ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی ترلیۆنێك و 200 ملیار دینار وەك پشكی شەش مانگی رابردووی هەرێم بنێرێت، لەگەڵ ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە. بڕیاری ناردنی پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق لەلایەن (موستەفا كازمی) سەرۆك وەزیرانەوە خراوەتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران و دەنگی پێویستی بەدەستهێناوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوكراوەتەوە، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا كازمی بڕیاری ناردنی پشكی هەرێمی خستۆتەڕوو، داوایكردووە بە دەنگدان یەكلایی بكرێتەوە.
كازمی لە كۆبوونەوەكەدا بە وەزیرەكانی وتووە ڕەنگە گفتوگۆكان لەنێوان لێژنە هونەرییەكانی هەرێم و بەغدا كاتێكی زۆرتر بخایەنن، با بڕیاری ناردنی گوژمەی یەكەم كە بڕی ترلیۆنێك و 200 ملیۆن دینارە بدرێت تا ئەو كاتەی گفتوگۆكان دەگەنە ئەنجام، لەگەڵ ناردنی بڕی 200 ملیار دیناری مانگانە.
بڕیارەكە دەنگی پێویستی هێناوە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
تائێستا حكومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی كە لایەنی پەیوەندیدارە بەفەرمی بڕیارەكەیان ڕانەگەیاندووە، بەڵام مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم جەختی لە بڕیارەكە كردەوە.