وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایدهگهینێت، ژمارەی ئاوارەكان لە عێراق و ھەرێمی كوردستان لە 750 ھەزار خێزانەوە کەمبوەتەوە بۆ 37 ھەزار خێزان.
ئهمرۆ یهك شهممه 13 ی حوزهیرانی 2021 کەریم نوری، بریکاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگهیاند، بەپێی دوایین ئامار، كۆی ئاوارەکان ژمارەیان 37 هەزار خێزانه، لەوانە 30 هەزار یان لەکەمپەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن و ئەوانهی دیكەش لە کەمپەکانی فەلوجە و ئەنبار و نەینەوان.
بریکارهكهی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد، ژمارەی خێزانە ئاوارەکان لە دوای ساڵی 2014ـهوە 750 هەزار خێزان بوە، ئێستا ئهو ژمارهیه کەمبوەتەوە بۆ 37 هەزار خێزان، لەم چەند مانگەی دواییشدا چەندین خێزان گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان و زیاتر لە 50 کەمپیش داخراون.
کەریم نوری ئهوهشی خستهروو، 26 کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان ماون، 16 کەمپ لە دهۆكه، 6 كهمپ لە هەولێره و 4 کەمپیش لە سلێمانی خێزانە ئاوارەکانی عێراقی تێدا ماوە.