بهمهبهستی لابردنی فیزای نێوان عێراق و ئێران، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا روونكردنهوه دهدات و دهڵێت: لابردنی ڤیزای نێوان هەردوو وڵات، تەنها بۆ سەردانی چلەی شیعەکان نییە و، چاوەڕێی ڕەزامەندی لایەنی عێراقی دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە.
ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا بە ئاژانسی "ئیرنا"ی وڵاتەکەی راگهیاندووه، سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی ڤیزای نێوان هەردوو وڵات، لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بهردهوامین لە دانوستان.
باڵیۆزی ئێران لە بەغدا وتیشی: بۆ ئهم مهبهسته، لیژنەیەکی هاوبەش پێکهێنراوەو، چەند کۆبوونەوە و گفتوگۆیەک کراوەو گەیشتوونەتە ڕێکەوتنی هاوبەش و لە ئێستادا ڕێکەوتنەکە لە نوسینەوەدایە، دوای ئەوەی لەلایەن هەردولاوە واژووکرا ڕادەگەیەندرێت.
لە بەشێکی دیكهی لێدوانهكهیدا بالیۆزهكهی ئێران جەختی لەوەکردۆتەوە، ئێستا کاتی ئەوەیە کە ڕێکەوتن لەسەر هەڵوەشانەوەی ڤیزا بکرێت و، تەنها بۆ سەردانی چلە نەبێت، بەڵکو بڕیارێکی گشتگیر و بەردەوام دەبێت و، بۆ ئهم مهبهستهش یاداشتنامەمان بۆ حکومەتی عێراقی ناردووە و، چاوەڕێکی ڕەزامەندی و واژووکردن لەسەری دەکەین.