رۆڵى كوالیتی كۆنترۆڵ له‌ پاراستنی (ئاسایشی) خۆراك له‌ كوردستان
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

رۆڵى كوالیتی كۆنترۆڵ له‌ پاراستنی (ئاسایشی) خۆراك له‌ كوردستان

له‌ زۆربه‌ی وولاتانی جیهان ده‌زگایه‌ك و لایه‌نیك یان كۆمپانیایه‌كی باوه‌ڕپێكراو هه‌یه‌، كه‌ له‌ ژێر چاودێری ده‌وڵه‌ت پشكنین و كۆنترۆڵی خۆراكی به‌رهه‌م هاتو و هاورده‌كراو ده‌كات به‌ر له‌وه‌ی ئه‌م خۆراكه‌ بگاته‌ بازاره‌كان و ده‌ستی به‌كار به‌ر واتا هاووڵاتی دڵنیا ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌م خۆراكه‌ی له‌به‌ر ده‌ستیدایه‌ و ده‌یخوات پشكنینی بۆ كراوه‌ و ده‌رچووه‌ له‌ تاقیگه‌كان و سه‌لامه‌ته‌ بۆ خواردن. ئایا له‌ كوردستانیش وایه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ و فلته‌ر و ستانده‌راتی جیهانی داده‌ڕوات؟ ئایا ئێمه‌ش ده‌زگایه‌كی كوالیتی كۆنترۆلی وامان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ پشكنینانه‌ بكات؟

به‌رێزان خۆش به‌ختانه‌ چوارده‌ سال له‌مه‌و به‌ر له‌ به‌رواری (1-5-2007) ده‌زگای كوالیتی كۆنترۆل له‌ هه‌رێمی كوردستان دامه‌زرا له‌سه‌ر ده‌ستی به‌رێز (د.موئید عبد الرحمان قۆجی) دوای گه‌رانه‌وه‌ی له‌ وولاتی كه‌نه‌دا وه‌ك پسپوڕێك هه‌ڵسا به‌ دامه‌زراندنی ئه‌م ده‌سته‌یه‌ كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی تێیدا چاودێری كوالیتی كاڵا و به‌روبوومه‌ ناوخۆیی و هاورده‌كراوه‌كان بوو، دوای ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر خه‌رج كردنی بوجه‌یه‌كی چه‌ندان ملیون دۆلاری بۆ دورست كردنی بینایه‌ و دامه‌زراندنی تاقیگه‌ و پیداویستیه‌كانی تر كه‌ ته‌نها له‌ ساڵی (2009) بری پێنج ملیون دۆلار بۆ كرینی ئامێره‌كان خه‌رج كرا كه‌ بۆ پشكنینی خۆراك به‌ باشترین شێوه‌ و به‌ ستانده‌راتی جیهانی بكرێت وه‌ ناردنی ستافی پێویست بۆ ده‌ره‌وه‌ی وولات بۆ به‌ژداری كردن له‌ مه‌شق و خولی فێربوونی به‌كار هێنانی ئامێره‌كان كه‌ ستافی ده‌سته‌كه‌ نزیكه‌ی سه‌د كارمه‌ند ده‌بوون حكومه‌ت دایمه‌زراندن.دواجار خۆش به‌ختانه‌ ده‌ست به‌كار بوون هه‌ڵسان به‌ پشكنینی خۆراكی هاورده‌ كراو له‌ خاله‌ سنورییه‌كان دوای ده‌رچوونی ئه‌نجامی پشكنین و هێنانه‌ ژووره‌وه‌ی ئه‌م خۆراكانه‌ی كه‌وا شیاون و ته‌ندورستن به‌گوێره‌ی مواسفاتی رێگه‌ پێدراو (شایه‌نی باسه‌ كه‌ پێشووتر پشكنینی خۆراك وه‌زاره‌تی ته‌ندورستی خۆی ئه‌نجامی ئه‌دا و سه‌ر به‌ لێژنه‌كانی ئه‌وان بوو) دوای به‌رده‌وام بوون بۆ چه‌ند سالێك ئه‌م ده‌زگایه‌ كارێكی یه‌كجار باشیان ئه‌نجام دا، رێگریه‌كی چاكیان له‌ هێنانی خۆراكی خراپ و ماوه‌ به‌سه‌رچوو گرت و ئه‌یان گه‌رانده‌وه‌ و بگره‌ هه‌لسان به‌ له‌ناو بردنی هه‌زاران تۆنی ئه‌م خۆراكه‌ به‌سه‌رچووانه‌!

به‌لام دواتر چی روویدا؟!

به‌ داخه‌وه‌ زۆرێك له‌ هاورده‌كه‌رانی كۆمپانیاكانی خۆراك له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌سانی به‌رپرس و ده‌ست رۆیشتووی سه‌ربه‌ هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌لات له‌پشته‌وه‌ن كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رازینین هیچێك له‌م خۆراكانه‌ بگه‌رێندرێنه‌وه‌ و باره‌كانیان داخیل نه‌بیت جا به‌هه‌ر بیانویه‌ك بێت ته‌نانه‌ت له‌ پشكنینیش ده‌رنه‌چێت (رێزم بۆ بازرگانی دلسۆز و ویژدان پاك). چه‌ندین جار ئاگا دار بووم هه‌ولی دانی به‌رتیل و ره‌شوه‌یان ده‌دا به‌ داخیل كردن و گۆرینی ئه‌نجامی پشكنین! خوش به‌ختانه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون ته‌نانه‌ت دوا هه‌وڵیان ئه‌نجامدانی هه‌ڕه‌شه‌ بوو گه‌ر باره‌كان داخیل نه‌كرێن! به‌لام بێ سوود بوو. دوای بێ ئومێد بوون هه‌ڵسان به‌ هه‌وڵدان بۆ گه‌راندنه‌وه‌ی پشكنینی خۆراك بۆ سه‌ر وه‌زاڕه‌تی ته‌ندورستی و ده‌رهێنانی له‌ ژێر ده‌ستی كوالیتی كۆنترۆل كه‌ دوای چه‌ندین جار پلانه‌كانیان سه‌ری گرت و به‌ بریارێكی وه‌زاره‌تی پلاندانان پشكنینی خۆراك گه‌رێندرایه‌وه‌ سه‌ور وه‌زاره‌تی ته‌ندورستی (خۆی به‌گوێره‌ی ده‌ستور ده‌بێت سێ ده‌سته‌ سه‌ر به‌ خۆبێت كه‌ ئه‌مانیش ده‌سته‌كانی نه‌زاهه‌ و هه‌لبژاردن و ده‌سته‌ی كوالیتی كۆنترۆل نابێت سه‌ر به‌ هیچ وه‌زاره‌تێك بن) وه‌ هێنانی چه‌ند كومپانیایه‌ك یه‌كێك له‌مانه‌ كۆمپانیای نیو ستانده‌ر له‌ مه‌رزی ابراهیم خلیل پارێزگای دهۆك دووانی تر له‌ سلیمانین و بۆ پشكنین و پێدانی شه‌هاده‌ی ده‌رچوون و داخیل كردنی خۆراك! خۆی پێویستی به‌م كۆمپانییایه‌ نه‌ ئه‌كرد چونكه‌ ده‌زگای كوالیتی كۆنترۆل توانای پشكنینی هه‌موو جۆره‌ خۆراكیكی هه‌یه‌ به‌م ئامێره‌ گران به‌ها و پێشكه‌وتوانه‌ی و ستافی لێهاتوی كه‌ هه‌یه‌تی به‌لام ئه‌م كاره‌ له‌به‌ر ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌لات و كه‌سی گه‌نده‌ل كرا! من وه‌ك پسپۆرێك و به‌گوێره‌ی زانیاری و به‌دواداچونه‌كانم له‌ سالی (2014) وه‌ هیچ پشكنینی خۆراك له‌م ده‌زگایه‌ ناكرێت ! كاری ئیستای كوالیتی كۆنترۆل ته‌نها پشكنینی مه‌وادی پاكه‌ره‌وه‌ و مه‌وادی كاره‌بایی و كه‌رسته‌ی بیناسازی و كه‌لوپه‌لی په‌راوگه‌ و چه‌ندین شتی تر جگه‌ له‌ خۆراك كه‌ ئه‌مه‌ش گرنگترینه‌ و په‌یوه‌ندیه‌كی راسته‌وخۆی به‌ ته‌ندورستی هاولاتیانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م هه‌موو ئامێره‌ پێشكه‌وتووه‌ كڕاون به‌
چه‌ندین ملیۆن دۆلار ئێستا له‌تاقیگه‌كان تۆزی له‌سه‌ر نیشتووه‌ و به‌كار نایه‌ت بۆ پشكنینی خۆراك.

له‌كۆتاییدا ئه‌مه‌وێت بلێم گه‌ر چاوێك به‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمدا بخشێنین ئه‌بینین جۆره‌ها خۆراكی خراپ و بێ كوالیتی و ماوه‌به‌سه‌رچوو هه‌ن و هاووڵاتیان به‌كاری ده‌هێنن كه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌رییه‌كی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ته‌ندورستی هاووڵاتیان دورست كردووه‌! ئاماره‌كان نیشانمان ئه‌ده‌ن رۆژ به‌ رۆژ رێژه‌ی نه‌خۆشیه‌كان به‌ گشتی له‌ كوردستان ڕوو له‌ هه‌ڵكشانه‌ به‌ تایبه‌تی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ به‌ نموونه‌ كه‌ ته‌نها له‌ سه‌ره‌تای پێنج مانگی ئه‌مساڵ 2021 ژماره‌ی 1517 كه‌س توشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ بوون له‌ نه‌خۆشخانه‌ی هیوا له‌ شاری سلیمانی كه‌ 80% خه‌لكی شاری سلێمانین وه‌ 76 له‌مانه‌ منداڵن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی تری هه‌ولێر و دهۆك و نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كان و ئه‌مانه‌ی كه‌ تۆمار نه‌كراون گه‌ر هه‌ژمار بكرێت بێگومان رێژه‌كه‌ زۆر زیاتره‌ له‌وه‌ی پێشبینی ده‌كرێت. وه‌ پشكێكی زۆری ئه‌م نه‌خۆشیانه‌ هۆكاره‌كه‌ی بۆ هه‌بوونی ئه‌م خۆراكه‌ خه‌راب و بێ كوالیتییانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌نجامی نه‌بوونی ده‌زگایه‌كی كوالیتی كۆنترۆلی سه‌ربه‌خۆی نیشتمانی بۆ پشكنین و تێست و رێگری كردن له‌م خۆراكه‌ خرابانه‌!.

هه‌واڵی گرنگ