعدا دوو ئیدارەییەوە و بەئاشكرا ڕوون و دیارە.
ئاشكرایە، دەركردن و پەیڕەوكردنی و جێ بەجێكردنی دیدگا، دەبێت لەلایەن دەستەڵاتی ڕەهای گشتییەوە بێت. كەپێمان وایە، لەهەرێمدا ئەو دەستەڵاتە بوونی نی یە، قورسە جێ بەجێ بكرێت، چونكە ئەوەتا بڕیارەكانی حكومەت لەهەندێ ناوچە ودەڤەر پەیرەو دەكرێت و لەهەندێ شارو ناوچە هەر بایەخی نی یە.

هەروەها، دیدگا پێویستە سیفەتی نەرمی نواندنی تەواوی هەبێت، بەهۆی خێرایی گۆڕانكاری و ڕووداوەكان و پێشهاتەكانەوە.
لەلایەكی ترەوە، ئەم دیدگایە، پێویستە گشتگیر بێت و جیاوازی نەكرێت لەنێوان شاروشارۆچكەو وەزارەتەكاندا، لەفشاری سیاسی بەدوور بێت.
گرنگترین پایە لەدانانی دیدگادا، دیاریكردنی ئامانجەكانە، دەستنیشانی ئامانجی سەرەكی بنەمای دیدگایە. هەروەها گفتوگۆی زیاترو كاتی زۆری بۆ تەرخانبكرێت و هەموو ڕووەكانی ڕەشنووسی دیدگاكە، شەن وكەوی پسپۆرانەی بۆ بكرێت، كەلەگەڵ واقیعدا یەكبگرێتەوە.
سەرەتای دانانی دیدگا، پێویستە كێشەوقەیرانە ناوخۆیی و دەرەكییەكان دەستنیشان بكرێن و هەموو ئەو ئاستەنگانە لەبەرچاوبگیرێن كەدەبنە لەمپەروبەربەست لەجێ بەجێكردنی پلانەكانی دیدگاكەدا، پێمان وایە ئاستەنگی سیاسی ناوخۆیی و هەندێجار ئیقلیمی گەورەترینیانە، هەمیشەو هەردەم كاریگەر دەبێت.
هەروەها، ئاستەنگە ئابوری و كۆمەڵــایەتییەكانی هەرێم، كەبەداخەوە لەئێستادا حكومەت و كۆمەڵگا، بەقورسترین قەیرانی دارایی و ئابوریدا گوزەر دەكات، حكومەت لەدابینكردنی مووچەدا هێشتا توانای دارایی نی یە وپرۆژەخزمەتگوزارییەكانی زۆرێك لەوەزارەتەكان تەواونەكراون، لەسەرووی ئەمانەیشەوە، زیاتر لە شەش ساڵە، حكومەتی هەرێم یاسای بودجەی ساڵانەی نەبووە، پێدەچێت ساڵی دارایی(2021) بەبێ بودجە تێبپەڕێنێت.
لەلایەكی ترەوە، ڕێژەی بێكاری و نەبوونی هەلیكار، یەكێكی ترە لەئاستەنگەگەورەكانی بەردەم حكومەت و ڕۆژ لەدوای رۆژ قەبارەكە گەورەتر دەبێت، ڕێژەی بێكاری لەچینی گەنجانی خاوەنبڕوانامەدا، قەبارەكەی چەند هێندەكردووە!
بابەتی گەندەڵــی ئیداری و دارایی و سیاسی لەهەرێمدا، دەردە بێ چارەسەرە بەردەوامەكەی بەردەم هەوڵەكانە، كەپێمان وایە، چارەسەری گەندەڵی لەهەرێمدا، ئەستەمە!
لاوازی كەرتی تایبەت، بەهۆی نەمانی متمانە لەنێوان حكومەت وكەرتی تایبەتدا، بەشێوەیەك چالاكی خاوەنكارو كۆمپانیاكان، تاڕادەی كەمبونەوە هەنگاوی ناوە.
وابەستەی ئابوری ودارایی هەرێم، بەبەغداوە و ناسەربەخۆیی دارایی، یەكێكی ترە لەبەربەستە گەورەكان، هەروەها پشت بەستنی هەرێم، بەفرۆشتنی نەوت، وەك تاكە سەرچاوەی داهات، بەربەستێكە دەربازبوون قورسە.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، لاوازی بەرهەمهێنانی ناوخۆ، پشت بەستن بە هاوردەكردن بۆ زۆربەی پێداویستییەكان، گەورەترین خاڵی لاوازی ئابوری هەرێمە.
لەكۆتایـــــدا، هەر هەوڵێك هەبێت بۆ پلان و دیدگای ئایندە، دەبێت بۆ بەرژەوەندی گشتی و لەپێناو تاكەكانی كۆمەڵگادا بێت، ئامانجی سەرەكی و كۆتایی هاوڵاتی وخزمەتكردنی هاونیشتیمانیان بێت، بەبێ جـــــیاوازی...

*ئابووریناس

هه‌واڵی گرنگ