چەمکی عەمەلی صالح و پاداشتی لە ڕۆژی عەرەفەدا
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

چەمکی عەمەلی صالح و پاداشتی لە ڕۆژی عەرەفەدا

چەمکی عەمەلی صالح و پاداشتی لە ڕۆژی عەرەفەدا
 
د عمر عبدالعزيز
 
١- (عەمەلی صالح) كە لە فەرموودەکەی باسی ڕۆژی عەرەفەدا هاتووە، جۆرەکانی زۆرن، بە کوردییەکی سادە عەمەلی صالح واتە: کاری چاک و سازندەو بەکەڵک، وەک: صیلەی ڕەحم، هاوکاری هەژار، ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی خێردار، خوێندنەوەی کتێبێک، کارئاسانیی بۆ کەسێک، داشکاندنی نرخ لە لایەن دوکاندارێکەوە، سەعی کردنی قوتابییەک، داهێنانی داهێنانکارێک، پاککردنەی مزگەوتێک یان قوتابخانەیەک، یان نەخۆشخانەیەک، چاککردنەوەی پردێک یان ناتەواویی شوێنێکی گشتیی، ڕێنوێنیی و قسەی هیدایەت بۆ کەسێک، فەرمان بە مەعروفێک، قەدەغەی مونکەرێک، کاری چاکی صنعەتکارێک، کارو کاسپی حەڵاڵی کاسپکارێک، ڕاپەڕاندنی ئەرکێکی ڕەوای سەرشان، نووسین یان ڕەنگڕێژکردنی پرۆژەیەکی بەسوود.. ئەمانەو دەیان شتی تری لەم بابەتە، کە نیەتی تەعەببودیان لەگەڵ بوو، هەموو دەچنە خانەی عەمەلی صالح، بەپێی لێهاتنی کەسەکە.
 
٢- دیارە هەندێک ذكرو ٲوراد بۆ هەندێک کات باس کراون، ئەوانە خصوصیەتی خۆیان هەیەو پاداشتی تایبەتییان هەیە، بەڵام بەگشتیی کە دوو وشەی عەمەلی صالحمان بیست، ئەبێت زیهنمان بۆ هەموو ئەو شتانەو هاوشێوەیان بچێت، نابێ تەسکی بکەینەوە تەنها لەو پەرستشانەدا کە سوودیان بۆ خاوەنیانە.
 
٣- بە گشتیی ٲعمالی صالحة دوو جۆرن: هەندێکیان تەنها پاداشتێکیان بەدواوەیەو بۆ خاوەنیان دەگەڕێتەوە. هەندێکی تریان لەگەڵ پاداشتەکە، سوودیشیان بۆ کەسانی تر تێدایە. دیارە ئەو کارانە لەپێشترن و پاداشتیان دوو بەرامبەرە، کە نەفعی عام و سوودی گشتییان هەیە..
 
٤- جا زانایانی مقاصدی وتوویانە: هەرکەس بەپێی اختصاص و لێهاتنی خۆی، عەمەلی صالح بكات چاکترە، واتە: لەو ڕۆژە پیرۆزانەدا زیادە کارو هەوڵی جیاوازی هەبێت، بۆ نموونە وتوویانە: بۆ دەوڵەمەندێک: خێرکردنێکی بێ ڕیا، پاداشتی زیاترە، تاکو زیکرکردنێک کە بۆ کەسێکی تر ئەوەی لێ نایەت. یان بۆ زانایەک: گەیاندنی زانستەکەی لەپێشترە بۆی، تا نوێژێکی سوننەت، کە بۆ کەسێکی تر گونجاوترە، کە هیچی تری لێ نایەت. یان ئینتاجی صنعەتکارێک لەپێشترە بۆی، تا کارێکی تری سوننەت.. وە هەروەها. بۆیە وتووشیانە: بیرکردنەوەی (عالم)ێک لە یەک سەعاتدا، پاداشتی زیاترە لە عیبادەتی (٧٠) ساڵی (عابد)ێک.
 
٥- ئەم خاڵە یەکێکە لە هۆکارەکانی دواکەوتنی ئوممەتی ئیسلامیی لە پێشکەوتن و داهێنان و گەشەکردن، لە کاتێکدا پێشینان کارە گەورەکانیان لە مانگی ڕەمەزان و ڕۆژانی نۆمینەی حاجییاندا دەکرد، وەک: ڕووداوی بەدر، فەتحی مەککە، ئازادکردنی قودس، ئازادکردنی ئەندەلوس، جەنگی عەین جالوت..هتد، بۆیە هەمیشە لە بەرەوپێشدا بوون. پیاوێکی وەکو صلاح الدین هەموو سوننەتەکانی دەکرد، بەڵام لە مەیدانی ڕووبەڕووبونەوەی دوژمن و بە دەم بیناکردنی خەستەخانەو قوتابخانەو حوکمڕانییەوە، نەک لە کونجی ماڵدا..!!
 
٦- بۆیە ئەمانەمان وت تاکو (عبادەت) و چەمکی (عەمەلی صالح) قەتیس نەکەین لە بازنەی ئەو بەشەدا کە پێی دەگوترێ (شعائر)، چونکە فەرموودەکە دەفەرموێ: (ما من أيام العمل الصالح فيهن أحب إلى الله من هذه الأيام العشر..).. کەواتە باسی هەر کارێکی چک و سوودبەخش و بەرهەمهێنە، نەک جۆرێکی تایبەت.
 
خوا تەوفیقمان بدات بۆ هەموو عەمەلێکی صالح، بەپێی لێهاتن و اختصاصمان.
 
براتان: عمر عبد العزیز

 

هه‌واڵی گرنگ