با له‌ كۆچی ئازيزانمان ده‌رس وه‌ربگرین
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

با له‌ كۆچی ئازيزانمان ده‌رس وه‌ربگرین

هه‌ر ڕۆژه‌ وخزم و دۆست و عه‌زیزێكمان یا زیاتر ئه‌م دنیای فانیه‌ به‌جێ ده‌هێڵن و ئۆغر ده‌كه‌ن بۆ ده‌ره‌وه‌, ده‌ره‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌رێم نا, به‌ڵكو ده‌ره‌وه‌ی دنیا بۆ ناو سكی زه‌وی دایك كه‌لێی دروست كراوین تا ببینه‌وه‌ به‌ گڵ, به‌ڵام سڕێكی نه‌مر له‌ مرۆڤدا هه‌یه‌ به‌ مردنیش نامرێت, كه‌ ئه‌ویش ڕۆحه‌ و ئه‌مری خوایه‌(قل الروح من امری ربی وما اتیتم من العلم الا قلیلا), ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ یه‌كه‌م چركه‌ی له‌دایك بونه‌وه‌ خزمه‌تی ده‌كه‌ین(بیچم و بۆدی یه)‌ كه‌مانه‌ له‌ مڵچه‌ مڵچی ژه‌ك و شیر خواردنه‌وه‌ هه‌تا قه‌ل و قۆزی و ساوه‌ر و دۆینه‌ هه‌مووی خزمه‌تی قه‌فه‌زه‌كه‌ ده‌كات نه‌ك باڵنده‌كه‌, چونكه‌ مرۆڤ به‌ ته‌ن و گیانه‌كه‌ی وه‌ك باڵنده‌یه‌ك وایه‌ له‌ قه‌فه‌زێكدا قه‌فه‌زه‌كه‌ بۆ پاراستنی باڵنده‌كه‌ دروست كراوه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك, به‌ڵام سه‌یر ده‌كه‌یت زۆربه‌ی خه‌ڵك باڵنده‌كه‌یان له‌ بیر ده‌چێت و شه‌و و ڕۆژ خه‌ریكی ڕازاندنه‌وه‌ی قه‌فه‌زه‌كه‌ن و باڵنده‌كه‌ش زمانه‌ بڵێسه‌یه‌تی له‌ برسانا و له‌ تینواندا و له‌ گه‌رمانا و له‌ سه‌رمانا, به‌خته‌وه‌ری ڕاسته‌قینه‌ له‌ ڕۆحدایه‌ نه‌ك له‌ گۆشت و ئێسك دا, خوا ده‌یه‌وێت خزمه‌تی لاشه‌كه‌شمان بكه‌ین و خزمه‌تی ڕۆحه‌كه‌شمان بكه‌ین, به‌ڵام گه‌وهه‌ر ودوڕی گران به‌ها له‌ ئێمه‌دا ئه‌و شته‌یه‌ هیچ سۆنه‌ر و سیدسكان و لێزه‌ر و فه‌حصێك نای بینێ و په‌ی پێ نابا, مرۆڤێك له‌به‌رده‌متایه‌ قسه‌ ده‌كات پێ ده‌كه‌نێت ده‌گری تووڕه‌ ده‌بێت خه‌ڵات ده‌كات نوێژ ده‌كات دزی ده‌كات و عاره‌ق ده‌خواته‌وه‌, مه‌زڵومه‌ و لێی ده‌درێت یا زاڵمه‌ و قامچی و شه‌ق ده‌وشێنێ له‌پڕ قیژه‌ و هاوار په‌یدا ده‌بێت , ئه‌وه‌چی بوو؟ وه‌الله فلانه‌ كه‌س مرد, چۆن مرد؟ خۆ ئێستا به‌یه‌كه‌وه‌بوین؟ وه‌الله ئیتر مرد, خۆزگه‌ ته‌نها مردن بوایه‌ و به‌س, به‌ڵام موصیبه‌ت له‌ دوای مردنه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات, پرسیار و وه‌ڵامی یه‌كه‌م وێستگه‌ و سه‌یته‌ره‌ كه‌ قه‌بره‌, پاشان لێدانه‌وی شریتی ته‌مه‌ن به‌ هه‌موویه‌وه‌, ورد و درشت خۆش و ناخۆش,كێشانی كردار و گوفتاره‌كان له‌ مسقاڵه‌ زه‌ڕه‌وه‌ هه‌تا تڕێله‌ و ڤێلا و كۆشكی هه‌وربڕ, له‌ كه‌رێك و گوریسێكه‌وه‌ تا سه‌یاره‌ و كۆمپانیا و ده‌فته‌ ر و بلۆكه‌ دۆلار,هه‌مووی ئاماده‌یه‌ (كل صغیر وكبیر مستطر), جا عه‌زیزانم خوشكه‌ به‌ڕێزه‌كان و برا خۆشه‌ویسته‌كان نازانم حسابێكتان بۆ ئه‌و كاته‌ كردووه‌ جله‌كانت له‌به‌ دا ده‌دڕن و له‌سه‌ ته‌خته‌ شۆر ڕات ده‌كێشن به‌ دۆشه‌ك و سه‌رین, بیرت كردوه‌ته‌وه‌ بزانی به‌ كه‌ڵكی مردن و ئه‌و سه‌فه‌ره‌ ترسناكه‌ دێیت؟ هه‌قی خوات جێ به‌ جێ كردووه‌؟ مافی خه‌ڵك و خۆتت داوه‌؟ به‌رائه‌ زیمه‌ت ئاماده‌كردووه‌, حسابت بۆ سه‌ر پێچی كامێرای مه‌لائیكه‌ته‌كان كردووه‌, كه‌یفی خۆته‌ كێ ئه‌زانێ ئه‌مجاره‌ سه‌ره‌ی منه‌ یا سه‌ره‌ی تۆیه‌؟
تكایه‌ بیرێكی عاقڵانه‌ له‌م بابه‌ته‌ بكه‌ره‌وه‌, تكایه‌ وازبهێنه‌ له‌ خۆ خه‌ڵه‌تاندن و خه‌ڵك فریودان, بۆ خۆت بگری له‌ به‌رده‌م خوادا, به‌سه‌ ئه‌م هه‌موودرۆ و ده‌له‌سه‌ و قۆڵ بڕین و بژی بژی یه‌, (فهل من مدكر)
 

هه‌واڵی گرنگ