بایدن : كۆبوونەوەكەم لەگەڵ پۆتین ئەرێنی بوو
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

بایدن : كۆبوونەوەكەم لەگەڵ پۆتین ئەرێنی بوو

 

 

(جۆو بایدن) سەرۆكی ئەمریكا لە پاش كۆبوونەوەكەی لەگەڵ (ڤلادیمێر پۆتین) ی سەرۆكی ڕووسیا لە كۆنفراسێكی ڕۆژنامەوانیدا هۆشداری بە هاوتا ڕووسییەكەی (ڤلادیمێر پۆتین) دا لەوەی ئەگەر (ئالێكسی ناڤالی) كەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی ڕووسی لە زیندان گیان لەدەستبدات ئەوا مۆسكۆ ڕووبەڕووی ئاكامی خراپ دەبێتەوە.

بایدن وتی، ئەو بەراوردەی مۆسكۆ كە دەیكات لە نێوان ئۆپۆزسیۆنی ڕووسی لەگەڵ ئەوانەی كە هێرشیان كردە سەر بینای كۆنگرێسی ئەمریكا بە بەراوردێكی بێمانا وەسف كرد.

بەڵام وتیشی ئەو كۆبوونەوەیەی كە نزیكەی 4 كاتژمێری خایاند كۆبوونەوەیەكی ئەرێنی بوو، هۆكاری كەمتربوونی كاتی كۆبوونەوەكە لەو كاتەی كە چاوەڕوان دەكرا بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە لە سەر مێزی وتووێژ ڕاستەوخۆ قسەیان كردووەو وتی: بۆ ماوەی زیاتر لە دوو كاتژمێر بە تێرو تەسەلی قسەمان كردووەو پێویستی بە كاتی زیاتر نەكردووە.

بایدن پێشی وابوو پۆتین ترسی لەوە هەبێت كە ئەمریكا هەوڵی لابردنی لەسەر دەسەڵات بدات، بەڵام وتیشی : لە بەرژەوەندی هیچ كەسێكدا نییە ئەمریكاو ڕووسیا بكەونە شەڕی ساردەوەو لەو بڕوایەدام پۆتینیش نایەوێت بكەوینە شەڕی ساردەوە.

لە كۆبوونەوەكەی كە لە جنێفی سویسرا بەڕێوەچوو بایدن دووپاتی كردەوە كە واشنتۆن هەمان كاردانەوەی بەرامبەر هەر كردەوەیەك دەبێت كە زیان بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا یان بگەیەندرێتە هاوبەشەكانی.

بایدن جەختی لە گرنگی ئەوەش كردەوە كە ئێران نابێت ببێتە خاوەن چەكی ناوكی، ئەوەشی ڕوونكردەوە كە سەرۆكی ڕووسیا پێشنیازی یارمەتیدانی كردووە لە بابەتەكانی پەیوەست بە ئێران و ئەفغانستان.

جگە لە ئێران بایدن ئاماژەی بەوەشكرد باسیان لە قەیرانی سوریاش كردووەو بە پۆتینی وتووە گرنگە دەروازەیەك بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەكان لە سوریا بكرێتەوە.

 

هه‌واڵی گرنگ