دڵ دەبێ بەئاگا بێ لەوەی زار دەیڵێ
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

دڵ دەبێ بەئاگا بێ لەوەی زار دەیڵێ

 پەیوەندیگرتن بە خاوەنی جیھانیان (اللە)و، یادکردن و یادگیری کردنی، گەورەترین دەسکەت و سەرمایەیە بۆ مرۆڤی باوەڕدار، لە ژیانیدا، من و تۆی (مؤمن)، گەر نێوانمان لەگەڵ (خاوەن)دا، ئاوەدان بێت، ئیدی لە چی؟ و چەند؟ مان کەم و کەسەرە. بەڵام بۆئەوەی ئەو (پێوەر) و (پێودانگ)ی (پەیوەندی و یادکردن و یادگیری)ـەی ئێمە بە خاوەنمان (اللە)، ڕاست و ڕەوان بێت و، لە ئاستی مەزنی و شایستەیی ئەودا بێت، ئەوا پێویستە لە سەرچاوەی زوڵاڵی قورئانی پڕخێرو فەڕەوە، ئەو (پەیوەندی و یادکردن و یادگیری)یەی نێوانمان، پێوانە و کێشانە بکەین، تاکو درووست مەسارو ڕێڕەوی خۆی بگرێت.

جا قورئانی پیرۆز، بۆ خستنەڕووی دیوی ڕۆشنی ئەم پەیوەندیەی نێوان بەندەی باوەڕدارو خاوەنی (اللە)، دوو وێژەی (الخیفة) و (الخفیة)ی ھەڵبژاردووە، وە پێی نەخشاندووە. وە گرنگەو ئەرکە وەک ئاوەزداری باوەڕدار، خۆمان پێیان بەراورد بکەین، تاوەکو ئاسان بتوانین (پەیوەندی و یادکردن و یادگیری) مان لەگەڵ خاوەنمان (اللە)، بگەیەنینە ترۆپکی لوتکە.

وشەی (الخفیة: لە (الخفاء)، واتە بە پەنھانی و بە نھێنی، شتێک لە بەرانبەرێ بخوازی، یان پەیوەندی بگری و ببەستی و ئەوەی لە ناخ و دڵت دایە بۆی ھەڵڕێژی و بەوردی باسی بکەی، کە پێی دەوترێت (ڕازو نیاز)کردن. وەک ئەو خوازەی پێغەمبەر زەکەریا (د.خ)، کە لە موناجاتێکی نھێنی و پەنامەکی دا، لەگەڵ خاوەنی (اللە)، فەرمووی: (إِذْ نَادَىٰ رَبَّهُ نِدَاءً خَفِيًّا/ مريم: ٣).

تیایدا ئاماژەی دا بە لاوازبوونی ئیسک و سپی بوونی سەرو ڕیشی لەبەر پیری، لە حاڵێکدا کە ھەم خێزانی نەزۆکەو منداڵی نابێت، وە ھەم لەنێو کەس و قەومەکەیشیدا جێگرەوەیەک بۆ ھەڵگرتن و گەیاندنی پەیامی خۆشبەختی خوایی، بۆ مرۆڤەکان، شک نابات، ھەربۆیە بە ئومێدەوە داوای منداڵی چاکی لێکردو وەڵامی ئەرێنی وەرگرتەوە.بەڵام وشەی (الخیفة) لە (الخوف)ـە، یانی ترس و بیم، واتە ترسان لەوەی نەوەک ئەو پەیام و خوازەی ھەتە وەک خۆی نەتوانی بیگەیەنی و درووست نەیخەیتە ڕوو .

دەسا بۆ تێگەیشتن لەم دوو وێژە واتادارە، سەرنجی تۆی خوێنەر، ڕادەکێشم بۆ دوو ئایەتی قورئانی پڕخێر، یەکەمیان فەرموویەتی: (وَاذْكُر رَّبَّكَ فِي نَفْسِكَ تَضَرُّعاً وَخِيفَةً وَدُونَ الْجَهْرِ مِنَ الْقَوْلِ بِالْغُدُوِّ وَالآصَالِ وَلاَ تَكُن مِّنَ الْغَافِلِينَ/الڕعراف: ٢٠٥). لە دڵ و دەرونت دا یادی خاوەنەکەت بکە، بەڵام دەبێت بزانی لەگەڵ کێ دایت؟ وەچی دەڵێت و دەخوازیت؟ ئامان نەکەی بەزار یادی خوا بکەیت یان خوازێکت لێی ھەبێت، بەڵام دڵ بێئاگاو لەجێی تر بێت!! وە (تَضَرُّعاً)، دەبێت لە ناخەوە ھەڵقوڵێ، ئەمەش ئەودەمە بەرجەستە دەبێت کەوا بەندە ھەست بە نیازمەندی خۆی و بێنیازی خاوەنی (اللە) بکات، ھەروەھا (وَخِیفَەً)، بە ئاگایی و بێداری و وریایی و ئارامییەوە ئەنجام بدرێت، تاوەکو درووست پەیام و خواز و خواستی خۆی بگەیەنێت.

وە ئەرکە بزانێت چی دەڵێت و چۆنی عەرز دەکات، بەبێ دەنگە دەنگ و ھاتوھاوار (وَدُونَ الْجَهْرِ)، وە بێگومان ھەڵبژاردنی کاتی گونجاویش مەرجە: (بِالْغُدُوِّ وَالآصَالِ)، لە بەیانیان و دەمەو ئێواران دا. دووەمیان فەرموویەتی: (ادْعُواْ رَبَّكُمْ تَضَرُّعاً وَخُفْيَةً إِنَّهُ لاَ يُحِبُّ الْمُعْتَدِينَ/ الأعراف:٥٥)، ھانا بردن بۆ خواو ھاوارلێکردن و داواو خواز پێشکەش کردن، پێویستە بەبێ دەنگی و دوور لە ھاتوھاوار بێت، بەڵکو بە ئەسپایی و ئارامی و ئەدەبەوە نمایش بکرێت و بخرێتە ڕوو (وَخُفْێةً)، چونکە لادان لە ڕێگای ڕاست و ڕێوڕەسمی درووست و ئادابی شایستە، لای خواوەند پەسەند نیەو ڕەت دەکرێتەوە، چونکە بەڕاستی خوا ئەوانەی خۆشناوێت کەوا لە سنووری درووستی شتەکان دەردەچن (إِنَّەُ لَا یُحِبُّ الْمُعْتَدِینَ).

کەواتە پەیوەندی و یادکردن و یادگیری لەگەڵ خاوەنمان دا (اللە)، دەبێت ھەم ئەسپایی و پەنھانی و ھێمنیی تیایدا ڕەچاو بکرێت، وەھەم ئاگایی و بێداری و وریایی تیا خەرج بکرێت، تاوەکو خواوەند خوازمان بیبیسێ و لێمانی وەربگرێ و لە وادەی خۆیدا وەڵامی ئەرێنیمان بداتەوە . وە ئاوا دڵ سووکنایی و دەروون ئاسوودەیی پێ دەبەخشرێت.

 

هه‌واڵی گرنگ