لەسەر یاریگای گازپرۆم ئەرینا لە یارییەكانی كۆمەڵەی دووەمی جامی نەتەوەكانی ئەوروپا هەڵبژاردەی بەلجیكا بەرامبەر بە هەڵبژاردەی ڕوسیا یاری دەكات.
هەڵبژاردەی بەلجیكا یەكەمی پۆڵینی جیهانیە ئەم هەڵبژاردەیە یەكێكە لە تیپە ركابەرەكان بۆ بەدەست هێنانی نازناوەكە.
بەلجیكا لەلایەن راهێنەری ئیسپانی رۆبەرتۆ مارتینز مەشقی پێ دەدرێتەوەو ئەم راهێنەرە ماوەیەكی زۆرە لەگەڵ ئەم تیپە كار دەكات و زانیاری تەواوی لەسەر تیپەكە هەیە.
ئەم تیپە خاوەن چەندین ئەستێرەیە لەوانەش تیبۆ كۆرتواو و تۆماس مونیر و تۆماس كاستانتی و تۆبی ئەلدەرفیلد و یان فیرتۆنخین و ئەكسیل فیتسل و دینس برایت و یۆری تیلیمانس و كیڤن دی بروین و ئیدین هازارد و رۆمیلۆ لۆكاكۆ و سۆرگان هازارد.
بەشداری ئەمجارەی بەشداری پێنجەمە لە یارییەكانی یۆرۆ، باشترین ئەنجامی بەدەست هێنانی پلەی دووەم بووە لەساڵی 1980 لەیاری كۆتایی بە ئەڵمانیا دۆراوە، لە یۆرۆی رابردووش لە قۆناغی هەشتەم لەبەرامبەر وێڵز ماڵئاوایی كرد.
ئەم تیپە چاوی لەوەیە لە پاڵەوانێتی ئەمجارە ركابەری بردنەوەی نازناوەكە بكات و یەكەم یاریشی زۆر زەحمەتە چونكە بەرامبەر بە یەكێك لە میواندارانی جامەكە یاری دەكات، لەم یارییەشدا رەنگە كیڤن دی بروین بەهۆی پێكانەوە بەشداری نەكات.
وەك ئامادەكاری بۆ كۆتاییەكان دوو یاری دۆستانەی ئەنجامدا، لەیارییەك لەگەڵ یۆنان بەرامبەر بووە، لەیاری دووەمیش بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر لە كرواتیای بردەوە.
هەڵبژاردەی روسیاش بەشێوەیەكی باش ئامادەكاری كردووەو دەیەوێت ركابەری بكات لەسەر گەیشتن بە قۆناغی دووەم، روسیا لەلایەن راهێنەر چیرچۆف ستانیسلاف مەشقی پێ دەدرێتەوەو ئامانجی تیپەكەش ئەوەیە بگاتە قۆناغی دووەم و لە دوو پاڵەوانێتی رابردوو لە قۆناغی یەكەم ماڵئاوایی كردووەو ئێستاش لە پۆڵینی جیهانی پلەی 38می گرتوە.
ئەم تیپە خاوەن چەندین یاریزانی بەتوانایە لەوانەش هەریەك لە ئارتیم دزیوبا و ئەلیكساندەر سۆبۆلیف و دینیس چیرچیف و ئەلیكساندەر گۆلۆفین، ئەم یاریزانانە دەتوانن كێشە بۆ تیپەكانی بەرامبەر دروست بكەن.
بەر لە جامەكە روسیا دوو یاری دۆستانەی ئەنجامدا لەیاری یەكەم بە گۆڵێك بۆ هەرلایەكیان لەگەڵ پۆڵەندا بەرامبەر بوون و لەیاری دووەمیش بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر لەبلگاریای بردەوە.
لە پێشتردا روسیا پێنج جار بەشداری لەكۆتاییەكان كردووەو بەشداری ئەمجارەی بەشداری شەشەمینە باشترین ئەنجامی بەدەست گەیشتن بووە بەیاری پێش كۆتایی یۆرۆی 2008 لەیاری پێش كۆتایی بە ئیسپانیا دۆراوە.
ئەم دوو هەڵبژاردەیە لە پاڵاوتنەكانی یۆرۆ لەیەك كۆمەڵە بەیەكەوە یارییان دەكرد، لەهەردوو یاری چوون وهاتن بەئەنجامەكانی 3-1 و 4-1 گۆڵ بەلجیكا براوە بووە.