وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی حكومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت: بڕیارە مانگی داهاتو شاندی عێراق و توركیا كۆببنەوە و لەبارەی پرسی ئاوی پەیوەست بە هەردولا گفتوگۆ دەكەن.
مەهدی رەشید حەمەدانی، وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی حكومەتی فیدڕاڵ رایگەیاند: كۆبونەوەیەك لە 21ـی مانگی داهاتو ئەنجام دەدرێت لەبارەی گفتوگۆكردن لەسەر ئاوی دیجلە و فورات و بەردانەوەی ئاو، هەروەها یەكێك لە تەوەرەكان كاراكردنەوەی پرۆتۆكۆڵەكانی هاریكارییە لە بواری ئاو.
6ی ئەم مانگە، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لەمیانی وتارێكدا لە رۆژی ژنگەدا بەناونیشانی "لەرۆژی جیهانیی ژینگەدا؛ بوژانەوەی مێزوپۆتۆمیا بۆ ژینگە و ژیانێكی باشتر" رایگەیاند، بونیادنانی بەنداو لەسەر چەم وسەرچاوەكانی هەردو ڕوباری مێژویی دیجلە و فورات كەسەرچاوەی ژیانی وڵاتن، هەڵقوڵانی ئاویان كەمكردوەتەوە و بوەتە هۆی هەڵكشانی زمانە ئاوی سوێر بەرەو شەتولعەرەب.
سەرۆك بەرهەم باسی لەوەشكردوە، "بونیاتنانی ئەم بەنداوانە، بونەتە هۆی كەمبونەوەیەكی بەرچاوی ئاو كە هەڕەشەیە لەسەر بەرهەمی كشتوكاڵیمان و تەنانەت لەسەر ئاوی خواردنەوەش لە شارو لادێكاندا. بەگوێرەی وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراقیش تاساڵی 2035، ساڵانە 10.8 ملیار مەتر سێجا ئاو لە دەست دەدات".
هاوكات هۆشداریش دەدات لەوەی، "كاریگەرییە مرۆییە مەزەندەكراوەكانی گۆڕانكاری كەشوهەوا زۆر گەورەن، حەوت ملیۆن هاوڵاتی عێراق زیانمەندبون و بەهۆی وشكەساڵییەوە جێلەق بون، لەگەڵ بەرزتربونەوەی ڕێژەی زیادبونی دانیشتوانیشدا لە عێراقدا، داتاكان پێمان دەڵێن ژمارەی دانیشتوانی وڵات، لە 38 ملیۆنەوە ئەمڕۆ، ساڵی 2050 دەگاتە 80 ملیۆن، ئەوەش بەبێ دۆزینەوەی چارەسەرێك، مەترسییە ئابوری و كۆمەڵایەكانی گۆڕانی كەش و هەوا، زیاتر دەكات".